بەرگێکی جوان و ناوەرۆکێکی وێران

  2020-11-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکمت معروف


لەدوای کۆتایی هاتنی کەرەنتینەکردن، یەکەم چالاکی رۆشنبیریی کە لە سلێمانیدا کرا، بڵاوکردنەوەی کتێب بوو. ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە، بەڵام تێبینیم کردوە، بەشێک لەو کتێبانە بە شێوەیەکی جوان و هونەریی و سەرنجراکێش، بەرگەکانیان دیزاین کراون، کەچی کاتێک تەماشای دیزاینی ناوەرۆکەکانیان دەکەیت، هەرچی هونەر و سەلیقە و جوانی بێت تێیاندا بەکار نەهێنراوە. کتێب وەک هەر کاڵایەکی تر، پێویستە گرنگی بە ڕوکەشەکەی بدرێت و سەرنج بەر بێت بۆ خوێنەر، بەڵام ناکرێت هەموو گرنگی پێدانەکە لە بەرگدا چڕ بکرێتەوە و ئەوەی پێیدەووترێت دیزاینی ناوەرۆک پشتگوێ بخرێت.  

راستە، کڕیار (خوێنەر) یەکەم جار بەرگی کتێبەکە دەبینێت و پاشان چاوی دەچێتەسەر ناوی کتێب و ناوی نووسەرەکەی، چونکە بەرگ بەشێوەیەکی گشتی ڕەنگ ڕۆڵی تێدا دەبینێت و  ڕەنگیش سەرنجراکێشەرترە. لەبەر ئەوە، گرنگیدان بە دیزاینکردنی بەرگ، کارێکی گرنگە و پێویستی بە توانایەکی تەواوە لە ناسینەوەی ڕەنگ و چۆنێتی بەکارهێنانیان لە دیزاینکردنی بەرگەکەدا؛ هەر لەبەر ئەمەشە دیزاینەرە باشەکانی ئێمە لە دیزاینکردنی بەرگدا، ئەو بەڕێزانەن کە خۆیان شێوەکارن، یان ئاستێکی بەرزیان لە چۆنیتی بەکارهێنانی ڕەنگدا، هەیە.

ئەرکی ئەو کەسەی دیزاینی ناوەرۆکی کتێبەکان دەکات (کە زۆر جار هەمان کەسە)، لە دیزاینکردنی بەرگ ئاسانتر نییە. دیزاینەری ناوەرۆک، دەبێت لە رێگەی دیزاینکردنەوە، کار لەسەر ئەوە بکات، خوێنەر لە خوێندنەوە ماندوو نەبێت، وا بکات چاوی خوێنەر ماندوو نەبێت و ئارەزووی خوێندنەوەی ناوەرۆکی کتێبەکەی کەم نەبێتەوە، ئەرکێتی لە رێگەی جۆرەکانی فۆنت و قەبارەکەیان و چۆنێتی دانانی وێنە و رێکخستنی پەرەگراف و نەخشە و خشتەکانەوە، ئاسانکاری بۆ خوێنەر بکات، تا حەزی خوێندنەوەی ناوەرۆکەکەی زیاتر بێت. دەبێت فۆنتی جیاواز لە رووی شێوە و قەبارەوە بۆ سەرباس و ناونیشانەکان دابنێت، ئاخر مەعقول نییە، کۆی ناوەرۆکی کتێبێک تەنها یەک فۆنتی تێدا بەکار هاتبێت و ئەو فۆنتەش یەکێک بێت لە فۆنتە نەگونجاوەکان!؟ (من بڕواموایە “فۆنتی ئەڵوەند” یەکجار نەگونجاوە بۆ دیزاینکردنی ناوەرۆک)، چجای ئەوەی کۆی کتێبەکە بە ناونیشانی کتێب و ناوی نووسەر و پێڕست و هەتا (فوت نۆیت)ەکانیش هەمان فۆنت بن!؟ دیزاینەری ناوەرۆک دەبێت بزانێت، هەندێک فۆنت لە کاتی چاپکردندا لەسەر کاغەزەکە پەرش دەبێت، دبێت بزانێت هەندێک فۆنت وەک (جیدە، ئەزام، خانەقین، خالید، سلێمانی) لە (گروپی فۆنتەکانی عەلی)دا، بۆ پەرەگرافەکان گونجاو نین و دەبێت بۆ ناونیشان و سەرباسەکان، بەکاربهێنرێن. لە بەرانبەردا هەر یەک لە فۆنتەکانی (سەحیفە، شەریف، ترادیشناڵ) گونجاون بۆ پەرەگرافەکان.    

قەبارەی فۆنت دەبێت گونجاو بێت و زیادەڕۆیی لە پێدانی قەبارەکەیدا نەکرێت. راستە لەبەر ئەو خوێنەرانەی کێشەی چاویان هەیە، گونجاو نییە قەبارەی فۆنت لە کتێبدا لە (١٣) کەمتر بێت، بەڵام نابێت هێندە قەبارەی بدرێتێ وا بکات دێڕیک پێنج وشە بێت!؟ دەکرێت قەبارەی (فۆنتی ناوەرۆک) (١٤ تا ١٥) بێت، ئەمەش بۆ زۆرینەی رەها باشە، ئاخر چ پێویست دەکات قەبارەی (١٦ یان ١٧) دابنرێت!؟ ئەگەر تەنها بۆ ئەوە نییە ژمارەی لاپەڕەکانی کتێبەکەی پێ زۆر بکرێت!! لە کوێی دنیا، نێوانی رستەکان لە دیزاینی کتێبدا (١.٥ تا ١.٧) دادەنرێت! ئەو فۆرماتە بۆ توێژینەوەی زانستییە نەک ناوەرۆکی کتێب! چۆن دەکرێت ژمارەی (فوتنۆیت) قەبارەکەی (١٠) بێت، کەچی نووسینەکەی (١٣ یان ١٤) بێت؟! قەبارەی (فوتنۆیت) ناکرێت لە (١٢) زیاتر بێت. بەسەر ئەوەشەوە، نە خاڵێک نە کەوانێکی دانەناوە تا ژمارەی فوتنۆیتەکە لە نووسینەکە جودا بکاتەوە! 

پەرەگراف لە ناوەرۆکدا، بە (تاب) دەست پێدەکات و بە نیشانەیەک کۆتایی دێت. بەکارنەهێنانی (تاب) لە سەرەتای پەرەگرافدا، لە دیزاینکرنی ناوەرۆکدا کفرە!! نابێت بەسەر دیزاینەردا تێپەڕێت. لە هەندێک کتێبدا بینیومە (ئەلاینمێنت)(Alignment) هیچی تیانەکراوە، تەنها کراوە بە (راست بۆ چەپ) و (Justified) نەکراوە تا دێڕەکان رێک بخات! بۆیە هەر دێڕە کۆتاییەکی هەیە!؟

تکایە؛ بەشێک لە ئارەزووی خوێندنەوە، پەیوەندی بە چۆنێتی دیزاینکردنی ناوەرۆکەوە هەیە. خوێنەر بۆیە کتێب دەکڕێت تا بیخوێنیتەوە، بە دیزاینکردنی بەرگێکی جوان چاو بەستی لێ مەکەن، و ناوەرۆکێکی تاقە پڕوکێنی بدەنێ و دوای شەش لاپەڕە، تاقەتی خوێندنەوەی نەمێنێت. دیزاینکردنی کتێب هونەری (یەکخستنی ناوەڕۆک و شێواز و فۆرمات و ڕیزبەندی پێکهاتە و ڕەگەزە جۆراوجۆرەکانی) کتێبێکە بۆ یەکەیەکی پێکەوەیی. رەنگە تۆی بەڕێز بزانیت بەرنامەی (Word) بەکاربهێنیت، بەڵام دیزاینکردن بەو بەرنامەیە ئاسان نییە و لە ئێستاشدا یەکجار کەم بەکاردەهێنرێت، چونکە بەرنامەی تایبەت بە دیزاینکردن هەیە.


ڕیکلام