دوو شیعر

  2020-11-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕەهەند تاهیر



-1-
میوەی دڵ تەنگی”شعرێکی شکاو”


لە خوار کۆڵانەکانی “با”وە 
تا سەر شەقامی بێ مروەتی.
دەست دەخەمە گیرفانی تەنهاییمەوە و 
شەق لە قوتوی بەتاڵی ناو سنگم دەدەم”مەبەستم دڵمە”
لە ناو سەرمدا سەد دێڕی جێهێڵدراو 
لە دەرگای ڕوحم دەدەن
“هەموو برینێک ناوترێت”
دەرگایان لێ ناکەمەوە.
هەموو مەغریبانێک بۆنی سێو دەکەم
بەڵام کەنگێ دیوتانە “شاعیرێک 
سێو بیکوژێت”
هەرچەند دەکەم ناچمەوە ئەو جێییەی تیایدا بینیم
هێندە بە غیرەتیش نیم 
تا لە کۆڵانەکاندا ماچم کردبێت
ئاخر لە گۆرانییەکدا یەکمام ناسی
هەر لەوێندەر لە سێبەری دێڕێکدا تێر بۆنم کرد.


-2-
گۆزەکەم پڕ دەکەم لە “هیـــچ”

کلیلی ئەوینم 
لە شوقەکانی نامۆییدا لێ بزر بووە
دڵم لە دەرگای سنگم دەدات
ترپ.. ترپ.. ترپ.
لە زرم و کوتی دڵم کەس بە ئاگا نییە
دراوسێکانی ئەم ڕۆژگارە
شەوان زوو دەخەون 
تەنیا منم 
بە دیار کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەشقەوە 
دڵم پڕ دەبێت،
هەندێک جاریش کە چاوم تەڵخ دەبێت 
ناچار ڕادەکەمە سەربان و 
ئالێرەکەی نێو سنگم ڕوو دەکەمە کۆڵانەکەی ئەوان
دەڵێم بەشکم ئاسمان 
پەخشی ڕاستەخۆی چاوەکانی بکات.


ڕیکلام