دیار هەڵەبجەیی: نوێترین شیعرم هونەرمەند (نەجمەدینی غوڵامی) كردوویەتی بە گۆرانی

  2020-11-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان


شیعری لیركا مێژوویەكی دێرینی هەیە و زۆر لە شاعیران لە پاڵ نووسینی شێوازەكانی دیكەی شیعردا، هەوڵی نووسینی ئەم جۆرەش لە شیعریان داوە، ئەوەی ئەم چەشنە لە شیعر لەوانی دیكە جیادەكاتەوە بوونی چەند ڕێسایەكی تایبەت بە خۆیەتی كە زۆرینەی كات كێش و سەروا و دیاریكراویی درێژی و كورتی دێرەكان و پەیوەستبوونە بە بڕگەی شیعریی، زۆرجاریش لیركا دەكرێتە گۆرانی، بەوپێیەی دانانی ئاواز بۆ شیعری لیركا ئاسانتر دادەنرێت و كەسانی شارەزا لە بواری موزیك و ئاوازدا باشتر دەستەڵاتیان بەسەرییدا دەشكێت، لەم دەرفەتەی (تۆڕی هەواڵی ژیان)دا یەكێك لە شاعیرە لیركاكانی نێو شیعری كوردی دەدوێنین كە چەندین شیعری لەلایەن گۆرانیبێژەكانەوە كراونەتە گۆرانی، ئەویش شاعیر (دیار هەڵەبجەیی)ە


ژیان: چۆنبوو بیرت لەوەی كردەوە ببیتە شاعیری لیركا؟
دیار هەڵەبجەیی: مەسەلەكە بیركردنەوە نەبوو كەچۆن ببمە شاعیر، ئاخر بوون بە شاعیر و چوونە نێو پرۆسەی نوسینی شیعر ئەوەندەی پەیوەندی بە ئیحساس و هەست و سۆزی مرۆڤەكانەوە هەیە،،ئەوەندە پەیوەندی بە بڕیار و بیركردنەوە نیە،،من سەرەتا بەنووسینی شیعری سەربەست دەستم پێكردوو چەند قەسیدەیەكم نووسی،،دوواتر بەكاریگەری میلۆدی و گۆرانی هونەرمەندان هەر لەسەردەمی مێردمنداڵیمەوە، لێشتان ناشارمەوە ئەوەندەی قودرەتم بەسەر شیعری لیركا دەشكا هێندە بەسەر شیعری سەربەستدا نەدەشكا، ئەم هۆكارانە وایان لێكردم ڕووبكەمە دنیای شیعری لیرك و منداڵانیش.

ژیان: شیعری لیركا ئیلهامە یاخود هونەری سازكردنی وشە بە شێوەیەكی میلۆدی ئامێز؟
دیار هەڵەبجەیی: پێموابێ سەرەتا پەیوەندی بەئیلهامەوە هەیە، ئەمە بۆ هەموو شاعیرێك دروستە، بەڵام دواتر بوونە شاعیر و بەردەوامبوون لە شیعر بە تەنها لەسەر ئیلهام ناوەستێت و پێویستە شاعیر ئیتر لەخەمی سۆراخ و گەڕاندا بێت، وەك خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆك و شیعر و لێكۆڵینەوە و هەموو ئەو نووسینانەی دەبنە خۆراكی مێشك و دنیابینیت فراوان دەكەن.

ژیان: زۆرن ئەوانەی شیعری گۆرانی دەنووسن، لە ناو ئەوانەدا تۆ كارەكانی كامیانت لاپەسەندە؟
دیار هەڵەبجەیی: بەپێی ئەوەی تەمەنێكم لەگەڵ دنیای شیعردا بەڕێكردووە، بەتایبەت شیعری لیرك، پەیوەندییم لەگەڵ زۆربەی شاعیران و هونەرمەنداندا هەیە، بۆمن قورسە ناوی كەسایەتیەك بهێنم لەبواری شیعری لیركا كە ناوێكی هەیە، چونكە لەوە دڵنیام دەبێتە گلەیی لەسەرم، بۆیە دەبێ بمبورن و ڕێزم بۆ هەموو ئەو شاعیرانە هەیە كە لە دڵەوە شیعر دەنووسن و تەنها مەبەستیان خزمەت كردنە بە ژانری شیعر.

ژیان: كامە شیعریی خۆتت زۆر خۆشدەوێت و هەستدەكەیت جیاواز لەوانیتر نووسیووتە و لە دڵتەوە سەرچاوەی گرتووە؟
دیار هەڵەبجەیی: نامەوێ بەو وەڵامە تەقلیدیە وەڵامت بدەمەوە كە دەڵێت: هەموویان وەك منداڵی خۆم وەهان و هیچ جیاوازیان ناكەم، ئاخر منیش وەك هەر شاعیرێكی تر ئەزموونی باش و خراپم هەیە و هەندێ شیعری خۆمم بەدڵ نییە،  هەندێكیشانم لە دڵەوە خۆش دەوێت، شیعری (نیشتیمانێك لەگوڵ) كە هونەرمەند (دیاری قەرەداغی) كردوویەتی بە گۆرانی بە نموونە، ئەو تێكستە زۆرترین قسەی لەسەر كراوە و كاردانەوەیەكی باشی هەبوو لە نێو نوسەران و هونەرمەنداندا.

ژیان: بڕوات بە پاڵنەرێكی واقیعی هەیە لە ژیاندا تاكو ببێتە هۆی ئەوەی شیعر بنووسیت؟
دیار هەڵەبجەیی: بەدڵنیاییەوە هەریەك لەئێمە كۆمەڵێ پاڵنەر و هۆكارگەلێك هەن كەوات لێدەكەن دەست ببەیت بۆ نووسینی شیعر، یان هەر ژانرێكیتر، ئاخر ئەگەر چەوساندنەوەی چینایەتی یان نەتەوایەتی نەبێت، چی وادەكات شاعیرانی بەرگیریی سەرهەڵبدەن! یان ئەگەر جوانی و نەرمونیانی ئافرەت نەبێت شیعری عاشقانە چۆن دروست دەبێت! یان عیشقێكی خودایی نەبێت شیعری عیرفانی چۆن سەرهەڵدەدات!

ژیان: لە گۆرانیبێژانەی شیعرەكانی تۆیان كردۆتە گۆرانی كامانەیان باشتر توانیوویانە گیانی شیعرەكەی تۆ لە ڕێگەی ئاواز و دەنگەوە بگەێننەوە گوێگران؟
دیار هەڵەبجەیی: وەك لەسەرەوە وتومە تەمەنێكە شیعری لیرك دەنوسم و زۆربەی هونەرمەندان شیعریان كردوومەتە گۆرانی و زۆربەیانم بەدڵە، لێ ئەوەی زۆرترین كاردانەوەی هەبووە لەنێو خەڵكیدا و بەتایبەت نێوەندی ئەدەبی و هونەری شیعری (نیشتیمانێك لەگوڵ) بووە، بەڵام هەموو ئەوانەی شیعریان كردوومەتە گۆرانی خۆشمدەوێن و لەدڵەوە گوێیان لێدەگرم،،

ژیان: * دوایین شیعرت كە كرابێتە گۆرانی ناوی چییە و كامە هونەرمەند چڕیویەتی؟
دیار هەڵەبجەیی: تازەترین شیعرم هونەرمەند نەجمەدینی غوڵامی كردوویەتی بە گۆرانی، كە ناوەڕۆكێكی ئینسانی هەیە و باس لە شەڕ  نەگبەتی و نەهامەتیەكانی مرۆڤ دەكات و بەم نزیكانە بڵاودەبێتەوە.


ڕیکلام