لەبەردەم وێرانەییەکی مرۆییدا

  2020-11-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەربارەی تابلۆکانی سوفیان جەلال

هاوڕێ عەبدوڵا

پڕۆژەی هونەریی «هەڵوەرین»ی سوفیان جەلال، ساڵی ٢٠١٩ لە «گەلەری ئێستا- کارگەی کۆنی جگەرەی سلێمانی» نمایشکرا. پڕۆژەی هەڵوەرینی سوفیان جەلال یەکێک بوو لە کارە جددییەکان و دەکرێت وەک دابڕانێ سەیری بکەین لە هونەری شێوەکاریی باشووردا، دابڕانێک چ وەک تەکنیک و چ وەک فۆرمیش. تێزەیەک کە زیاتر لەگەڵ دەروونشیکاریدا سەرهەڵدەدات و لەژێر کاریگەریی ئەودا برەوی پێدەدرێت ئەوەیە: هونەر سەر بە ناخودئاگایی هونەرمەندە و سەرچاوەی کاری هونەری لەوێوە سەرهەڵدەدات. لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە کاتێک چەپاندن و سەرکوت لە ژیانماندا ڕوودەدەن یان لە ڕێگەی خەونەوە دێنەوە یانیش لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبەوە بەرجەستەدەبن هتد، هەڵبەت بەرجەستەبوونێک کە بەدروستی خودی هونەرمەندیش نازانێت سەرچاوەکەی کامە غەریزەی چەپێنراو بووە. ئەم تێزەیە سەرەڕای ئاڵۆزی و ناڕوونییەکەی، تێزەیەکە تا ئێستاش برەوی هەیە و ناتوانرێت فەرامۆشبکرێت. «مەسعود فەراسەتی» کە یەکێکە لە ڕەخنەگرە دیارەکانی ئەمڕۆی ئێران، بەدرێژایی ماوەی کارکردنی ڕەخنەیی خۆی لە بواری هونەردا ئیشی بەم تێزەیە کردووە. بەلای فەراسەتییەوە «تەکنیک ڕەبتی بە خودئاگاییەوە هەیە و فۆرمیش سەر بە ناخودئاگاییە». فۆرم لە ناخودئاگایی هونەرمەندەوە دێت و لە ڕێگەی تەکنیکەوە بەرجەستە دەبێت. تەکنیک ئامرازی فۆرمە، تەکنیک ماتریاڵ نییە، بەڵکو شێوازی بەکار‌هێنانی ماتریاڵە. تەکنیک سەر بە پانتایی فێربوونە، بەڵام فۆرم نا. دەکرێت کەسێک فێری تەکنیک و شێوازی بەکارهێنانی ماتریاڵ بێت و کاری تەکنیکی دروستبکات، بەڵام فۆرم فێربوون نییە، فۆرم خوڵقاندنە و دەبێت هونەرمەند بیخوڵقێنێت.

هەڵبەت بۆ ئەو خوڵقاندنە هونەرمەند پێویستی بە تەکنیک و فێربوونی تەکنیکی هەیە. گەر لەڕووی چێژەوە جیاوازیی لەنێوان کارێک کە تەکنیکی ڕووتە لەگەڵ کارێکدا کە فۆرمی هونەرییە بکەین، دەکرێت بڵێین لەکاتی دروستکردنی کارێکی تەکنیکیدا هونەرمەند لە پرۆسەی دروستکردنەکەدا چێژ لە کارەکە نابینێت، تەنیا دوای تەواوبوونی کارەکە و بینینی کارەکە، هونەرمەند چێژ لە کارەکە دەبینێت. بەڵام کاتێک هونەرمەند فۆرمی هونەری دەخوڵقێنێت لە خودی پرۆسەی خوڵقاندنەکەشدا چێژدەبینێت. وەک بڵێی لەگەڵ بەکارهێنانی ڕەنگ و فڵچەدا هونەرمەند ناخودئاگای دەردەبڕێت و چێژ لە بەرجەستەبوونی ئەو فۆرمە دەبینێت کە لە ناخودئاگاییەوە دێت. هونەرمەند دەبێت لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆبێت، ڕاستگۆبوون لێرەدا پرسێکی ئەخلاقی نییە بەڵکو پرسێکی بەتەواوی هونەرییە. ڕاستگۆیی واتا هونەرمەند لە ڕێگەی تەکنیکەوە ئەو فۆرمە بەرجەستەبکات کە لە ناخودئاگاییەوە دێت.لە کارەکەی هونەرمەند سوفیان جەلالدا بینەری کارێکین کە فۆرمی هونەری خوڵقاندووە و تایبەتمەندێتیی خودیی هونەرمەندی پێوە دیارە. لە کارەکەیدا جگە لە ڕەنگ، کەرەستە و ماتریاڵی جۆربەجۆری بەکارهێناوە: پوش‌وپەڵاش، توێکڵەپرتەقاڵ، گەنمەشامی، خۆڵ و تەنانەت قرژاڵی سروشتیشی تێدا بەکارهێناوە...

لە کارەکانی سوفیاندا بەگشتی بەر بە ڕەنگی زبر و چڕ، داڕشتنی جوڵەئامێز و بەسەریەکدا دراو، کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، دەکەوین. کەرەستە و ماتریاڵەکان، ڕەنگەکان ڕژاونەتە سەریان و تێکەڵ بە ڕەنگەکان بوونە و کەشێکی زبر و چڕیان پێ كێشراوە. شێوازی مامەڵەکردنی سوفیان لەگەڵ تابلۆدا لە ئێکسپرێشینیستە نوێیەکانەوە نزیکە، بەتایبەتیش ئەنسلم کیفەر. ئەنسلم کیفەر وێنەکێش و پەیکەرسازی ناسراوی جیهان، کەڵکەڵەی کارەکانی بەدەوری هەندێ پرسی ئۆنتۆلۆژییەوە دەخولێنەوە: ئێمە کێین و لەکوێوە هاتووین و بەرەو کوێ دەڕۆین و ئامانج و غایەت لە بوونی ئێمە لەم جیهانەدا چییە؟ کیفەر کەرەستە و ماتریاڵی جۆراوجۆر لە تابلۆکانیدا بەکاردێنێت، هەریەکێک لەو کەرەستە و ماتریاڵانە مانایەکی قووڵی بۆ کیفەر هەیە و پەیوەندیی بە یادەوەریی دوور و قووڵی کیفەرەوە هەیە. بەشێک لەو کەرەستە و ماتریاڵانەی کیفەر بەکاری دێنێت پاشماوەکانی جەنگە، بەشێکیشی هی ژیانی ڕۆژانەیە. جگە لە بەکارهێنانی کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز، تایبەتمەندییەکی تری تابلۆکانی کیفەر گەورەیی ئەندازەی تابلۆکانێتی. سوفیان جەلالیش وەک ئەنسلم کیفەر کەرەستە و ماتریاڵی جیاواز لە تابلۆکانیدا بەکاردێنێت و ئەندازەی تابلۆکانیشی گەورەن کە بەنزیکەیی لەدەوروبەری "٢٠٠×٣٨٠" سانتیمەتردان. سەرەڕای ئەم نزیکایەتییەی سوفیان جەلال لە ئەنسلم کیفەرەوە، بەڵام کارەکانی چ وەک ماتریاڵ و تەکنیک چ وەک فۆرمیش تایبەتمەندیی خودی پێوە دیارە و توانیوێتی فۆرم بخوڵقێنێت.

هونەرمەندی ئێکسپرێشینیست بەوجۆرە لە واقیع ناڕوانێت دۆخێکی ئۆبێکتیڤی و ئێستاتیکیی دیاریکراو بێت و بیگوازێتەوە بۆ ناو تابلۆ، بەڵکو بەوجۆرە لە واقیع دەڕوانێت کە لە دەروونی ئەودا ڕەنگدەداتەوە. ئێکسپرێشینیستەکان زۆر گرنگی بەبارە دەروونییە خودییەکان دەدەن، ئازار و ناڕەحەتی و پشێوییە دەروونییەکانیان- کە بەرهەمی دۆخێکی واقیعییە یان وجودییە- دەگوازنەوە ناو تابلۆکانیان. بۆیە بەگشتی لە کارەکانیاندا تاریکی، ناڕێکی، تێکدان، ماتی... ڕەنگدەدەنەوە. سوفیان جەلالیش بۆ ئەوەی ئازار، نائارامی، پشێوی و قەلەقییە دەروونییەکانی دەربڕێت، پەنادەباتە بەر دەربڕینی ئێکسپرێشینیستییانە. ئازار، نائارامی و پشێوییە دەروونییەکانی هونەرمەند هەم بەرهەمی هەلومەرجێکی دیاریکراوی واقیعییە هەمیش دەرەنجامی ئەو دۆخە وجودییەیە کە هونەرمەند تێیدا ژیاوە. لە هەڵوەریندا بەگشتی بینەری کەشێکی کارەساتاوین، وێرانبوونی سروشت و شار، داڕمان و تێکچوون و سووتان. لە دوو تابلۆدا بینەری زبڵستانێکین فیگەری کوڕ و کچێکی تێدایە نغرۆبوونە و لەناو ئەو فەزا زبڵستانییەدا وەک تارمایی دەردەکەون.

لەڕووی ئەندازەییەوە گەورەیی قەبارەی تابلۆکان موبالەغەی تەکنیکی نییە، بەڵکو ئەو فۆرمەی سوفیان جەلال هەیەتی وا دەخوازێت بەو ئەندازەیە بەرجەستەی بکات، چونکە کارەساتەکان لای هونەرمەند گەورەن و دەبێت بەوجۆرە گوزارشتی لێبکات. لە کاری تابلۆدا بەگشتی ئەوە فۆرمە قەبارە و گەورە و بچوکی دەستنیشان دەکات. گەورەیی ئەندازەی تابلۆکان کاریگەریی زۆری بەسەر هەستی بینەرەوە دەبێت، بینەر زیاتر تێکەڵ بە کەشەکە دەبێت و زیاتر هەست بە گەورەیی کارەسات و ڕووداوەکان دەکات. تابلۆکان هەستی بینەر داگیردەکەن و بینەر دەخەنە ناو دڵی ڕووداوەکانەوە.تابلۆکان پرسیارێک دەوروژێنن، پرسیارێک جەوهەر و کەڵکەڵەی سەرەکی کارەکەیە، پرسیارەکە ئەوەیە کێ بکەری ئەم وێرانە و ڕووداوانەیە؟ یان چی ئەم کارەساتانە بەرهەمدەهێنێت؟ ئایە هێزێکی میتافیزیکی و موتەعالی لەپشتەوەی ئەم ڕووداو و کارەساتانەوەیە یان بکەرێکی واقیعی وەک مرۆڤی لەپشتەوەیە؟ لە تابلۆکاندا بەر بە فەزای سروشتی و فەزای شار دەکەوین، بەشێک لە تابلۆکان نیشاندەری فەزای سروشتین و دەلالەتن لە تێکچوون و وێرانبوون و سووتانی سروشت: سووتانی پەرێز و کێڵگەی گەنمەشامی، تێکچوونی هێلانەی پەرەسێلکەکان و وشکبوونەوەی گۆماو، لێرەدا دەکرێت بڵێین کێ یان چی هۆکاری ڕوودانی ئەم ڕووداوانەیە و ئەم وێرانەیەی خستووەتەوە؟ عادەتەن لە زەینی ئەوانەدا کە ئیماندارن و باوەڕیان بە بوونی هێزێکی میتافیزیکی هەیە، هەمیشە ڕووداوە سروشتییەکانیان داوەتەپاڵ هێزێکی میتافیزیکی و بەوەش قەناعەتیان بەخۆیان هێناوە حیکمەتێکی ئیلاهی تێدایە.

لەم بەشەی تابلۆکاندا و لەو ڕووداوانەی کە لە سروشتدا ڕوویانداوە ئەو ‌هێزە میتافیزیکییە غایبە و وەک بکەری پشتەوەی ئەم ڕووداوانە دەرناکەوێت. بۆ سەلماندنی ئەم دەربڕینەمان دەکرێت بڵێین لە کۆی ئەم تابلۆیانەدا زۆربەیان ڕەهەندی ئاسمان تێیاندا غیابێکی تەواوەتی هەیە، تەنیا لە چەند تابلۆیەکدا نەبێت ئاسمان ڕووبەرێکی کەمی داگیرکردووە. گەر هونەرمەند هۆکاری ئەم ڕووداوانەی بگەڕاندایەتەوە بۆ سەرچاوەیەکی میتافیزیکی دەبوو ڕووبەرێکی زۆری بۆ ئاسمان تەرخان بکردایە بۆ ئەوەی ئەو هەستەی لەلای بینەر دروستبکردایە کە لەپشتەوەی ئەم ڕووداوانەوە هێزێکی میتافیزیکی ئامادەیی هەیە. بەڵام ئەم تابلۆیانە بەهۆی غیابی ئاسمانەوە نایەڵن بینەر ئەو هەستەی لەلا دروستبێت. ئاسمان بۆ زۆرینە ئاماژەیەکە بۆ بوونی هێزێکی میتافیزیکی و موتەعالی، هەرکات بینەر ڕووبەری ئاسمان دەبینێت ئەو هەستەی لەلا دروستدەبێت. بەڵام هونەرمەند بۆ ئەوەی لەبەرامبەر بەم ڕووداوانە ئەو هەستەمان لەلا دروست نەبێت و سەرچاوەی ئەم ڕووداوانە نەگەڕێنینەوە بۆ هێزیکی موتەعالی، ڕووبەری ئاسمانی تاڕادەیەکی زۆر فەرامۆشکردووە. کەواتە گەر هێزێکی میتافیزیکی لەپشتەوەی ئەم ڕووداوانەوە نەبێت، ئەوە مرۆڤ بکەری پشتەوەی ئەم ڕووداو و کارەساتانەیە و خۆی هۆکاری تێکدانی سروشتە.

فەزای دووەم کە ڕووداوەکان تێیاندا ڕوویداوە، فەزای شارە. لە دوو تابلۆدا چرکەساتی وێرانبوون و داڕمانی شار وێنەکێشراوە، بینەر لەبەردەم ئەم دوو تابلۆیەدا هەستێکی نەهیلیستیی قووڵ دایدەگرێت و جگە لە ڕووبەری وێرانە هیچ ئاسۆیەکی تر نابینێت. لە تابلۆیەکی تردا بینەری ئەو چرکەساتەین کە خەریکە ڕۆژەکە دەکەوێتە خوارەوە بەسەر شارەکەدا. لێرەدا کەوتنە خوارەوەی ڕۆژ سەمبولێکی دینی نییە و دەلالەت نییە لە ئەپۆکالیپییەکی میتافیزیکی، بەڵکو پتر دەلالەتە لە کەوتنی ئاسمان وەک شوێنگەیەکی میتافیزیکی بۆ پاراستنی جۆری مرۆڤ. ئاسمان چی تر ئەو شوێنە نییە مرۆڤ سەیری بکات و بۆ ئاسوودەییەکی دەروونی بگەڕێت، بەڵکو ئەمڕۆ ئاسمان سەرچاوەی وێرانە و دروستکردنی کارەساتە. بەڵام ئەوەی لەمڕۆدا لە ئاسمانەوە ڕوودەدات، ڕووداوێکی سروشتی نییە، بەڵکو مرۆییە و دەستی مرۆڤی لەپشتەوەیە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە زەوی وێران دەکات گەشەی تەکنەلۆجیا و زانستە، بەجۆرێک دەتوانرێت شارێک یان وڵاتێک یانیش گۆی زەوی لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا و ئەو بۆمب و فرۆکانەوە لەناوببرێت کە مرۆڤ لە دەرەنجامی گەشەی زانستەوە بەرهەمیهێناوە. بەگشتی پڕۆژەی هەڵوەرینی سوفیان جەلال نیشاندەری چرکەساتی جیاواز جیاوازی وێرانبوون و داڕمان و سووتان و تێکدانە، بینەر دەخاتە ناو کەشێکی ئەپۆکالیپییەوە و ئەو هەستەی لەلا دروستدەکات خەریکە مرۆڤ، سروشت و خودی خۆشی لەناودەبات.


ڕیکلام