سامان كەریم: ئارەزوو دەکەین کۆنسێرت و نمایشی زیاتر لە شارەکانی کوردستان بکەین

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان


                                     
 هونەرمەندی موزیكسیان (سامان كەریم) پاش ساڵانێكی زۆر ژیانی ئەوروپا، ئێستا لە كوردستان نیشتەجێیە و فێرگەیەكی تایبەتی دامەزراندووە، بۆ فێربوونی موزیك و سەمای فلامێنكۆ، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ ئەوەی گەنجانی كوردیش بتوانن ئاەزووەكانیان لە بواری موزیك و سەمای فلامێنكۆدا بەرجەستە بكەن، لەم دەرفەتەی (تۆڕی هەواڵی ژیان)دا ئەو هونەرمەندە دەوێنین.

ژیان: بۆچی لەناو هەموو شێوازەکانی موزیکدا فلامێنکۆتان هەڵبژارد؟

سامان كەریم: لەبەر ئەوەی شێوازی میوزیکی فلامێنکۆ، هەم لەڕادەبەر بە وزەبەخشە، هەمیش لە چەند فۆڕمێک (مەقامێک) پێک هاتووە، هەریەکێک لە فۆڕمەکان تۆن و ڕیتمی تایبەت بە خۆیان هەیە، لەسەرو ئەوەشەوە، هەریەک لە فۆڕمەکان گوزارشت لە هەست و دۆخێکی جیاوازی مرۆیی دەکەن، بۆ نمونە، فۆڕمی سۆلەیا، گوزارشت لە هەستی خەمباری(حوزن) دەکات، فۆڕمی ئالەگرییاس گوزارشت لە هەستی دڵخۆشی، فۆڕمی سیگرییاس گوزارشت لە هەستی لەدەستدان و لاوانەوە دەکات... دەتوانم بڵێم، "فلامێنکۆ هەم شێوازێکی میوزیکە، هەمیش شێوازێکی ژیانە."

ژیان: ئەو شێوازەی کاری لەسەر دەکەیت، پەیوەندی بە حەو و سەلیقەی تایبەتی خۆتەوە هەیە یاخود ئامانجێکی دیکە؟

سامان كەریم:  بە دڵنیایی ئارەزووم لێیەتی و چێژی لێ وەر دەگرم.

ژیان: هیچ کارێکت بۆ تێکەڵکردنی موزیکی کوردی و شێوازی فلامێنکۆ کردووە؟

سامان كەریم: بەڵی، لەماوەی ڕابووردوودا چەند کارێکی لەو شێوەیەم کردووە. 

ژیان: پڕۆژەی داهاتووتان لەم شێوازەی موزیکدا چییە؟

سامان كەریم:  هەڵبەتە تاکو ئێستا چەندین کۆنسێرت و نمایشمان لە شاری سلێمانی کردووە و حەزمان دەکرد، لە گشت شارەکانی کوردستاندا کۆنسێرت پێشکەش بکەین. ماوەی پێنچ ساڵیشە فێرگەیەکی تایبەت بە شێوازی فلامێنکۆمان لە سلێمانی کردووەتەوە و پێشوازی چەندین فێرخوازی بواری ژەنینی گیتار و سەمامان تێدا کردووە. هەمیشە ئارەزوو دەکەین کۆنسێرت و نمایش زیاتر لە گشت شارەکانی کوردستاندا پێشکەش بکەین تا بتوانین بەشێوازێکی زیندو بە گەنجانی بناسێنین. 

ژیان: بەنیازنین ئەزموونی شێوازەکانی دیکەی موزیکیش بکەن؟

سامان كەریم:  لە ئێستادا نەخێر، بەڵام نازانم بۆ داهاتوو.

ژیان: فێرگەی فلامێنكۆ لە چی پێكهاتووە؟

سامان كەریم: فێرگەی فلامێنکۆ لە سلێمانی، لەسەر ئاستی ئێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی فێرگەیەکی بێ هاوتایە و خاوەنی دەوڵەمەندترین ئەزموون و ئەرشیفە. ساڵی ٢٠٠٥ لەشاری ئیستانبوڵ لەگەڵ "دیلەکی هاوژینم" گروپێکمان بەناوی "ئاکدەنیز فلامێنکۆ"ەوە پێکهێنا و چەندین نمایشمان لە ناوەوە و دەورەی تورکیا پێشکەش کردووە. لە ئێستاشدا بەناوی گروپی "فلامێنکۆ تریۆ"ەوە لە کوردستان چالاکین و ئەندامەكانیشمان پێكهاتووین لە خۆم وەك گیتاریست، دیلەک ئاکدەنیز وەك سەماكار، هەروەها ئاڕزوو ئاكدەنیز گۆرانیربێژی گروپەكەمانە.


ڕیکلام