ڕانانێك بۆ ڕۆمانی سەمەرەیەك لە سەرمدا

  2020-11-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئارام سدیق


هەرجارێك ڕۆمانێكی ئۆرهان پاموك دەبینم شتێكی گیرۆدەم دەكات، جارێك ناونیشانی ڕۆمانەكەی جارێكی دیكە دەستپێكی ڕۆمانەكە، گەلێجار چیرۆكی ڕۆمانەكە، كە بۆ هەمیشەیی لام دەمێنێتەوە. هەندێكجاریش گفتوگۆی نێوان دوو لە كاراكتەرەكانی كە دوای ساڵانێكی زۆریش هێشتا ناتوانم بیری لێ نەكەمەوە. پاموك بۆمن دۆزینەوەی دونیایەكی دیكەی گێڕانەوە بوو، چونكە ئەو لەو نووسەرانەیە هەوڵ نادات خۆی دووبارە بكاتەوە. چ لە ڕووی تەكنیك چ لەڕووی ئەو بابەتانەی هەڵیاندەبژێرێت، بەپێچەوانەی هەندێك ڕۆماننووسی دیكەوە، كە خوێندنەوە یەك دووكاریان ئیتر خوێنەر تێدەگات دونیای ئەو رۆماننووسە چۆنە و دەڵێت چی؟

من لە ڕۆمانی "من ناوم سوورە"وە ئاشنای پاموك بووم، هەر لەوێوە زۆربەی كارەكانی خوێندنەوە و بەرەو دونیاكەی پەلكێش كرام. لە خوێندنەوە وتارەكەی نۆبڵی زیاتر گیرۆدەی كردم، چونكە هەستم كرد ئەم نووسەرە بۆ ئەوە خولقاوە بگێڕێتەوە. كاتێك لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆمانی "سەمەرەیەك لە سەرمدا"م بینی هەر لە ناونیشانەكەیەوە گیرۆدەی بووم. ماوەیەكی زۆر هەر بیرم لە ناونیشانەكەی دەكردەوە چ سەمەرەیەك لەسەری پاموكدایە؟ چ سەمەرەیەك لە سەری پامۆكەوە دەپەڕێتە سەری پاڵەوانی ڕۆمانەكە؟ یان پاڵەوانانی رۆمانەكە؟ لەوێوە بیرم لەو هەزاران سەمەرەیە دەكردەوە، كە لە مێشكی مرۆڤدایە بە خۆشمەوە. بۆیە ماوەیەكی زۆر ڕۆمانەكەم نەخوێندەوە تەنها بیرم لە ناونیشانی رۆمانەكە دەكردەوە، وەكو ئەوەی هەر بەو ناونیشانە من تێربووبم. چۆن لەكاتی بینینی دەستپێكی رۆمانی "ژیانی نوێ"شدا تووشی ئەوە بووم، كە دوای ساڵانێكی زۆر ئەوسا دەستم بە خوێندنەوەی ئەو رۆمانەش كرد. كە دەستپێكەكە بەم شێوەیەیە "ڕۆژێك كتێبێكم خوێندەوە و سەرتاپای ژیانم گۆڕا". من لەم دەستپێكەوە بیرم لەوە دەكردەوە بە خوێندنەوەی چ كتێبێك سەرتاپای ژیانم گۆڕاوە؟ كام كتێبانەن كە كاریگەرییان لەسەرم هەبووە؟ بۆیە زۆری ویست تا وەڵامی ئەوانەم دەست كەوت ئەوسا دەستم بە خوێندنەوەی رۆمانەكە كرد.

هەر ئەوكاتەشی ئاگاداری وەرگێڕانی رۆمانی "سەمەرەیەك لە سەرمدا" بووم لەلایەن سامان كەریمەوە. من هەر لە ناونیشانەكەیەوە توێشووی خۆمم دەستكەوت بۆ ئەوەی ماوەیەكی زۆر بیر لەو سەمەرانە بكەمەوە كە لە مێشكمدان. دوای نزیكەی دوو ساڵ لە چاپبوونی دەستم بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە كرد كرد.

لەو ماوە زۆرەدا هەر بیرم لەو سەمەرانە دەكردەوە كە لە سەرمدان. سەمەرەگەلێك، كە مرۆڤ زۆرجار دەبێت تەنها هەر خۆی بیزانێت. وەكو چۆن مەولودی پاڵەوانی رۆمانەكەش زۆر سەمەرە هەیە، كە دەیەوێت تەنها هەر خۆی بیزانێت، چونكە دەزانێت ئەگەر كەسانی دیكە بیزانن ڕووداو دەقەومێت. لە رۆمانەكە خوێنەر بەر زنجیرەیەك نهێنی و سەمەرە دەكەوێت كە مەولود و ڕائیحە و كاراكتەرەكانی دیكەی بە خۆیەوە پەیوەست كردووە و زنجیرە ڕووداوەكانی لەسەر بونیاد نراوە.


پاموك دەیەوێت بڵێت ژیان هیچ نییە، جگە لە كۆمەڵێك نهێنی، لە كۆمەڵێك سەمەرە، لە كۆمەڵێك بەیەكداچوون كە مرۆڤ زۆرجار بەبێ ویستی خۆی دێتەڕێی وەكو چۆن بەبێ پرسی خۆی دێتە بوون، ئاوهاش ڕووداوەكان، قەدەرەكان، سەمەرەكان، بەبێ ویستی ئەو دێنە بەردەمی.

"سەمەرەیەك لە سەرمدا" زۆرجار بە گێڕانەوەیەكی كلاسیك خوێنەر بۆ كوچەكانی ئیستانبوڵ و ژیانی بۆزافرۆشەكە دەبات، زۆرجاریش بە گێڕانەوەی خێرا و بچڕ بچڕ لەگەڵ خوێنەر دەدوێت و نایەوێت هەموو پەنهانێك كەشف بكات. نووسەر ویستوویەتی ئەو سەمەرەیەی لە سەری مرۆڤدایە بیگۆڕێتە سەر وشە، بێگومان ئەمەش ئاسان نییە بۆیە لە كتێبێكی قەبارە گەورەی 658 لاپەڕەیدا توانیویەتی بەشێك لە سەمەرەكانی مەولودی بۆزافرۆش بكاتە وشە، كە "سامان كەریم" ئەو سەمەرانەی بۆ گواستووینەتەوە و ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە بەچاپی گەیاندووە.



ڕیکلام