لێدانی دەرزی بۆتۆکس بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەقیقە

  2020-11-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەساڵی ( ٢٠١٠) بۆ یەکەمجار، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) ، دانینا بە بەکارھێنانی دەرزی بۆتۆکس وەک چارەسەر لەنەخۆشی شەقیقەی درێژخایەندا، پاش ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لەنەخۆشەکان، سەرئێشە و نیشانەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاوکەمیکرد دوای بەکارھێنانی ئەم چارەسەرە.

بۆتۆکس بۆ چ جۆرە سەرئێشەیەک بەکاردێت؟

بۆتۆکس بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە لەمانگێکدا ١٥ ڕۆژ یان زیاتر توشی سەرئێشە دەبن، ھەتا زووتر و زۆرتر تووشی سەرئێشە بن لەمانگەکەدا، زۆرتر سوود دەبینین لە بۆتۆکس.

بۆتۆکس چییە؟

جۆرێکە لە تۆکسین، کە مادەیەکە بەکتریایەکی تایبەت دروستی دەکات، کە لە ڕەچەڵەکدا وەک ژەھرە ، بەڵام کاتێک لە تاقیگەدا قاڵدەکرێت و پاک دەکرێتەوە، بەڕێژەی زۆر کەم، گرژبوونی ماسولکە ناھێڵێت بۆ ماوەی( ٣-٦) مانگ .

بۆتۆکس چۆن کاردەکات لە نەخۆشی شەقیقەدا؟

بۆتۆکس دەدرێت لە دەوری ئەو دەمارانەی کە ئازار دروستدەکەن لەسەردا، بۆتۆکس دەچێتە دەوری ئەو دەمارەخانانەی بەرپرسن لە گواستنەوەی سیگناڵەکانی ئازار لەسەردا، کەئەمەش ھەستکردنی ئازار لە مێشکدا کەمدەکاتەوە . جگە لەوەی ماسولکەکان خاودەکاتەوەو گرژی ناھێڵێت . بۆتۆکس سەرئێشەی شەقیقە ناھێڵێت پێش ئەوەی دەستپێبکات، واتە ڕێگری دەکات لە دەستپێکردنی، ھەموو جەلسەیەک چارەسەرە بۆ (١٠-١٢) ھەفتە، بەڵام بینراوە ئەوانەی (٢-٣)جەلسە بۆتۆکسیان ئەنجامداوە، ڕێژەی سەرئێشەکەیان کەمیکردوە بە ڕێژەی لە ٥٠٪ .

بۆتۆکس بۆ چ نەخۆشێک بەکاردێت؟

دامەزراوەی ئەمریکی بۆ خۆراک و دەرمان، ڕێگەیداوە بە بەکارھێنانی بۆتۆکس لە ھەموو تاکێکی پێگەشتووی ١٨ ساڵ یاخود سەرووی ئەم تەمەنە، لە منداڵ و ھەرزەکاریشدا ھەتا ئێستا پۆلێن نەکراوە، بەڵام پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت بڕیاربدات لەسەر ئەنجامدانی بەڵام لەوڵاتانی دەرەوەدا شمولی دڵنییایی و ئینشورانس ناکات .

چەند ماسولکە بۆتۆکسی لێدەدرێت لەکاتی شەقیقەدا ؟

لە (٧) ماسولکەی جیاواز دەرزی لێدەدرێت لەناوچەوان و پشتی سەر و لاکانی سەر و ملدا .

لە( ٣١) خاڵی جیاواز دەدرێت .

دوای ماوەی چەند ئیشدەکات؟

باشترین کاتی کارکردنی لە دوای (١٠-١٤)ڕۆژە، لەھەندێک کەسدا لەوانەیە ھەست بە ھیچ باشبونێک نەکات دوای یەکەم جەلسە، بەڵام لەدوای دووھەم و سێھەم ھەست بەکەمبونەوەی سەرئێشەکە بکات . لەھەندێکی تردا بە پێچەوانەوە لەوانەیە لەیەک ڕۆژی لێدانی بۆتۆکسەکە ھەست بە جیاوازی بکات . ھەندێکیش سەرئێشەیەکی قورس دەگرن لەیەکەم ڕۆژدا .

زیانە لاوەکییەکانی بۆتۆکس چییە ؟

١ - دابەزینی پێڵوی چاو، بەتایبەت کاتێک لە ناوچەوان دەکرێت .

٢ - وشکبونەوە یاخود زیادبوونی فرمێسکی چاو .

٣ - ھەندێک جار بۆ ماوەیەکی کاتی تەڵخی لە بینیندا دروستدەبێت .

٤ - ئاوساوی یاخود شینبونەوە لەشوێنی لێدانی دەرزییەکان .

٥ - ھەندێک جار بێھێزی و لاوازی لە ماسولکەکاندا .

ئایا دەتوانم ئۆتۆمبێل لێبخوڕم لە دوای ئەنجامدانی بۆتۆکس ؟

لێدانی بۆتۆکس لە کلینیکی پزیشکی پسپۆڕ ئەنجامدەدرێت کە (١٠-٢٠)خولەک دەخایەنێت، وەدەتوانیت بە دڵنییایەوە یەکسەر بڕۆیتەوە ماڵێ و ئۆتۆمبیلیش لێبخوریت .

چ پزیشکێک دەتوانێت لێدانی دەرزی بۆتۆکس ئەنجامبدات بۆ نەخۆشی شەقیقە ؟

پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار ، پزیشکی پسپۆڕی ئازارشکاندن ، پسپۆڕی تایبەتی سەرئێشە . باشترە لە ژێر دەلالەتی سۆنەردا ئەنجامبدرێت لەھەندێ ناوچەدا بۆ ئەوەی دەمار و بۆری خوێنەکان بە ڕوونی ببینرێت .

د.ھەڤین کەمال شاە محەمەد

پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن



ڕیکلام