مەریوان کەریم: دەرکەوتن بەرپرسارێتییە هیوادارم لەو بەرپرسیارێتیە سەرکەوتووبم

  2020-11-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانى: داستان

هونەرمەند (مەریوان کەریم) دەرچووى پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى سلێمانییە، بەشداریی چەندین کارى شانۆیی کردووە و لە ماوەى ڕابردووشدا بەشدارى لە دراماى (بەختەباران)داکرد، کە ئێستا لە نمایشدایە، لەوێدا ئەو بە ڕۆڵى (حەمە تایەر) بەشدارە و لە ناو خەڵکیشدا بەو ناوە ناسراوە، لەم دەرفەتەى (تۆڕى هەواڵى ژیان)دا ئەو هونەرمەندە دەدوێنین .

ژیان: کەى دەستت بە کارى هونەرییکرد؟

مەریوان کەریم: لە ساڵی ۲۰۰۲ کاری شانۆییمان کردووە لە چالاکی قوتابخانەکان بەشداربووین هەر ئەوکاتە گروپێکی شانۆییمان دامەزراند بەناوی گروپی شانۆی (نڤار) ساڵانە کۆراڵی شانۆییمان دەکرد، چالاکیی بەردەواممان هەبووە لە بۆنە نیشتیمانییەکاندا .

ژیان: خەونى تۆ لە بوارى هونەردا چییە؟

مەریوان کەریم: خەونی من خزمەتی هونەری و چێژە بەبینەرەکانم، نەک ناسین و خۆ نواندن، خەون لە هونەردا خاڵی کۆتایی نییە. پێم خۆشە ئەوەی لە فیستیڤاڵە جیهانییەکان ئەبینرێت، ئێمەیش لە دوورەوە بینەر نەبین .

ژیان: پاش ئەوەى لە بوارى هونەردا چەندین کارت کردووە پێت وایە هونەر ئەو ڕێگایەیە کە تۆ دەبێت بیگریتەبەر؟

مەریوان کەریم: هونەر لێرە پیشە نییە،  هەرکات هونەر بوو بەپیشەی سەرەکییمان ئێمەش کاتە زێڕینەکانی خۆمانی پێ ئەبەخشین .

ژیان: دەرکەوتن لە دراماى (بەختەباران)دا بووە هۆى زۆرتر ناساندنى تۆ، ئەو دەرکەوتنە تا چەند ماناى هەیە لەلات؟

مەریوان کەریم: دەرکەوتن بەرپرسارێتییە هیوادارم لەو بەرپرسیارێتییە سەرکەوتووبم، مانای خۆشەویستی و ڕێزە لە بینەرەکانم .

ژیان: لە پاش دراماى (بەختەباران) بەنیازیت بەردەوامى بدەیت بە کارکردنت لە درامادا؟

مەریوان کەریم: بەڵێ بە دڵنیاییەوە بەردەوام ئەبین و بە هیوام بتوانم کارێکی هونەری و پڕ بایەخ و کوردییانە بکەین، نەک لاسایی و تێکەڵەی کلتور و دیمۆگرافیای وڵاتانی دیکە نەبین .

ژیان: هونەرمەندانى جیهانى بۆ دروستکردنى بازاڕ بۆ کاڵا جیاوازەکان لە ڕیکلامەکاندا دەردەکەون، هونەرمەندانى کوردیش چەند ساڵێکە بۆ ئەو مەبەستە سوودیان لێوەردەگیرێت، ئەمەش لە بەرامبەر بڕێک پارەدا، تۆ وەکو خۆت چ لایەنێکى ڕیلامت بۆ گرنگە جگە لە لایەنى دەستکەوتى ماددى؟

مەریوان کەریم: ڕیکلام بۆ هەر کاڵایەک جگە لەوەی بازرگانییە هونەریشە ئەگەر لێرە هونەرمەندان پیشەی سەرەکییان هونەر نەبێت و نەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن بۆ ڕیکلام نەکەن و هەردوولا سوود لە یەک ببینن .

ژیان: چ کارێکى هونەریی هەیە (بیانى، کوردیی) هەست بکەیت هەرگیز گرنگییەکەیت لەلا کەمنابێتەوە؟

مەریوان کەریم: ئەوەی لە منداڵییەوە بینیوومانە هەمووی یادگارییە و لە نەستماندا ماوەتەوە، بەڵام من ئەوەندەی چێژ لە فیلمێک دەبینم ئەوەندەش چێژ لە  تابلۆیەک دەبینم، ئەوەی ماوەتەوەلای من درامای ژاڵەیە بە ئێستاشەوە چێژی لێ وەرەگرم .

ژیان: شانۆ یان دراما؟

مەریوان کەریم: شانۆ و دراما. مەی و ژێن بۆ من .

ژیان: منداڵى یاخود گەورەبوون؟ لەبەرچى؟

مەریوان کەریم: منداڵی چێژی خۆی هەیە و گەورەبوونیش بەرپرسیارێتییە، ئەو بێئاگاییەی منداڵی خۆشترە .

ژیان: حەزەکەیت بە ناوى خۆتەوە بانگت بکەن، یاخود بە ناوى کاراکتەرەکەتەوە لە دراماى (بەختەباران)دا؟

مەریوان کەریم: ئەوەی بەناوی کارەکتەری درامای بەختەباران بانگم ئەکات لە خۆشەویستیەوەیە ، بۆیە هەردووکیان بۆمن ئاساییە .



ڕیکلام