خۆسنوردارکردن لە هونەردا

  2020-11-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زۆزک قەرەداغی

خۆسنوردارکردن ئەو ھەستەیە ھەر زوو لە منداڵیەوە بە پێی خواستی دایک و باوک بۆ ھەڵس و کەوتەکانی ڕۆژانەمان دەستنیشان دەکرێت و، دەبێتە کلتوری ھەمیشەیی، بۆ ھەموو بوارەکانی داھاتووی تاک، بە ڕادەیەک بیرۆکەی ھەر کارێکمان ھەبێت سەرەتا تەوقی خۆسنوردارکردن قفڵێک دەدات لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، ھەندێک جار دەبێتە مایەی پاساو ھێنانەوە و گلەیی دەربڕین لە کەسانی چواردەورمان، دەیانکەینە ھۆکار بۆ خۆسنوردار کردن، وەک لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد، زۆرجار بوونی زانیاری پێویست دەربارەی پیشەکەمان و بەرداوام پێشکەوتن قفڵی خۆ سنوردارکردنمان بۆ دەشکێنێت، زۆر گرنگە کەسێک لە سەرەتای کاری ھونەریدا سوود لە ئەزمونە سەرکەوتووەکان وەربگرێت، بەڵام بە زانین و ڕەچاو کردنی جۆری بارودۆخەکان و جیاوازی ئەو ئەرکەی لەسەر ئەم پێویست و گرنگترە ئەنجامی بدات، چونکە مەرج نیە پلان و ڕێچکەی سەرکەوتن بۆ ئاوازدانەرێکی ئاوازی فۆلکلۆریی ھەمان گرنگی ھەبێ بۆ ئاوازدانەرێکی مۆزیکی جاز، ...ئەکرێت لە خۆ سنوردار نەکردندا پلانەکان ھاوبەش بن، بۆ نمونە مۆزیکدانەرێکی تیپێکی فۆلکلۆریی مەرج نیە ھەموو کات لە بەرھەمەکانیدا تەنھا"دەھۆڵ، دەف، عود، کەمانچە، سەنتور"بەکار بھێنێت، دەکرێت لە کارێکدا ئەو سنورە بشکێنێت و لە بری عود کە بۆ دەنگی گڕ سودی لێوەردەگرێت، چەلۆ بەکاربھێنێت، ڕاستە سیستەم و ستاندار ھەیە بۆ زانستی مۆزیک و مۆزیکدانان، بەڵام بە تایبەتی لە سەدەی بیستەمەوە ھیچ سنور و بەربەستێک نیە، بۆ چۆنێتی بەکارھێنانی ئامێرێکی مۆزیک و مەرجە لە چ جۆرە تیپێکدا بەکاربھێنرێت، یاخود مۆزیکدانەرێکی سەدەی بیست و یەک ئارەزوو دەکات بە شێوازی سەدەی باروکی مۆزیک بنوسێت، ئەمە پێی دەوترێت ڕاستگۆیی لەگەڵ ھەست و گوزارشتدا، نابێت خۆسنوردار کردن لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە ترسمان لە قبوڵ نەکردنی ھەندێک کەسی بە ئەزمون و خاوەن ڕێچکە ھەبێت، بەو مەرجەی کە بزانین بۆ ئەو کارەمان بەو جۆرە کردوە ؟، وەڵامی ڕوون و لۆژیکیمان ھەبێت بۆی،، نابێت بە جۆرێک بێ ئاگا بین بەرھەمێک بە سوتفە مۆرکێک وەربگرێت، یان لەبەر خاتری کەسێک بێت کە ئارەزووی بیستنی دەنگی ئەو ئامێرە و ئاوازی لەو شێوەیەدەکات، دەبێت بەرھەمەکە دواتر خۆی ببێتە قولاپ بۆ ھەست و ناخی گوێگر، بەڵام پێویستە بزانین چیمان کردوە ؟ بۆچ مەبەستێک، بەھا و گرنگیەکەی بەرجەستە بکەین، لێرەدا بۆ ڕوون کردنەوەی خۆسنوردارکردن بە مەبەستی دەستبەرداربوونی، چوار خاڵ دەخەمە ڕوو:
١. کاتێک فێرخوازی مۆزیکین لە ھەر جێگەیەک، زۆر گوێڕایەڵی مامۆستاین، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە ترسەوە ھەبێت یان بەو مەبەستەی زانیاری زۆرتر وەرگرین، زوتر فێر ببین، ئەمە پێویست و دروستە، بەڵام کاتێک لە بوارەکەدا پێشدەکەوین یان خوێندن تەواو دەکەین، نابێت ھەمیشە وابەستای ئەو سنورداربوونە ببینەوە کە مامۆستاکەمان پەسەندی کردوە بۆ ھەتا ھەتایە، ڕەنگە ئەو ڕێچکەیە بەکەڵکی دنیای گوزارشت و وێناکردنی ھونەری تۆ نەیەت و ھەستی شکستت لا دروست بکات.
٢. کاتێک دەڵێن فڵان ھونەرمەند سیمفۆنیەکی نوسیوە، ھەمووان تاس دەمان باتەوە و دەڵێن بەڕاستی بەتوانایە و لەخۆی دێت،، کەسێکی بەھرەمەندیش خوازیاری نوسینەوەی سیمفۆنیەک بێت، بۆ یەکەمین جار، ڕاستەوخۆ خودی خۆی و چواردەورەکەی سنورداری دەکەن بە کۆمەڵێک پەیڤ، لەوانە: جارێ زۆرت ماوە بۆ ئەوە، ئەوە بە تۆ ناکرێت، خواردنی تۆ نیە، تۆ ھەر ڕێچکەی خۆت بگریت زۆر بەشترە،، چیتداوە لەو سەر ئێشەیە، ... خودی خۆشی پێش ھاوڕێیانی ھەندێک لەم ووتانە لە زاینیدا دەکاتە ھۆکاری خۆسنوردارکردن، بەڵام ڕاستی سەلمێنراو لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا لەوەدایە،، ئەوەی بۆ ئەوان و ئەمان گونجاوە بیکەن، بۆ ئێمە و ھەموومان پەسەند و گونجاوە، سیمفۆنی دانان ڕێسای زانستی ھەیە، دەکرێت بیکەینە پلانی سەر کاغەزێک پێش دەستپێکردن، وەک: ھەڵبژاردنی میلۆدیەکان لە دانراو و فۆلکلۆریی بە پێی خواست و ئارەزوو، ھەڵبژاردنی ئامێرەکان، ڕیتم و چۆنێتی ھارمۆنی کردنی، پیڕەوکردنی سیستەمی ناوەکی نێوان ڕستە و پردە مۆزیکیەکان، دەستنیشانکردنی کاتی بەرھەمەکە،.... وەک کەرەستەکانی نەخشەکێشان و دروستکردنی خانویەک،کە لە بژاردن نایەت،، ئایا ئێمە ناتوانین فێر بین و پێی ڕابگەین ؟
٣. زۆرینەی کەسایەتیە سەکەوتووەکان ئەوانە بوون کە پەیوەندی ھەمە چەشنەیان پەیڕەو کردووە، بۆ جێبەجێ کردنی بەرھەم و کارەکانیان، بە پێی یاسای گونجاندن و شیاویی، مەرج نیە تەنھا لە یەک تیپی مۆزیکدا کەمانچە بژەنین، مەرج نیە مۆزیک و گۆرانیەیەکانمان تەنھا بۆ یەک تیپی مۆزیک و یەک دوو گۆرانی بێژ دابڕێژین، ئەمە ھۆکاری زیانە بۆ داھێنان، دوورکەوتنەوە لە بە جیھانی بوون، زیانە بە پلانی ھونەریی مەودا درێژ، دووبارەمان دەکاتەوە بەبێ داھێنان و ئەفراندن، گەورە بازرگان و وتار بێژی ئەمەریکی" براین ترەیسی"کە چەندین دامەزراوای بازرگانی و ھۆتێلی ھەیە، بەردەوام داواکاری لەسەرە بۆ کۆر و سیمینار دەربارەی بازرگانی و گەشەسەندنی مرۆیی، بەردەوام گۆڕانکاری دەکات لە شوێن و جێگەی سیمینارەکانی و پەیوەست بە بابەتەکەوە، ناچێت ھەمیشە ھۆتێلەکانی خۆی بکاتە جێگەی ووتاردانی، بەمە ڕووی بە جیھانی بونی وەرگرتووە و زۆر ناوبانگی بڵاوبۆتەوە، ئەم بابەتە بۆ ئێمەش بەکارە پێویستە ئاگادار بین، گەر دەمانەوێت ببینە نوێخواز و داھێنەر و، کار بە توانای ڕاستەقینەی خۆمان بکەین، پێویستە لە یەکەم ھەنگاوەوە بەربەست لە زەینماندا درووست نەکەین بۆ خۆسنوردار کردن، ھەمیشە: یەک ھۆڵ بۆ کۆنسێرت، یەک چاپخانە بۆ کتێبەکانمان، یەک کۆمپانیای بەرھەمھێنانی سیدیی، ....
٤. ڕێگری کردن و گوێ پێنەدانی ھەر سنوردارکردنێک، کە ڕێگر بێت لە داھێنان و توانا و ئارەزووی تۆ، بۆ ئەو شێوازە سەرکەوتووەی بەرجەستەی دەکەیت، ڕەنگە ھەندێک سنوردار کردن لە خودی خۆتەوە سەرچاوە نەگرێت، وەک ئەوەی تیپێکی مۆزیک خۆیان دەستنیشانی دەکەن کە چۆن ئاوازیان بۆ بنوسیت، کە ئەمە تەواو پێچەوانەی سەرکەوتن و ھەست و ئەندێشەی ئاواز دانەرە، یان سینەما کارێک خۆی جەخت بکاتەوە لەوەی دەبێت بەو جۆرە مۆزیکی بۆ بنوسیت،، لەم کاتەدا کوا دەربڕینەکانی ھەست و داھێنانی مۆزیکدانەر؟ خواست و داھێنان چونیەکن، گەر خواست و ئارەزووی کارێکی ھونەریی بە شێوەیەکی سەبەخۆ بوونی نەبوو، خۆ سنوردارکردن دەکەوێتە کار.


ڕیکلام