دوو شیعری سەرگۆن پۆڵس

  2020-11-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
و: غەفور ساڵح عەبدوڵڵا


١
رۆژ لە کەرکوک

مانگاکان لە سێبەری پاڵاوگاکە نووستوون
بۆ ئەوەی شیر بژەنن، کاوێژی حوشترخۆر و دڕک و داڵ  بکەن و
قەلەڕەشەکان لەبیرەکەمان
کە بە پارچە شووشە پەرژین کراوە
لەسەر نووکی باڵە زەلیلەکان
نزیک دەبنەوە
وەک بڵێی دیارین
لە نەوتی ڕەش و مازووت
کە( بیرەکان) لە ھەناوی سووتاوی خۆیانەوە تووڕیانداوە
لەو شوێنەی ھەزارلۆغانەیەکی زیوینی بۆریەکان درێژدەبنەوەو
گڕ لە کێڵگەکانی (ئای پی سی)بە شەو و ڕۆژ بەرزدەبنەوە.
لەوێ خۆر خۆی لەسەر پشت دەگەوزێنێت
لە شووشەی بۆری پەنجەرەوە ماسییەک دوایین ھەناسە دەدات
لەوێ جیھان وەکو گەمیە کۆنەکەی نوح دیارە، کاتێک دوایین ماڵئاوایی لە دوایی ڕۆخ دەکات
لەوانەیە ژنێک خۆی بکات بە ژووردا
لە ھاوشانی پەرژینەکە لە یەکێک لە ماڵەکان شتێکی ھەڵگرتبێت
سینیەکی لەسەر دەستە بەخەنە ڕەنگکراوەکانیەتی
بە خاولیەکی خاوێن داپۆشراوە، وەکو تارماییەکی خوێواوی
جووتە نەعلەکەی تۆزوگەرد دەشێلێت
بەڵام کپی ناشکێنێت..
جەستەی مار
دەکشێت لەدەوری چڵێکی خشخاشی
پەڕە سوور بە خاوخلیچکی، لەودیوی دوکانی
ئەو ئەرمەنیەیەی کە خەوی نیوەڕۆ بردوویەتیەوە
سەرە سپیەکەی خستوەتە سەر دەفتەری قەرزەکانی
چاویلکە پزیشکیەکانی لە ناو تای تەرازووەکەدایە
بەتەنیا، بەتەنیا وەکو زونارێکی زیندوو لە مورو
کاکۆلی نیوەڕۆ دەڕازێنیتەوە
بێدەنگی قووڵترە لە بیرەکە
لەم لایە دوورەی شارەکەوە..
سەگەکان بۆنی مەنجەڵ دەکەن بە لەباقەتەوە
لەسێبەری دیوارەکان، بۆرییەکە ژەنگی گرتووە
لەسەرەخۆ دڵۆپ دڵۆپ دەتکێتە فنجانێکی شکاوەوە.


٢
خەونی کۆڵھەڵگرێک لە سەر پردەکەی قەڵا

(بۆ جەلیل قەیسی لە کەرکوک)


دەڵێن ئەوە خەمە
وەکو تێزاب دڵ  کون دەکات و
وای لێدەکات وەکو تارمایی بەدەوری ماڵەکەی خۆیدا بخولێتەوە
بەشکو چاوی پێی دەکەوێت، تا لە بەردەمیدا بۆ جارێکی دیکە سۆزەکانی ھەڵدەرێژێ
وەکو  شووشەیەکی لەمەی گرانبا پڕ، سوخمەیەکی ژێر عەبای شتە بە تامەکان
ئەگەر خەیاڵی کرد موچڕکێکی پیا دێت و، دەگری
ھەرکە بیری دەکەوێتەوە..
لەبەر چاوی شتەکان تێکەڵ دەبن ، وەکو نەخشەیەک رێبوارێکی تێ لێھاتوو
بیخوێنێتەوە، ھەندێ جار دوێنێ ی بیردەکەوێتەوە
وەک بڵێی رووداوەکانی ھی ئەو نین.
کێ داوای لێکرد شت و مەکەکانی ھەڵگرێ و، لە چ سووچێک  پێچیکردەوە
یان پێچی نەکردەوە، لە چ رێگاو بانێک ھاتووچۆی کرد.
ئایا ھەتاو بوو
یان باران دەباری..
بالۆرەکە باوە ، بەرێزێکی گاڵتەجارەوە
ئیستا پێی دەڵێن ئاغا یان بەگ
لە پشتیەوە بە ریشەکانی خۆیان پێ دەکەنن
ھەرکاتێ بە داڵغەوە رەت بووایە وگۆرانێکی دەووت:
((قەلعەنن دیبندە
بیر داش ئۆڵایدم))،
خۆزگە بەردێک بوومایە
لە ژێر قەڵا
خۆزگە قەڵا بە بەرزی دەمایەوە
منیش بەردێک بوومایە لە تەمەڵەکەی..
دەڵین(( ئەوەی نەدیتراوە ئەو دیویەتی))
یان ئەوەتا قەڵا بە ماسوولکە ئەستوورەکانی ئەو سەرسامە
بۆ جارێکی کۆسکەوتوو ،نوێنەکەی بۆ کردوەتەوە
بەڵام ،چۆن کوێرێک بە پێڵوەکانی دەست دەدات
لە پاڵتۆی پێغەمبەر و، بۆ یەکەم جار رووناکی داگیریان دەکات
ئەو رۆژرەی کیژەکەی بینی ، ئەو رۆژەی گالیسکەیەک لەبەردەمیا وەستا
-لێخوڕەکەی لە خانەکە دراوسێیەتی-خانمێک لێی دابەزی
سەری بە قژێکی زەرد تاجدار کردبوو
ھەرکاتێ خۆر لێی بدات ئەم چاوەکانی بۆ ناخی دەکەونەخوارەوە
کارەکەرێک لە دوای خانمەکەوەیە
ئاماژەی پیدا
نزیک بێتەوە-
لەسەر ئەو پردەی بۆ قەڵای کەرکوک دەچێت
کە دەروانێتە سەر ئەو رووبارەی بە ووشکی بەناوبانگە !
قەڵاکەی  بەھەزاران پیلکانە
زنجیرکراوەکە ، سەدان جار پیاندا ھەڵگژاوە
ئەو خانوانەی لەسەر پشتی ھەڵگرتووە
کە ژنان تیا وەکو داڵە مێینە لە پەنجەرە بەرزەکانەوە خۆیان لەتەل داوە
یان لەو بورجانەوە دەرواننە ھامشۆکەران
ھەر دەنکێک کێشانەکەری خۆی ھەیە، ئا ئەمە وادەی ئەوە..
سوپاس ئەی ئەو گالیسکەوانەی کە قەدەرەکان ناردی
خوا جەزات بداتەوە, جەزات بداتەوە
بەڵام بۆ منت ھەڵبژاردو
چۆن ئەمرۆ بگەرێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم
کە ھەمبوو بەرلەوەی تۆ ببینم؟
خۆزکە قەڵا بەبەرزی دەمایەوە
خۆزکە تاجم نەدەبینی
ئەرێ کەواتە قەرەبووە
ئەی سەرداری زیان و قازانجەکان
لەبری پاشماوەی رۆژە قرچۆکەکان و
کێ سووەکە دەژمێرێ وکێ حیسابەکەمان دەدات؟
خۆزگە قەلا..
کێ ؟
..من لە تەمەڵەکەیدا بەردێکم.
کارەکەرەکە لە کونی دەرگاکەوە درھەمێکی پێدا
لەو شوێنەی بەحەپەساوی ھەڵنووت و چاوی بریبووە دەستی و
کارەکەرەکە بە ناولەپە خەناوییەکەی لە پشتیەوەدا
تەپ و تۆز لە لبادە قورسەکەیەوە بەرز بۆوە.


ڕیکلام