ڕزگارکردنی سپیپێستێک لەلایەن ڕەشپێستێکەوە کاردانەوەی لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە

  2020-06-15  | 
بەریتانیا
ڕزگارکردنی سپیپێستێک لەلایەن رەشپێستێکەوە لەمیانی خۆپیشاندانەکانی لەندەن
بی بی سی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەچوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی دژی ڕەگەزپەرەستی لە لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیا پاتریک هاتچینسن-ی رەشپێست یارمەتی پیاوێکی سپیپێستی دا و بە وتەی خۆی لە مردن ڕزگاریکردووە .

رۆژی شەممە ١٣ی٦ی٢٠٢٠، خۆپیشاندانی هێمنانە دژی رەگەزپەرەستی لە لەندەن و زۆربەی شارەکانی بەریتانیا بەڕێوەچوو، دواتر گروپێک لە چالاکانی سەر بە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی لەندەن هاتنەسەر شەقام و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەئەمنییەکاندا دروستبوو و بەوهۆیەشەوە سەدان خۆپیشاندەر دەستگیرکران .

پاتریک هاتچینسن کە راهێنەری لەشجوانییە، سەبارەت بە وێنەکەی بە تۆڕی هەواڵی بی بی سی ڕاگەیاندووە، "ئەو پیاوە سپیپێستە لەسەر زەوی کەوتبوو، من و هاوڕێکانم هەوڵماندا نەهێڵن ژێر دەست و قاچ کەوێت ".

دەشڵێت، "هاوڕێکانم دەوری ئەو پیاوە سپیپێستەیان دابوو، منیش هاتم و خستمە سەر شانم و هەوڵمدا بیبەمە شوێنێکی پارێزراو، تەنانەت کاتێک لەسەر شانیشم بوو، خەڵکی لێیاندەدا ".

هاتچینسن راشیگەیاندوو، "ئەو کارەی کە پێویست بوو بیکەم، ئەنجاممدا و کەسێکم لە مردن رزگارکرد ".

سەبارەت بە کوشتنی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسێکی ئەمریکاوە، هاتچینسن دەڵێت، "ئەگەر یەکێک لە هاوکارەکانی ئەو پۆلیسە رێگری لەو کارە بکردایە، ئێستا فلۆید زیندوو بوو ".

جۆرج فلۆید پیاوێکی رەشپێشتی ئەمریکی بوو، رۆژی دووشەممە 25ـی ئایاری رابردوو لەبەردەم دووکانێک لە شاری مینیاپۆڵیس لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا لەژێر قاچی پۆلیسێکی سپیپێست گیانی لەدەستدا، لەو کاتەشەو تا ئێستا خۆپیشاندان دژی رەگەزپەرەستی لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.



ڕیکلام