کۆتا نامەی " غوڵامحوسەینی ساعدی" بۆ هاوسەرەکەی لە پاریسەوە

  2020-12-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەرگێڕانی : زرار حەمید

حاڵی من ئەسڵەن باش نییە، چیتر تۆزقاڵێک تاقەتم نەماوە، باری خراپی دارایی لەلایەک و بێ تۆیی لەلایەکی تر ... لەتوانامدا نەماوە خۆم بەڕێوە ببەم و خۆم پێ کۆناکرێتەوە. نائومێدی نائومێد بووم. گەر خودکوژی ناکەم تەنیا بە خاتری تۆیە، گەر نا یەکجار دەستم لەم ژیانە هەڵدەگرت و ئاسودە دەبووم. لە هەموو شت بێزارم، گەورەترین عەشقی من کە نوسینە ئێستا لەلام کارێکی پێکەنین ئامێزە. نازانم خاکی کوێ بەسەر خۆمداکەم، بڕیارمداوە بەهەر شێوەیەک بێت بیرێک لە حاڵی خۆ بکەمەوە. چارە ڕەش بووم...لێرە هەموو شت بێ بایەخە، نازانم منی بەدبەخت چ گوناهێکم کردبوو کە بەم ڕۆژە گەیشتم .

سێ ڕۆژ پێش ئێستا بە نیازی خۆکوشتن لە ماڵ چومە دەرەوە، ویستم کارێک بکەم تا ئاسودە بم. تەنیا خەیاڵی تۆ بوو کە منی بۆ ماڵ گەڕاندەوە .

هیچکەس حەوسەڵەی منی نیە، هیچکەس منی خۆشناوێت، چونکە من ڕاستیەکان دەڵێم. چەن مانگێکە یەک دیناریشم بەقەرز وەنەگرتووە، پانتۆڵەکەم پارچە پارچە بووە، قۆپچەکانم کەوتوون و دەم بۆ خواردن نابەم، دەمەوێت لە پەنا دیوارێکدا بمرم، ستەمێکی گەورە لە من کرا. سوێند بەهەموو بیروباوەڕم : گەر تۆ نەبای ئێستا حەوت کفنم زەرد کردبوو. ماندووم، بێ ماڵ وحاڵم، دەربەدەرم، جەرگم وا گڕ دەگرێت .

 ئامادە نەبووم یەک وشە فەڕەنسی فێر بم، من نیشتیمانەکەی خۆمم دەوێت، من هاوسەرەکەی خۆمم دەوێت .

هاوسەری نازەنینم؛ دڵنیابە تا چەند مانگی تر دەمرم، تۆم نەبی دەمرم! لەوانەشە پێش ئەوەی مەرگ بەپیرمەوە بێت من بەرەو پیری مەرگ بچم ... بگە فریام .

هاوسەری دڵسۆزت .

...................................

٭غوڵامحوسەینی ساعدی، نوسەرو شانۆنامەنوسی ئێرانی ساڵی ۱۹۳٥ لە شاری تەبرێز لەدایکبووە، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بووە لە دەرونناسی دا، لەبوارەکەی خۆیدا وانەبێژ بووە تا شۆڕشی ئیسلامی، دواتر بەهۆی نالەباری بارودۆخەکەو ستەمی ڕژێمی ئیسلامی چەندانجار توشی گرتن و ئەشکەنجە بۆتەوە، پاشان  ئێران بەجێدێڵێت بەرەو پاریس .

 ساعدی، چیرۆکنوسێکی دیار بووە و لەهەمان کاتدا شانۆنامە و ڕۆمان و سیناریستیش بووە، ناوی ساعدی لە ئەدەبیاتی ئێراندا ئەستێرەیەکی دراوشاوەیە بەتایبەت لە ئەدەبیاتی کورتە چیرۆکدا، ساعدی لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە ، بەڵام دوای خۆی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی جێهێشتووە، دیارترین کارەکانی " تازیەدارانی بەیەڵ"ە کە بۆ چەندان زمان وەرگێردراوە و فیلمێکی سینەمایشی لێ بەرهەم هاتووە .

ساعدی ساڵی ۱۹۸٥  لە نەخۆشخانەی "سان ئەنتوان" لە پاریس بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکناوەو لە گۆڕستانی "پێرلاشز" لە تەنیشت سادقی هیدایەت بەخاک سپێردراوە.


غوڵامحوسەینی ساعدی لەگەڵ شاعیرى بەناوبانگى ئێران (ئەحمەدى شاملو)دا


ڕیکلام