چیرۆک

  2020-12-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئۆکسجین / سامان محەمەد

پیرەپیاوەکە بەھۆی ئەوەی کەمێک لەجاران زیاتر ھەستی بە تەنگەنەفەسی و قورسی ھەناسەی دەکات، خەبەری دەبێتەوە. دکتۆرەکان پێیان گوتووە، گەر ھەستی بە قورسی ھەناسەی کرد خێرا ئامێری ھەناسەدانەکە لەسەری دەمی دابنێت و ھەڵیمژێت. لەگەڵ کرانەوەی چاوەکانیدا، خێرا ھەوڵدەدات ئامێرەکە لەسەر دەمی دابنێت. سەیری ئەو شوێنە دەکات کە ھەمیشە ئامێرەکەی لێ دادەنرێ، بەڵام ئامێرەکە لەوێ نیە. ئامێرەکە ھەمیشە لە تەنیشت جێگەکەی دادەنرێت. چونکە ئەوەی پیرەپیاوەکە ھەیەتی تەنھا چەند جوڵەیەکی کەمە، بە لاق و دەستەکانی. ئامێرەکە کەوتووەتە خوارەوە، لە خوارەوەی جێگەکەی. لە پاش بڕێک ڕوانین بە ژوورەکەدا، دەبینێت ئامێرەکە کەوتووە.

چاوەڕوان دەکات کەسێک بێتە ھانایەوە، بانگی کورت و نزم، سودێکی نیە. تاکو کات دەڕوات باری ھەناسەدانی ئەستەمتر دەبێت.

دەبێت خۆی ھەوڵبدات بتوانێت ئامێرەکە ھەڵبگرێتەوە، پاش کەمێک ھەوڵدان بەدەستەکانی ماندوو دەبێت، بەڵام ھیوا بڕاو نەبووە. خەریکە بە تەواوی ھەناسەدانی ئەستەم دەبێت، بەشێوەیەک وەک ئەوەی ھەناسەدانی بیرچوبێتەوە.

پیرەپیاوەکە ھەرگیز لە ژیانیدا لەسەر بیروباوەڕێک و ئاینێکی تەواو نەبووە، بۆیە لەم کاتەدا نازانێت چۆن لە خودا بپاڕێتەوە. لە ئامێری ھەناسەدانەکەی دەڕوانێت،  بەدڕدۆنگیەوە دەڵێت:خودای موحەمەد، یارمەتیم بدە.

ھەوڵی زۆر دەدات بۆ گەشتن بە ئامێرەکە، بەڵام ناتوانێت، دەستی پێناگات. بەھۆی ئەوەی توانای جوڵەی نەماوە، ھەناسەشی تەنگبووە. سەری ڕووتاوەتەوە، تەنھا لاجانگەکانی و پشتە سەری مووی پێوە ماوە.

دەتوانی ھەست بەوە بکەیت، بەھۆی ھەوڵدانە زۆرەکانی بۆ گەشتن بە ئامێرەکە، زۆر ماندوو بووە، سەری ئارەقەی زۆری کردووەتەوە.

نایەوێت ئێستا یان چەن خولەکێکی تر بەھۆی نەمانی ئۆکسجینەوە بمرێت، ئەوەی بیری لێ دەکاتەوە ژیانە. چەن سەختە پیرەپیاوەکە بگات ئامێری ھەناسەدانەکە، ئەوە بۆ ئێمە ئاسانە و ھیچ سەختییەک نایەتە ڕێگامان، دەتوانین بچەمینەوە و ئامێرەکە ھەڵبگرینەوە، ئاساییە گەر بەسەختی نەبینین.

پیرەپیاوەکە وای دەبینێت سەروەختی مردنێتی، بیر لەھەموو کاتە خۆشەکانی ژیان دەکاتەوە کە پێش وەختە بەسەری بردووە.

پیرەپیاوەکە چاوەڕوانی کۆتا بینینی کچە چواردەساڵانەکە دەکات، ئەو کچەی سەروەختی ئێواران لە ھەمان کاتدا بە پێش نەخۆشخانەکەدا بەسەر پاسکیلێکەوە تێدەپەڕێت. خواردنی پێیە و بۆ نەنکی دەبات، خانووەکەی نەنکی کەوتووەتە دوو شەقام خوارتر.

زۆر نابات کچە چواردە ساڵانەکە بەوێدا تێدەپەڕێت، ھەردووکیان سەیری یەکتر دەکەن و کچەکە وەک ھەموو جارێک بۆ پیرەپیاوەکە پێدەکەنێت، پیرەپیاوەکەش ھەموو ھەوڵدانێکی بۆ ئەوەیە بتوانێت بەڕوویدا پێبکەنێتەوە، پێدەکەنێت.
کچەکە دووردەکەوێتەوە، زیاتر لەئێوارانی تر، ئاوڕ دەداتەوە بۆ ئەو پەنجەرەی پیرەپیاوەکەی لێوەدەبینێت.

پیرەپیاوەکە، کچەکە دەبینێت خەریکە لەپێش چاوی ون دەبێت، زیاتر چاوی بچووک دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیبینێت، سەرەتا تایەی پێشەوەی، دواتر نیوەی پاسکیلەکەو دواتریش تایەی دواوە و ھەموو پاسکیلەکە و کچەکە، وندەبن.



ئای پیری داماو چ بێبەختییەکە کەسێک ئاگایی لێت نیە و بەفریات ناگات، کەس گوێی لە ھاوارەکانت نیە.

بۆ من و تۆ ئاسانە پڕ بەگەرومان ھاواربکەین و کەسێک گوێی لێبێت، یاخود ھەستین و دەرگاکە بکەینەوە. من ئەم کارە ناکەم، چونکە چیرۆکێکم ئەوێ، لێم مەگرن. دڵڕەق نیم، تەنھا نامەوێ ڕیتمی چیرۆکەکەم تێک بدەم و فریادڕەسێکی بۆ بنێرم.

تۆی خوێنەریش ئەو چاکەیە لەگەڵ من بکە و ھاوار مەکە، مەڕۆ بەدوایی نەخۆشخانە و پیرەپیاوەکەدا بگەڕێیت، ئەگەر ئەتەوێ چیرۆکێکی باش بخوێنیتەوە. بەردەوامبە لە خوێندنەوەی چیرۆکەکە و لای خۆتەوە درێژەی پێ بدە. نامەوێ کەس زەلیلی دەستی من بێت، بەڵام من بووم بەچیرۆکنووس، نەبووم بە چارەنووسگۆڕ.

خوێنەرە میھرەبانەکان جنێوم پێ مەدەن، مەڵێن ئەوپەڕی بێ ئابڕووییە کارێکی باشت لەدەست بێت و نەیکەیت.

دەمێکە خەریکە شکست دەھێنم، ناتوانم ھیچ بنووسم، ئێستا کە کارەکتەرێکی وەھا خەریکە چیرۆکێکی باش دەخولقێنێت، تکا دەکەم، تێکی مەدەن. حاڵی منیش ھیچ باشتر نیە لەحاڵی پیرەپیاوەکە، لەوانەیە خراپتریش بێت.

پەنجەرەی خانووە دوو نھۆمییەکەی بەرامبەر ژووری پیرەپیاوەکە لادەدرێت، پاشی چەن چرکەیەک گۆرانیەکی عەرەبی ھەڵدەکرێت، کچێک بەدەم ڕەقسەوە دێتە پێش پەنجەرەکە.

پیرەپیاوەکە کە لەم کاتەدا لەسەقفی ژوورەکە دەڕوانێت، بەشێوەیەک ھەموو گیانی بەرز و نزم دەکات، بەھەموو جەستەی ھەناسە دەدات، دەنگەکە وە گوێی دەگات، سەر دەسوڕێنێت بەرەو پەنجەرە کراوەکە. کچێک ڕەقس دەکات و کەیفخۆشە. بەردەوام چاوی لەسەرێتی، بۆ ساتێکیش چاوی لەسەر لانابات، خەندەیەک ھەموو ڕوخساری گرتووەتەوە. وەک بڵێی ئاواتی پێش مردنە، بە تەلیسمێکەوە بەرەو مردن دەچێت.

چما کێ مردنێکی وا، دیمەنێکی وا، لەدەست خۆی دەدات.

من لەم کاتەدا پێم وایە پیرەپیاوەکە لەژوورەکەی خۆی نەماوە، فڕیوەتە ئەوبەر، بۆ خانووە دوو نھۆمییەکە. لەسەر تاک قەنەفەیەکی ڕەنگ قاوەیی دانیشتووە، جگەرە لەسەر جگەرە پێدەکات و کچەکە ڕەقسی بۆ دەکات. ئێستا ڕاست و دروست ئەمانە نابینیت، چونکە تەنھا بەدرێژای پەنجەرەکە ژوورەکە دەبینیت، بەڵام کە ڕۆشتیتە ناو ژوورەکەوە، فراوانی ژوورەکە دەبینیت، پیرە پیاوەکە دەبینیت، لەسەر قەنەفە قاوەییەکە، کە خەریکە تێیدا وندەبێت پان بووەتەوە و ھەڵڕژاوەتەوە ناو قەنەفەکە.

ھیچ ماندوویەکیش بە ڕوخساری پیرەپیاوەکەوە نابینیت، سەریشی ئارەقەی نەکردووە، بەڵام ھەر ھەناسەی قورسە و تەنگەنەفەسە.

پێم وایە ئێستا نا، بەڵام چەن خولەکێک پاشتر، پیرەپیاوەکە گیان دەسپێرێت، بەڵام خەندە ڕوخساری جێناھێڵێت. پەرستارەکە دێتە سەری و دەبینێت مردووە و خەندە ھەموو ڕوخساری گرتووەتەوە، ھەواڵ دەدات کە مردووە.
وای، ئەوە کێیە ناھێڵێت چیرۆکەکە بەم شێوەیە کۆتایی بێت دیسان خەریکە شکست دەھێنم، کەسێک بەخێرای خۆی کردووە بە خانەی بەساڵاچوانەکەدا و ھاواردەکات"خەریکە دەمرێت، خەریکە...". کام خوێنەری عیناد و کەلەڕەقە چیرۆکێکی باشی ناوێت، کام خوێنەرە دەیەوێت ببێت بە فریادڕەس.

خەریکە ژیانی پیرەپیاوەکە ڕزگار دەکرێت، ئەوەی ژیانی لە مەترسییایە منم، دەبێت لەم شوێنە بچمە دەرەوە، خوێنەرە میھرەبانەکە بەدوامدا دەگەڕێت، دەبێت بڕۆم.







ڕیکلام