دوو دەرهێنەرى کورد فیلمێکى درێژ لەسەر داعش بەرهەمدەهێنن

  2020-12-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە فەڕەنسا کارى پاش بەرهەمهێنانى بۆ دەکرێت

هەریەک لە ئاڵا هۆشیار و ڕەزا عەلایی کە دوو دەرهێنەرى سینەمایین، لە ماوەى ڕابردوودا فیلمێکیان دەربارەى شەڕى داعش بەرهەمهێناوە، ئەم فیلمە بەرهەمى کۆمپانیاى ڕێک فیلم لە کوردستان و کۆمپانیاى مارگۆ سینەماى فەڕەنسییە، تایبەت بە (تۆڕى هەواڵى ژیان) هونەرمەند (ڕەزا عەلایی) کە یەکێکە لە دەرهێنەرەکانى فیلمەکە وتى: بیرۆکەى  فیلمەکەمان لە واقیعى شەڕى داعشەوە وەرگرتووە، ئەمەش پاش ئەوەى ئاڵا هۆشیار وەک ڕۆژنامەنووس و کامێرامان لە شەڕى داعشدا لەگەڵ (هەڵۆ ڕەمشتى) کە ئەندازیارى پوچەڵکردنەوەى (تى ئێن تى)یە دەبنە هاوڕێ، دواتر لەسەر بنەماى هەندێک ڤیدیۆ بڕیارى دروستکردنى فیلمێکى درێژى سینەماییماندا، بێگومان لە سەرەتادا من و ئاڵا بە ڕاوێژ لەگەڵ کرمانج هۆشیار دەستمان بە نووسینى سیناریۆى فیلمەکە کرد و پاشان بە بودجەیەکى کەم هەڵماندا بە ئاستێکى باش کارى بەرهەمهێنانى  فیلمەکە ئەنجام بدەین.

دەربارەى قۆناغى پاش بەرهەمهێنانى فیلمەکەیان ئەو دەرهێنەرە وتى: فیلمەکە لە ئێستادا لە وڵاتى فەڕەنسا لە قۆناغى پۆست پڕۆداکشندایە و ئەو کەسانەى تاکو ئێستا فیلمەکەیان بینیوە کاردانەوەیان باشە لەسەرى و پێیان وایە فیلمێکى جیاوازە و لە ئاستى سەلیقەى سینەماى ئەمڕۆى جیهاندایە، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆى پەتاى کۆڕۆناوە فێستیڤاڵەکان بەڕێوەنەچوون و ئێمەش فیلمەکەمان ڕەوانەى هیچکامیان نەکرد، کە بەهیواین لە دەرفەتێکى گونجاودا لە کوردستان نمایشى بکەین .



ڕیکلام