ئیسرائیل وەک یەکەم دەوڵەتی ناوچەکە ڤاکسینی کۆرۆنای پێگەیشت

  2020-12-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیسرائیل یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەری دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێگەیشت و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەیی خۆی دەربڕی وەک یەکەم کەس ڤاکسینەکە وەربگرێت.

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، یەکەم کاروان لە ڤاکسینی کۆرۆنا ئەمڕۆ گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن، ئەوەش تاقیکردنەوەیەکی بەهێزە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە تواناکانیان بۆ گواستنەوە و هەڵگرتن وەک لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە.

کۆمپانیای "تیڤا"ی تایبەت بە پیشەسازی دەرمان و دابەشکاری ڤاکسینەکە ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ٢٠ ئەم مانگەوە دەست دەکات بە دابەشکردنی.

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا ڕایگەیاند "من یەکەم هاوڵاتی ئیسرائیلی دەبم کە ڤاکسینەکە وەردەگرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانیش چاوی لی بکەن.

نەتەنیاهۆ لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن و لە کاتی گەیشتنی ڤاکسینەکە ئاماژەی بەوەشکرد،  بڕوای بەم ڤاکسینە هەیە و چاوەروانیش دەکرێت  وەرگرتنی بە مۆڵەتی تایبەت دەبێت لەلایەن دەزگای تەندروستی وڵاتەکەیەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کۆمپانیای فایزەر و بیونتک مانگی ڕابردوو ڕایانگەیاند، بڕی ٨ ملیۆن ڤاکسین بۆ ئیسرائیل دابیندەکات و بەریتانیاش دوێنێ وەک یەکەم وڵات دەستی کرد بە پێدانی ڤاکسینەکە بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی.



ڕیکلام