لاهور شێخ جەنگی سەردانی کەسوکاری شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی کفری و دەربەندیخانی کرد

  2020-12-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لاهور شێخ جەنگی سەردانی کەسوکاری شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی کفری و دەربەندیخانی کرد و جەختیکردەوە دەبێت لێکۆڵینەوەی وورد لەو ڕووداوانە بکرێت و یاسا مافەکانیان بۆ وەربگرێتەوە.

لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند لە میانی بەسەرکردنەوەکاندا پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکانیان ڕاگەیاندووە.

وتووشیەتی " نیگەرانی قووڵی خۆمان دەربڕی کە هەندێک کەس و لایەنی بەرژەوەندیخواز،  خۆپیشاندانەکانیان بەلاڕێدا برد کە تیایدا مامۆستا و فەرمانبەران و هاووڵاتییان داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکرد، داوایان دەکرد حکومەت خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە دابینکردنی مووچەکانیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کە بەداخەوە دەرئەنجامەکەی ڕووداوی نەخوازراوی لێکەوتەوە و خوێنی چەند گەنجێک بە ناهەق ڕژا. ئەو تۆمەتانەشمان ڕەتکردەوە کە بۆ داپۆشینی سیاسەتە هەڵەکانیان پێیان وابوو دەستی دەرەکی لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە هەبووبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەن کە سەرباری لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان، لە خەمی میللەتەکەیاندان و چاویان لەوەیە کە کێشەکان چارەسەر بکرێت و گوزەرانی هاووڵاتییان باشتر بکرێت، هاوڕابوون کە لێکۆڵینەوەی وورد لەو ڕووداوانە بکرێت و یاسا مافەکانیان بۆ وەربگرێتەوە.

جەختیشیکردووەتەوە "لەکاتی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەدا لە بەغدا بووین بۆ زەمینەسازیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای یاسا و دەستوور، چونکە پێمان وایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە بەغدایە، لەهەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەکان لە پێناو دابینکردنی ژیان و ئارامی بۆ میللەتەکەمان، دەبێت لەو پێناوەشدا هەمووان هاوکار و پشتیوانیی یەکتر بین و کۆتایی بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان بهێنین" .

ڕوونیشیکردووەتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەکان، لە دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی باشتر و شایستە بۆ هاووڵاتییان، دەبێت مەلەفی شکستخواردووی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بکرێت و لە بەرامبەردا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ناکرێت چیتر فرۆشتنی نەوت ببێتە مایەی نەهامەتی و قەرزاریی، هاووڵاتییانی ئەم هەرێمە شایستەی ئەوەن کە لە ژێر چەتری داهات و سامانی وڵاتەکەیان ژیانێکی ئارام بەسەر ببەن، چیتر میللەتەکە باجی عینادیی سیاسی نەدات، دەبێت بیرمان لای بەرژەوەندیی گشتیی بێت. با هەموو دەست بخەینە ناودەستی یەکتر بۆ ڕێگرتن لە زیاتر برسیبوونی خەڵك  بۆ ڕێگرتن لە بێ موچەیی،لە ڕۆژانی داهاتووشدا کەسوکاری سەرجەم قوربانییەکانی تر بەسەر دەکەنەوە .



ڕیکلام