هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا هاتە سەر سفر

  2020-12-19  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان

ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی عێراق جارێکی تر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەوە بە سفر.

ئیدارەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ناوەندی هاوردەی ئەمریکا لە نەوتی خاو لە هەفتەی ڕابردوودا لە حەوت وڵاتەوە گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٨١٦ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە واتای ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٦٧ هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا هیچ بڕە نەوتێکی خاوی لە عێراقەوە هاوردە نەکردووە، دوای ئەوەی لە هەفتەی پێشووتردا بڕی ١٠٩ هەزار بەرمیلی هاوردە کردبوو.

ڕوونیشیکردووەتەوە، زۆرترین هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لەهەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداوە بووە و برەکەی گەیشتووەتە ٣ ملیۆن و ٥٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دوای ئەویش مەکسیک کە رۆژانە ٥٨٠ هەزار بەرمیل هاوردە کردووە، لە کۆڵۆمبیاشەوە ڕۆژانە بڕی ٢٨٦ هەزار بەرمیلی هاوردە کردووە، پاشان لە ئیکوادۆر کە ڕۆژانە ١٦٨ هەزار بەرمیل نەوتی هاوردە کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە هەمان شێوە هاوردەی نەوتی خاوی سعودیەش  لەلایەن ئەمریکاوە کەمبووەتوە و ڕۆژانە ٣٧ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لێوە هاوردە کردووە.



ڕیکلام