"بە کتێبی بۆمبی ساڵ ناسراوە"

  2020-12-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ یەکەمجار لە کوردستان وەرگێڕێک کتێبێک بە گەرانتی چاپ و بڵاودەکاتەوە.

وەرگێڕێکی گەنجی کورد بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ڕۆمانێک بەشێوازێکی جیاواز و سەرنج ڕاکێش چاپ و بڵاودەکاتەوە، کە ئەویش گەرانتیکردنی ڕۆمانەکەیە بۆ خوێنەرانی.

ڕۆمانی (ترس لە مەرگ) یەکەمین بەرهەمی نووسەری ئوسترالیایی (ستیڤ تۆڵتز)ە، کە لە ساڵی 2008 بڵاوبووەوە و لەهەمان ساڵدا پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "مان بوکەر" و وەکو یەکێک لە سەرکەوتووترین و گەورەترین ڕۆمانەکانی مێژووی ئەدەبیاتی ئوسترالیا ناوی دەهێنرێت و یەکێکە لە پڕفرۆشترین بەرهەمەکانی نیویۆرک تایمز و ئەمازۆن.

ڕۆمانی (ترس لە مەرگ) لەلایەن وەرگێڕی کورد "ئارام ڕەشید" لە زمانی فارسییەوە کراوە بە کوردی و لەسەر ئەرکی خۆی لە تاران چاپکراوە و لەلایەن دەزگای ڕەهەند کاری بڵاوکردنەوەی بۆ کراوە و لەئێستاشدا لە کتێبخانەکاندا بەردەستە بۆ خوێنەران.

ئارام ڕەشید، وەرگێڕی ڕۆمانی (ترس لە مەرگ)، بە (  تۆڕى هەواڵى ژیان )ی راگەیاند: ئەم ڕۆمانە باس لە قووڵایی بوونی مرۆڤەکان دەکات، درامێکی خێزانییە کە وێنای ترس، چاوەڕوانیی و ژیان بە کۆمیدیایەکی ڕەش دەکات.

وتیشی "چیرۆکی ڕۆمانەکە لەسەر زاری هەردوو کەسایەتی سەرەکی (مارتین و جاسپەر دین)ـەوە دەگێڕدرێتەوە، کە تا ڕادەیەک ڕوانگەی خوێنەر بەرامبەر چەمکەکانی (خۆشەویستی، ژیان، خێزان، نەتەوە و باوک و فەرزەندی) و لە هەمووشیان گرنگتر "مەرگ" دەگۆڕێت ".

لەبارەی ئەوەی بۆچی وەرگێڕ ئەم کتێبەی بۆ خوێنەرانی گەرانتی کردووە و چۆن بیری لە کارێکی لەو جۆرە کردۆتەوە، ئارام ڕەشید وتی "زۆرجار لە پاش خوێندنەوەی کتێبێک، ئەو هەستەم هەبووە کە خەڵەتێنراوم، خەڵەتێنراو بەو مانایەی کە پارە و کاتێکی زۆرم داوە لە بەرامبەر شتێکدا کە پێموابووە هەم پارەکەم و هەم کاتەکەم بەهەدەر چووە. ئیدی زۆرجار بیرم لەوە دەکردەوە بریا بمتوانیبا لەگەڵ (نووسەر یان وەرگێڕ)ی کتێبەکە باسی ئەو هەستەی خۆمم بکردایە و داوای ڕوونکردنەوەم بکردبایە. لەمەوە بیرم لەوە کردەوە خۆم ئەوە کارە بکەم کە تائێستا خەونم بووە هەبێت و نەبووە. من دەتوانم بڕی پارەی کتێبەکە بۆ هەرکەسێک بگەڕێنمەوە کە کتێبەکەی بەدڵ نەبێت و هەست بە خەڵەتاندن بکات لە بەرامبەر کڕینیدا، بەڵام بە داخەوە کە ناتوانم قەرەبووی ئەو کاتەی بۆ بکەمەوە کە لەدەستی چووە، تەنیا دەتوانم گوێی بۆ ڕادێرم کە بۆچوونەکانیم لەسەر کتێبەکە بۆ باس بکات و هۆکارەکانی بەدڵنەبوونی کتێبەکەم بۆ ڕوون بکاتەوە، کە بە داخەوە ئەمەش دیسانەوە پێویستی بە کاتە ".

سەبارەت بەوەی بۆچی ناوی کتێبەکەی گۆڕیوە، وەرگێڕی ڕۆمانەکە ئاماژەی بەوەدا

"ناوی کتێبەکە خۆی (بەشێک لە گشت)ـە، بەڵام (ستیڤ تۆڵتز)ی نووسەری کتێبەکە لە چاوێپێکەوتنێکدا دەڵێت: ڕۆمانی (بەشێک لە گشت)م دەربارەی ترس لە مەرگ نووسیوە، هەروەها دەتوانین بڵێین کۆنسێپتی بنەڕەتی کتێبەکە مەرگە، ڕوونتر بڵێم (ترس لە مەرگ)ـە و گەورەترین ترسی ژیانی مارتین دینیش هەر مەرگە. بۆیە لەبری ناونیشانەکەی خۆی ئەم ناونیشانەم بۆ هەڵبژارد ".

ئارام ڕەشید کتێبەکان لە زمانی فارسییەوە وەردەگێڕێتەسەر زمانی کوردیی و تاوەکو ئێستا وەرگێڕانی بۆ هەریەک لە ڕۆمانەکانی (کۆلارەباز، بەردی سەبووری، منداڵی پێنجەم، ڕێگا، بازاڕیی، کافکا لە کەنار دەریا) کردووە و چاپ و بڵاویکردونەتەوە.



ڕیکلام