دوو هونەرمەندى مۆزیکسیان کارێک بە مۆبایل تۆمار دەکەن

  2020-12-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارچە موزیکێکى ئیسپانى دەژەننەوە

هونەرمەندانى موزیکسیان (توانا خورشید و دەروون عوسمان) پارچەک موزیکى دانەرى ئیسپانى (چێکوێلۆ) دووبارە دەژەننەوە، هاوکات کلیپێکیشى بۆ دەکەن، ئەوەى کارەکە لە زۆرینەى کارەکانى دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە ئەم کارە لە ڕێگەى مۆبایلەوە دەنگەکەى تۆمارکراوە. سەبارەت بەو کارە تایبەت بە (تۆڕى هەواڵى ژیان) هونەرمەند (توانا خورشید) وتى: بیرۆکەی دروستبوونی ئەم کارە لەلایەن دەروونی هاورێمەوە بوو، چونکە ئەو پێشتر لەگەڵ چەند ژەنیارێکی دیکەدا بە هاوبەشی کاری لەم شێوەزەیان کردووە، کە پێکهاتوون لە کاری کورت و هەر بە مۆبایلیش تۆمارکراون، هەڵبەتە ئەم کارەش هەر بەو شێوازەیە و دەنگەکەی بە مۆبایل تۆمارکراوە، بەڵام وێنەگرتنەکەی بە کامێراى دیکە کراوە، لە ناوچەی هەورامان لەلایەن (محمد ئازاد) و بە هاوکاری هەریەکە لە (بنار تاهیر، کۆسرەت ئەشرەف، سەیف سان، موحەمەد ئیقبال) بەگشتی کارەکە شێوازی فلامینکۆیە و من بە ئامێری کەمانچە بە شێوەی ئیپمپرۆڤایس ژەندنم کردووە لەگەل میلۆدییە سەرەکییەکەدا.

ئەو هونەرمەندە دەربارەى لایەنى بەرهەمهێنەرى کارەکەشیان وتى: کارەکە بەرهەمى هیچ کەس و لایەنێک نییە.

لە کۆتاییدا ئاماژەى بە چۆنێتى بڵاوکردنەوەى کارەکەیاندا و وتى: لە ئەمڕۆ بەدواوە کارەکەمان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانى فەیسبوک و ئینیستاگرام بڵاودەکەینەوە.

خوێنەرانى تۆڕى هەواڵى ژیان دەتوانن لەم ڤیدیۆیەى خوارەوەدا تەواوى ئەو کارە موزیکییە ببینن:


ڕیکلام