پەرلەمان ژمارەی فەرمی دەستگیركراوانی بادینانی ئاشكراكرد

  2020-12-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی ناوی 53 چالاكوان گەیشتووە بە پەرلەمانی كوردستان كە لە سنوری بادینان دەستگیركراون، پەرلەمانتارانیش دەڵێن سێ جار وەزیری ناوخۆ بە پاساوی جیاواز كۆبوونەوەی بۆ ئەو مەبەستە رەتكردووەتەوە.

دوای سەردانی ژمارەیەك لە كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان بۆ پەرلەمانی كوردستان، دوو پەرلەمانتاری كوردستان لەگەڵ كەسوكاری دەستگیركراوەكان داوایانكرد حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات ئازادیان بكات. 

هەریەكە لە شنۆ ئیشقی و زكری زێباری، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دوای پێشوازیان لە ژمارەیەك لە كەسوكاری زیندانیكراوانی بادینان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای ئازادكردنی ئەو دەستگیركراوانەیان كرد. 

شنۆ ئیشقی، رایگەیاند: هەڵمەتێكی فراوانی چالاكوان و رۆژنامەنووس و مامۆستایان لە سنوری دهۆك دەستیپێكردووە كە دوور لە بەهای ئازادی و دیموكراسی و یاساییە، لە نیوەشەودا هێرش دەكەنە سەر ماڵی چالاكوانان. 

ئەو وتیشی: بە سەدان كەس لە سنوری دهۆك دەستگیركراون، بەڵام ئەو ناوانەی بە فەرمی بە ئێمە گەیشتووە 53 كەسن، لیژنەی مافی مرۆڤ كارەكانی لە سنوری پارێزگای دهۆك زۆر لاوازە نەیانتوانیوە كەسوكار و زیندانیان خۆیان ببینن. 

هاوكات هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا زیكری زێباری وتی: وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ هەرچەندە سێ جار هەوڵمانداوە بۆ ئەو مەبەستە وەزیری ناوخۆ ببینین، بەڵام هەر جارەی بە پاساوێك رێیاننەداوە سەردانیان بكەین. 

ئەو داواشی لە حكومەتی هەرێم كرد ئەو چالاكوانانە بەزوترین كات ئازاد بكرێن، داواشمان لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە بە زوترین كات هەوڵبدەن ئەو كەسانە ئازاد بكرێن. 


ڕیکلام