گريانت

  2020-12-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنتۆنيۆ گامۆندا

وەرگێڕ: ئارام ڕەشيد

بە تەنيايت لە خۆتدا و

لە ژێر ڕووناكى خۆت

گرياو .

لەسەر سيمات

پەڕە گوڵێك هەيە، زامدار .

گريانت بەناو دەمارەكانمدا، دەگەڕێ .

دەردى منيت تۆ،

وە دەرمانى من .

لە ژێر پێستى دايكت دەخەويت

لە ژێر پێستى دايكت دەخەويت و

خەونەكانى دزە دەكەنە ناو خەونەكانتەوە .

لە هەمان سەرساميى درەوشاوەدا

بێدار دەبيتەوە .

هێشتا نازانيت كە هەيت :

دوودڵى لە نێوان دايكت و

لەرزێكى زيندوو .

هەندێك ئێوارە

هەندێك ئێوارە

خۆرنشين

تيشك ناخاتە سەر پرچەكانت

لە هيچ شوێنێك نيت و

قسە دەكەيت

بە وشەگەلێك كە ماناكانيان نازانيت .

ئەندێشەكانى منيش،

هەر بەمجۆرەن .

ماڵئاوايى

بە دەستەكانت

كە ئاوازێك ڕێنماييان دەكات،

ئاوازێك كە بە نهێنيى بەيادى دەهێنيتەوە،

دەڵێى ماڵئاوا، لەناو دەرگاكەدا .

ئاهـ! ئەى حەلاوەتى گەمژە،

دەڵێى ماڵئاوا لەناو دەرگاكەدا و

دەستەكانت

چركەساتێك دەنەخشێنن

ناكۆتا .

گوێم لە دەنگى گريانتە

گوێم لە دەنگى گريانتە .

دەچمە سەرەوە

تاوەكو ئەو ژوورانەى كە سێبەر

كەوتووەتە سەر ديوارە بێجووڵەكان،

بەڵام تۆ لەوێ نيت :

تەنيا متيلەكان هەن

كە دەپێچرێن

بە دەوورى خەونەكانى تۆدا .

ئيدى

هەموو شتێك ناديارە لە مندا؟

هێشتا نا .

لە سەرووى بێدەنگييەوە

جارێكى دى

گوێم لە دەنگى گريانتە .

لە يادت كردووە تەماشام بكەيت

لە يادت كردووە تەماشام بكەيت

ئاهـ! نابيناى لێوانلێو لە ڕووناكى .

دەستەكانت لە من ئەستاندووە و

منيش لە خۆم هەڵدێم و

پەنا بۆ ئامێزى تۆ دەبەم .

پێتوايە ئيهمالم دەكەيت

بەڵام من

خەياڵى تۆم .

لە من هەڵهات

لە من هەڵهات .

ڕەنگە لە تۆدا بێت و

تەنيا لە دڵە بچووكەكەتدا هەستى پێدەكەيت .

ئەرێ،

سێبەرێكە

قوورسايى ناخاتە سەر دڵت .

.

يەكەمين گوڵ

گوڵێكيت پێش لە چاڵ

هەمان يەكەمين گوڵ .

ئاماژەكان

سێبەرە ئەشكەنجەدراوەكان

لە ئاماژەكان نزيك دەبنەوە

بير لە ڕۆژێك دەكەمەوە

كە ئەسپەكان فێربوون

بگرين .

شارێكى نەناسراو

شارێكى نەناسراوە و

باران دەبارێ

بەبێ ئومێد

نە يادەوەرى

نە فەرامۆشى

تەنيا خەتا ماوەتەوە .

لەم شارە نەناسراوە

كێ خۆشيدەوێم؟

چەند ماندووكەرە

من ئەوەم كە ئيدى سەرم بە نەبوونەوە ناوە

ئەوەى كە هێشتا هەنسك هەڵئەدات .

چەند ماندووكەرە

كە بێهوودە دوو كەس بيت .

* ئەنتۆنيۆ گامۆندا، بەناوبانگترين شاعيرى زيندووى ئسپانيا و ڕەنگە هەموو ئيسپانى زمانەكانيش بێت. گامۆندا لە تەمەنى هەشت ساڵاندا باوكى مردووە و بە هەتيوويى و هەژاريى گەورە بووە. باوكى يەكێك بووە لە شاعيرانى ڕەوتى مۆدێرنيزمى ئيسپانيا. گامۆندا لە شەڕى ناخۆى ئيسپانيا تەمەنى پێنج ساڵان بووە، كە لەو كاتەدا سەرجەم قووتابخانەكان داخراون. بۆيە بە ناچاريى بە كتێبەكانى باوكى فێرى خوێندنەوە و نووسين بووە... شيعرەكانى گامۆندا فرە ڕەشن، لە قووڵايى دەروونمانەوە خۆمانمان بۆ دەگێڕێتەوە.



ڕیکلام