دادگای تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە سزای ٢٧ ساڵ زیندانیکردنی سەپاند بەسەر ڕۆژنامەنووسی ناسراوی تورک (جان دۆندار) کە لە وڵاتی ئەڵمانیا دادەنیشێت، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و سیخوڕێکردن.
دۆندار کە پێشتر سەرنوسەری ڕۆژنامەی (جموهریەت)ی ئۆپۆزسیۆن بووە و لە لایەن دادگای ئیستنەبوڵەوە تاوانبار کرا، لەسەر بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەیەک، کە ئاماژە دەکات بەوەی دەزگای هەواڵگری تورکیا چەک و کەلوپەلی سەربازیی ڕادەستی گروپە ئیسلامییەکان کردووە لە سوریا.
لەناوەرۆکی حوکمەکەدا ئاماژە کراوە بەوەی دادگا سزای ١٨ ساڵ و شەش مانگی سەپاندووە بەسەر دۆنداردا، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی و سیخوڕی، هەروەها بە سزایەکی دیکەی زیندانی بە ٨ ساڵ و ٩ مانگ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بە تایبەت تۆڕی فەتحوڵا گویلەن سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەت.
لە ساڵی ٢٠١٦شدا دادگا سزایەکی دیکەی ٥ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانیکردنی سەپاند بەسەر دۆنداردا، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە و ئاشکراکردنی نهێنی دەوڵەت لە دۆسیەیەکدا کە بووە مایەی توڕەکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا.
بەڵام دادگای باڵا لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو حوکمەی هەڵوەشاندەوە و فەرمانیکرد بە دادگا بە دووبارە دادگاییکردنەوەی دۆندار بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەوەی سزاکەی توندتر بکرێتەوە.
دوای تاوانبارکردنەکەی لە ساڵی ٢٠١٦دا دۆندار ڕوویکردە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەرێتی کرد لەو وڵاتە.