بەختیار سەعید: بەدرێژایی مێژوو کورد لە شەڕ و راوەدووناندا بووە کە هۆکار بووە بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەرشیف بکات

  2020-12-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانى: داستان

بەختیار سەعید ساڵانێکە ناوێکى دیارە لە بوارى ئارشیف کردنى هونەرییدا، بەتایبەت هونەری شێوەکاریی، هەروەها وەک ڕۆژنامەنووسى هونەریی و ئامادەکاریی پێشانگاش چەندین کارى ئەنجام داوە، ئەمەش کارێکى گرنگى بوارى هونەرە و هەموو گەلێکى زیندیی دونیا بایەخى پێدەدەن، چونکە لە کۆتاییدا ئارشیفەکان دەبنە هۆیەک بۆ ناسنامەى هونەری هەر میللەتێک، لەم دەرفەتەى (تۆڕى هەواڵى ژیان)دت بەڕێز بەختیار سەعید لە بارەى ئارشیف  کارەکانى دیکەى لە بوارى شێوەکارییدا دەدوێنین :

ژیان: چۆنبوو بیرت لەوە کردەوە لە بواری ئارشیفی هونەرییدا کار بکەیت؟

بەختیار سەعید: من له‌ خیزانێکی شێوەکاریدا گەشەمکردوو ئاشنابووم بە هونەر بەگشتی و بەتایبەتی هونەری شیوەکاری، کە هەردوو برام (رێبوار سەعید- هوشیار سەعید) هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئاوێتەی ئەو دنیایە ببم و دنیای شانۆ بکەمە دنیای خەونەکانم کە سەرەتای ساڵی 1983 وە وەکو ئەکتەر لەچەند شانۆییەک بەشداریمکردم کە و دواتریش لە سەرەتاکانی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و لەگەل برای شانۆکارم رزگار باهیر بەشداری بەرهەمێکی تەلەفزیۆنی بکەم بە ناوی (ئەپسەکەی کاکە حەمە) و ئیتر لەوێوەوە چوومە دنیای رۆژنامەگەری و دنیای هونەر بووە دنیای کاری رۆژنامەوانیم و بەشیوە گشتییەکە کارم بۆ هونەر دەکرد بەگشتی و بەتایبەتی شیوەکاری، هەر لەو نێوەندەوە کە دەگەڕام بۆ زانیاری لەسەر شێوەکارە جیهانییەکان و مێژووی شێوەکاری لەو وڵاتە جیاوازانەدا، دەمبینی سەدان سەرچاوە هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە کەمترین سەرچاوە لەسەر مێژووی شیوەکاری کوردی و شێوەکارەکان لەبەردەستدایە، هەربۆیە لەوەوە دەستمپێکردو جگە لەدیداری شێوەکارەکان، وردەکارییەکانی شارەکانم کۆکردەوە سەرەتا شاری سلێمانی، دواتر باشوری کوردستان کە سەردانی شارەکانم کردووە، دواتر رۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی مانگێک مانەوەم زۆرترین دیدارو زۆرترین زانیاریم کۆکردۆتەوە، دواتریش سەردانی باکوری کوردستان بەهەمان شێوە .

ژیان: دونیای هونەریی ئێمە بە گشتی دونیایەکی خاڵییە لە ئارشیف، زۆر بەرهەمی هونەریی هەن لە ڕۆژگاری زۆر نزیکدا کراون و ئێستا هیچیان بەردەست نییە، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگێڕیتەوە؟

بەختیار سەعید: بەدرێژایی مێژوو میللەتی کورد لە شەر و راوەدووناندا بووە کە هۆکار بووە بۆ ئەوەی نەتوانێت ئەرشیف بکات لەهەموو بوارەکاندا، هەر بۆیە میلله‌تێکی بێ ئه‌رشیف بووین" و وامان لێهاتووە ئەگەر سەرچاوە رۆژهەڵاتە روسیییەکان و ئەوروپییەکان و دواتریش ئێرانی و تورکییەکان نه‌بێت ئه‌وه‌ خۆمان شتێکی ئه‌وتۆمان نییه‌" هه‌ربۆیه‌ ئه‌وان بوونەتەوە بەسەرچاوەی زۆر بواره‌ جیاوازه‌کانی زانیاری بۆ ئیمە، لەدوای راپەرینیشەوە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان خەمێکیان نەبووە کە خەمی ئەرشیفی هونەری بێت هەموو ئەوەی لەبەردەست هەوڵدانی تاک لایەنەیە بەبێ پشتگیریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەهەمانکاتدا نەبوونی مۆزەخانە کە پاریزگاری تابلۆ و پەیکەرە و سیرامیک و گرافیک و فۆتۆکانمان لەئەستۆ بگرێت، ئەوانەی کە هەیە هەوڵی تاکە کەسییە، هەروەها نەبوونی دامەزراوەیەکی تایبەت بە ئەرشیف وەکو ئەرشیسفی نەتەوەیی کە لە زۆربەی وڵاتاندا بوونی هەیە .

ژیان: ئەو ئاستەنگانە چین کە دێتە بەردەم کەسانێک کە دەیانەوێت کار بۆ ئارشیفکردنی ئیشە هونەرییەکاندا بکەن؟

بەختیار سەعید: کیشەکان لەوەوە دەست پێدەکات هیچ ناوەندێک، یاخود دەزگایەک نییە پشت و پەنای ئەو کەسانە بن کە کاری ئەرشیف دەکەن هەربۆیە حەز و خەونەکە تەنها حەز و خەونی تاک لایەنە دەمێنێتەوە و وەکو پێویست گەشکردن بەخۆیەوە نابینێت، هەربۆیە ئێمە نەمانتوانیووە ببینە خاوەنی ئەرشیفێکی پڕ شانازی، بۆ نموونە کۆنترین تابلۆ لە باشوری کوردستان لەوبروایەدام تابلۆی قەڵای هەولێری (دانیاڵ قەساب) که‌ میێژووه‌که‌ی بۆ ساڵی 1941 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە ئیستا لە کتێبخانەی گشتی هەولێرە، بەڵا‌م کە دەچیتە وڵاتان تابلۆی سەدەی پانزە و شانزە دەبینیت، هیچ دامەزراوەیەک خۆی نەکردۆتە خاوەنی ئەو کەسانە بین کە خۆیان بۆ ئەو بوارە تەرخانکردووە .

ژیان: ئەوەی تاکو ئێرە کردووتانە چیین لە بواری ئارشیفی هونەرییدا و پێتان وایە کاریگەریی چی دەبێت بۆ داهاتوو؟

بەختیار سەعید: توانیوومە لەسەر ئاستی کوردستان ئەرشیف کۆبکەمەوە و بەشێکیان بچێتە بواری چاپ و بڵاوکردنەوە، هەروەها بیرم لەوە کردەوە کە گرنگە ئێمەش وەکو هەموو میللەتانی تر کوراسەی تایبەت بەشێوەکارەکانمان هەبێت هەربۆیە کوراسەی شێوەکاری کۆچکردوو (بەدیع باباجان) کە دەبێتە یەکەمین شێوەکاری کورد کە بەشێوەی ئەکادیمی هونەری خوێندووە، بووە خاوەنی یەکەمین کوراسەی شێوەکاری لەباشوری کوردستان و دواتر کوراسەکانی (ئازاد شەوقی، محەمەد عارف، غازی محەمەد، عەتا قەزاز، عەلی لەتیف، عەلی جۆڵا، مهاباد جەمال، دنیا بینییەکانی هونەری شێوەکاری کوردی 3 بەشە)، هەروەها ساڵی 2005 بەهاکاری هونەرمەند (دیاری قەرەداغی) و چەند هاورێییەکی تر توانیمان یەکەمین رۆژنامەی هونەری بەناوی (هارمۆنی) دەربکەین و دواتریش لەساڵی 2016 دا ناوەندی 7 رەنگەم دامەزراند کە توانیویتی زیاتر لە 200 پیشانگەی هاوبەش و تایبەت بکاتەوە، جگە لەچاپکردنی 6 کتێبی هونەری، هەروەها ساڵی 2019 بە هاوکاری رۆژنامەی کوردستانی نوێ یەکەمین رۆژنامەی تایبەت بە هونەری شیوەکاری بەناوی (تابلۆ) دەربکەین و تا ئێستاش بەردەوامە، هەروەها دامەزراندنی سایتێکی شێوەکاری بەناوی (شێوەکارانی کورد) کە گەورەترین سایتی شێوەکاری کوردییە لە باشوری کوردستاندا بەهەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی .

ژیان: بەوپێیەی کارەکانی ئێوە زۆرتر لە هونەری شێوەکارییدایە، پێتان وایە هونەری شێوەکاریی کوردی خاوەن تایبەتمەندییەکی وەهایە کە بتوانرێت پێی بناسرێتەوە؟

بەختیار سەعید: بەداخەوە ئێمە تا ئێستا خاوەنی ستایلێک نین کە هونەری شێوەکاری کوردی بێت هەروەکو ئەوەی دەوترین هونەری چینی یاخود ژاپۆنی یان ئەفریقی، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە وەرگرین لەم هونەرە و نەمانتوانیووە رێچکەیەکی بۆ درووست بکەین و تایبەتمەندێتی پێ ببەخشین .

ژیان: چۆن ئەوەی کردووتانە لە ئیشی ئارشیفکردن دەیپارێزن و کارێک دەکەن بۆ نەوەکانی داهاتوو سوودی هەبێت؟

بەختیار سەعید: من هەول دەدەم زۆرترین ئەو سەرچاوانەی لەلامە وەکو کتێب چاپیان بکەم کە رێگەیەکە لە فەوتانی دەپارێزێت، دواتریش ئەو ئەرشیفە وەکو سایت، وەکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەکو هارد و کومپیتەر لە شوێنی تایبەت پاراستوومە، ئەوەی من توانیوومە ئەوەیە کە خۆی ئەوەندە بەس نییە دەکرێت ئەوە دامەزراوەیەک هەبێت بۆ پاراستنیان کە بەداخەوە نیمانە چ لە وەزارەتی رۆشنبیریی، چ لە رێکخراوی هونەرمەندان .

ژیان: پێت وایە گرنگە کەسی ئارشیفی شارەزایی لەو بوارەدا هەبێت کە کاری ئارشیفی تێدا دەکات؟

بەختیار سەعید:  بەدڵنیایی گرنگە شارەزایی هەبێت، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەو کارە دەکەن لە ئەزموونی رۆژانەی کاری خۆیان و هەوڵدانیان بۆ ئاشنابوون بە چۆنێتی ئەرشیفی میللەتان سوودیان وەرگرتووە، کە خۆی ئەرشیف زانستێکی تایبەتە و دەبێت بۆی بخوێنێت، بەڵام ئێمە ئەرشیفمان نییە چ جای ئەوەی بخوێنرێت .

ژیان: وەک دەزانین ئێوە جگە لەوەی لە بواری ئارشیف و ڕۆژنامەوانی هونەریشدا کار دەکەن، هاوکات وەک ڕێکخەری پێشانگا شێوەکارییەکانیش کاریگەرییتان هەیە، مەبەستمانە بزانین سەرباری دۆخی کۆڕۆنا ئێوە چۆن کار بۆ نمایشە شێوەکارییەکان دەکەن؟

بەختیار سەعید: توایوومانە ببینە ئەو سەنتەرەی کە زۆرترین شێوەکارەکان چ لەسەر ئاستی باشوری کوردستان و دەرەوەش 7 رەنگە هەڵبژێرن بۆ ئاسانکارییەکانی بەرێوەچوونی کردنەوەی پیشانگەکانیان، لەهەمانکاتدا بەهۆی رۆژنامەی (تابلۆ) کە وەکو پاشکۆیەکی شێوەکاری لەناو رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەردەچێت توانیوومانە زۆرترین زانیارییەکان و زۆرترین خوێندنەوەکان بۆ پیشانگە و ئەزموونە جیاوازەکانی هونەرمەندانی کوردی و جیهانی بکەین کە ئەوە بۆتە دەرگایەکی زۆر باش بۆ هونەرمەندان و خوێندکاران لە کۆلیژی هونەر و پەیمانگەکانی هونەرە جوانەکان، هەروەها لەسەردەمی کۆرۆناشدا توانیمان پرۆژەیەک درووست بکەین کە 85 شێوەکار لە 30 وڵاتەوە بەشداری بکەن کە ئەزموونێکی تایبەت بوو کە پێشتر کاری لەوجۆرە نەکرابوو کە شیوەکارەکان فۆتۆی کارەکان ناردبوو جارێکی تر چاپکرانەوە و بیرۆکەکە لەسەر ئەوە خۆی چەسپاندبوو کە ئایا کۆرۆنا رۆڵی هەبووە لە گۆڕینی ستایلی شێوەکارەکان لە رەنگ لە تەکنیک و هێڵ و بابەت، کە دواتر هەموو کارە چاپکراوەکان کرانە دیاری لەلایەن بەرێز پارێزگاری سلێمانی (د، هەڤاڵ ئەبوبەکر) کە بەرێزیان سپۆنسەری پرۆژەکەی لە ئەستۆ گرتبوو تابلۆکان کرانە دیاری بۆ دامەزراوە حکومییەکان و بۆ رازاندنەوەیان .

ژیان: پڕۆژەی نوێتان لە بوارەکانی ئارشیف و ڕۆژنامەوانی هونەریی و ڕێکخستنی پێشانگادا چییە؟

بەختیار سەعید: لەبواری ئەرشیف کار لەسەر سێ بیرۆکە دەکەم کە یەکیان تایبەت بە مێژووی هونەری شێوەکاری لەشاری کەرکوک لەسەرەتاکانی دامەزراندنی ئەم شارەوە  تا ئەو ساڵانەی دوایی، لەهەمانکاتدا درووستکردنی یەکەمین ئینسایکلۆپیدیای شێوەکاری کوردی کە بناغەی کارەکەم رۆژنامەگەری کوردییە لە ساڵی 1958-2012 لەناو هەموو ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەدا چی لەسەر شێوەکاری کوردی بڵاوکراوەتەوە، ئەو بابەتانەی کە خوێندنەوە قسەکردنە لەسەر تابلۆیەک، یان پیشانگەیەک، یاخود کۆی کاری شێوەکارێکی کورد، لەهەمانکاتدا لەهەوڵی کۆکردنەوی سەرچاوەی زیاترم بۆ پرۆژەیەک کە دوو ساڵ زیاترە خەریکم بەناوی (هونەر لەناو شۆرشی کوردیدا) واتا ئەو حیزبانە کە لە شاخ بوون چیان بۆ هونەر کردووە، لەبواری رێکخستنی سێ پرۆژەم بۆ ساڵی 2021 ، دووەمین دیداری کارتۆنی کوردی کە لەژێر ناوی (ئاشتی)دایەو250 کاریکاتێرست لە 59 وڵاتەوە بەشداریان کردووەو بریارە سەرەتای مانگی چوار نمایش بکرێت سەرەتا لە سلێمانی و دواتریش لە بەغداو تاران بەدوای یەکتریدا، پاشان دووەمین فیستیڤاڵی فۆتۆگرافی کوردستان کە بریارە لە رۆژی فۆتۆی جیهانیدا بکرێتەوە کە ساڵی رابردوو 100 فۆتۆگرافەر لەسەر ئاستی کوردستان بەشداریان کرد، پرۆژەی سێیەم سازدانی یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی خۆشنووسی حامد ئامیدی –ە.



ڕیکلام