سعودیە دەستی بە كوتانی دژە كۆرۆنا كرد

  2020-12-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شازادەی جێنشینی سعودیە یەكەم ڤاكسینی كۆرۆنای لە وڵاتەكەیدا وەرگرت و وڵاتەكەش دەستی بە هەڵمەتی كوتان كرد و بڕیارە بە سێ قۆناغ پرۆسەكە كۆتایی پێبهێنێت.

 تەوفیق بن فەوزان رەبیعە، وەزیری تەندروستیی سعودیە، رایگەیاند:  محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین هەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا لە زووترین كاتدا بگاتە دەست هاوڵاتییانی سعودی.

وەزیری تەندروستی وڵاتەكە ئاماژەی بەوەكرد بەكارهێنانی یەكەم ڤاكسین لەلایەن شازادەی جێنشینەوە بۆ دروستكردنی متمانەی هاوڵاتیانە بە ڤاكسینەكە.  

 ئەو وڵاتە رایگەیاندووە بە سێ قۆناغ ڤاكسینەكە بێ بەرامبەر دابەش دەكەن كە قۆناغی یەكەم كارمەندانی تەندروستی و ئەو كەسانەی تەمەنیان لە سەروی 65 ساڵەوەیە و ئەوانەشی مەترسی تووشبوونیان زۆرە ڤاكسینەكە وەردەگرن. 

بە گوێرەی پلانی وەزارەتی تەندروستی سعودی، لە قۆناغی دووەمدا ئەو كەسانە ڤاكسینەكە وەردەگرن كە تەمەنیان لە سەروی 50 ساڵەوەیە لەگەڵ كارمەندانی حكومەت. 

دواتر و لە قۆناغی سێهەمدا كە قۆناغی كۆتایی دابەشكردنی ڤاكسینەكەیە سەرجەم هاوڵاتیانی سعودی و ئەو كەسانەی لەو وڵاتەدا نیشتەجێن ڤاكسینەكەیان پێدەدرێت. 


ڕیکلام