عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر لە دژی کۆرۆنا

  2020-12-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی گشتی هەڵبژاردنی دەرمان لە عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسنەکەی کۆمپانیای فایزەر بەشێوەیەکی بە پەلە بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاند، دەستەی نیشتیمانی بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەرمان، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی کۆمپانیای ڤایزەر بەشێوەیەکی بەپەلە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی  عیراق ڕایگەیاندبوو، عێراق بەم نزیکانە ڤاکسینی فایزەر بەردەست دەخات.

تمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، کەلوپەل و پێداویستییەکانی ڤاکسینی فایزەر کە لە عێراق پشتی پێ دەبەسترێت، لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنی کۆمپانیای دروستکەری ڤاکسینەکەدا گرێبەستی لەسەر کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە ١٤٠ شوێنی تایبەتی ساردکردنەوەی هەیە، بۆ پاراستنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کراوە.

وەزیری تەندروستی عێراق ڕوونیشیکردەوە، پرۆسەی گواستنەوەی ڤاکسینەکە پێویستی بە پسپۆڕی کۆمپانیای بەرهەمهێن هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتەکەیانە بەردەوام لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا لەسەر خەتە، بە مەبەستی کارئاسانی بەشێوەیەکی ورد، بەم نزیکانەش ڤاکسینەکە دەگاتە عێراق.



ڕیکلام