ئاوازە بەجێماوەکەى کەریم کابان لە چاوەڕوانى چڕیندا

  2020-12-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانى : داستان

سۆران کابان کوڕى هونەرمەند کەریم کابان بۆ ژیان: بەداخەوە هەندێک لە ئەندامانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى بڕیارى ئەوەیان دابوو کە باوکم لە دواى گۆرانى (تەمەن)  چیتر گۆرانى نەڵێت.

هونەرمەندان چەندین نهێنى لە ژیانیاندا هەن کە زۆرجار هەوادارانیان ئارەزووى زانینیان دەکەن، کە ئەوەش بەڕاى ئەوانەى وەها ئارەزوویەکیان هەیە جۆرێک لە تەواوکەرى هونەرى ئەو کەسە، هونەرمەندى کۆچکردوو کەریم کابان خاوەنى دەنگێکى تایبەت و هاوکات کۆمەڵێک ئاوازى تایبەتن بە خۆى، ئەو لەگەڵ ئەوەى ژمارەى گۆرانى و ئاوازەکانى هێندە زۆر نین، کەچى ڕووبەرێکى بەرفراوانى لە گۆرانى کوردیدا هەیە، بە ڕادەیەک کەم کەس هەیە گوێگرى گۆرانى کوردیى بووبێت و گوێى لە گۆرانییەکانى ئەو نەبووبێت، ئەمەش لە ناوازەیی گۆرانییەکانى ئەو هونەرمەندە سەرچاوە دەگرێت
.

لەم دەرفەتەى (تۆڕى هەواڵى ژیان)دا بەڕێز (سۆران کابان) کوڕى هونەرمەند (کەریم کابان) سەبارەت بە چۆنێتى دانانى ئاواز و وتنى گۆرانییەکانى و بیرەوەرییەکانى لەگەڵیدا دەدەوێنین و هاوکات سەبارەت بە ئاوازێکى بەجێماوى ئەو هونەرمەندە پرسیارى ئاراستە دەکەین کە بۆ شیعرێکى (ئەحمەد موحەمەد)ى داناوە و لە ستۆدیۆدا و هاوشانى موزیک نەیچڕیوە .

ژیان: ئەوەندەى ئاگاداربیت هونەرمەندى باوکتان چۆن شیعرى بۆ گۆرانییەکانى هەڵدەبژارد؟ پاشان بە چ شێوەیە یان بە چ ڕێگایەک ئاوازى بۆ دادەنان؟

سۆران کابان: باوکم زۆربەى دیوانى شیعریەکانى شاعیرە بەرزەکانى کوردى هەبوو کە لاى خۆم پاراستوومن، توانایەکى باشی هەبوو لە لەبەرکردندا هۆنراوەى زۆرى لەبەر بوو، ئەمە وایکردبوو کە زۆر ماندوو نەبێت لە هەڵبژاردنى شیعردا، دەیزانى شیعرى چ شاعیرێک زیاتر گونجاوە بۆ گۆرانى، دواى هەڵبژاردنى شاعیرەکە دەستى دەکرد بە خوێندنەوەى شیعرەکان و تاکو یەکێکى هەڵدەبژارد و چەند جارێک شیعرەکەى دەخوێندەوەو چەند دێڕێکى لێ هەڵدەبژاردن کە بگونجێ بۆ گۆرانیەکەى و پاشان بە دەستى خۆى شیعرەکەى دەنووسییەوەو چەند جارێک دەیخوێندەوە تا لەبەریدەکردن، ئەوسا ئاوازى بۆ دادەنا و لەبەرخۆیەوە بە دەنگێکى کز دێڕ دێڕ ئاوازەکەى دەوتەوەو چەند جارێک ئاوازەکەى دەگۆڕى تا بەدڵى خۆى بێت پاشان ئاوازەکەشی لەبەر دەکرد، لەبەرئەوەى باوکم نووسینەوەى نۆتەى نەدەزانى تەنها بەدەنگ ئاوازى دادەنا و لەبەرى دەکرد، سەرەتاش شیعرەکەى هەڵدەبژارد ئەوسا ئاوازەکەى دادەنا بە پێچەوانەى زۆربەى ئاوازدانەرەکانى ترەوە کە ئاوازەکە دادەنێن و دواتر شیعرێکى بۆ دادەنێن لەگەڵ ریتمى گۆرانیەکەدا بگونجێ، باوکم دەیوت لەگەڵ خوێندنەوەى شیعرەکەدا خۆڕسکانە ئاوازەکەش دروست دەبێت .     

ژیان: کام لە گۆرانییەکانى مامۆستا بۆتە جۆرێک لە گۆرانى خێزانى و زۆرترین بیرەوەرییتان لەگەڵى هەیە؟

سۆران کابان: باوکم لەبەرئەوەى ژمارەى گۆرانیەکانى کەمن وەکو خێزان هەموو گۆرانیەکانمان لا پەسەند و خۆش بووە زۆرو بۆر نەبووە، گۆرانیەکى نەوتووە کە تێبینییەک لاى گوێگر دروست بکات گۆرانیەکان هەموو پەسەند بوون و یادگاریى خۆش و ناخۆشی لاى ئێمە جێهێشتووە،هەندآ جاریش لە کاتى کۆبوونەوەى خێزانیى خۆماندا لەماڵى خوشک و براکان ئەو گۆرانیانەمان وتووەتەوەو باسی یادگارى و بەسەرهاتە خۆش و ناخۆشەکانیمان کردووە .

ئەو ئاوازەى لە پاش هونەرمەند کەریم کابان جێماوە کامەیە و بۆ چ تێکستێکى داناوە؟

سۆران کابان: ئەو ئاوازەى کە باوکم فریانەکەوت تۆمارى بکات چەند ساڵێک بوو ئامادەى کردبوو، ماوەیەکى زۆر زۆر مایەوە بێ ئەوەى تۆمار بکرێت، لەو ماوەیەدا دەکرا بۆ چەندین شیعر ئاواز دابنێ و تۆمارى بکات، بەڵام بەداخەوە تۆمارنەکرا، گۆرانییەکە بەناوى (خەزان) بوو شیعرى (ئەحمەد محەمەد)ى شاعیرە، بەم دێڕە دەستپێدەکات :

تۆ کچێکى بەهارى بووى منیش کوڕى گەڵاڕێزان

دە پێم بڵێ چۆن گوڵ ئەبێ بە هاودەمى وەرزى خەزان .

ژیان: بەوپێیەى لە خێزانى ئێوەدا گۆرانیبێژى دیکەتان هەن لەوانە کاک بەرزان کاک شوان... بەرنامەتان نییە کەسێکتان ئەو ئاوازە نەگوتراوەى مامۆستا بڵێنەوە؟

سۆران کابان: من پێم خۆشە ئەو ئاوازە یەکێک لە براکانم بیانوتایە بەڵام ئەوانیش ماوەیەکى زۆرە دابڕاون بڕیارەکەش بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە، دەکرێت ئەو پرسیارەش لەخۆیان بکەى، لەوانەیە ئەوان وەڵامێکى تریان هەبێت. هەر هونەرمەندێکى بەڕیِزى تریش ئەگەر بیەوێت ئەو ئاوازە بڵێت، دەبێت بە رەزامەندیى ئێمە بێت و خاوەن هونەرێکى جوان بێت .

ژیان: مامۆستا خۆى مەبەستى بوو ئەو ئاوازەش وەک گۆرانییەکانى دیکەى تۆمار بکات؟ نەیدەتاونى. یان فریانەکەوت؟ چۆن بوو؟

سۆران کابان: من پێم خۆشە شتێک باس بکەم کە یەکەمجارە باسی دەکەم و بە غەدرێکى گەورەشی دەزانم، باوکم زۆر پەرۆش بوو ئەو گۆرانیە تۆمار بکات، من پێم وایە ئەگەر تۆمارى بکردایە ئاواز و گۆرانیى تریشی بەدوادا دەهات، باوکم زیاتر کارەکانی لەگەڵ  تیپی مۆسیقای سلێمانی  دەکرد، لەگەڵ زۆربەى ئەندامەکانى تیپدا برا و هاوڕێ بوون بەنیازبوو ئەو گۆرانیەش هەر لەگەڵ تیپى مۆسیقاى سلێمانیدا تۆمارى بکات، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە ئەندامانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى بڕیارى ئەوەیان دابوو کە باوکم لە دواى گۆرانى (تەمەن)  چیتر گۆرانى نەڵێت، من تاکو ئەم ساتەش لەو بڕیارەى ئەو بەڕێزانە تێنەگەیشتووم، ناکرێت کەسێک لەجیاتى کەسێکى تر بڕیارێکى وەها بدات، گۆرانى بێژ دەبێت خۆى بڕیارى ئەوە بدات بەردەوام دەبێت یان واز لە گۆرانى وتن دەهێنێت، من پێم وایە ڕاستەوخۆ باوکم ئاگادارنەکراوەتەوە بۆ ئەو بڕیارە چونکە لاى کەسمان باسی نەکردووە، دەکرا پەنا بۆ تیپێکی تر بەرێت بۆ تۆمارکردنی ئەو گۆرانیە، دواى کۆچی دوایی باوکم و لە رۆژى چلەکەیدا و لەبەرنامەیەکدا کە بۆ چلەى باوکم سازکرابوو ئەندامێکى بەڕێزى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ئاماژەى بەو بابەتەدا و لە ڕێى خۆیانەوە بیستمان، پێش ئەو ئاوازەش کە باوکم خۆى داینابوو، شیعرێکى جوانى مامۆستا فەرەیدون عەبدول بەرزنجى کەوتە بەرچاوم لە دیوانەکەیداو خوێندمەوە بۆ باوکم پێم وت بۆ نایکەى بەگۆرانى، دیوانەکەى لێ وەرگرتم و چەندجارێک شیعرەکەى خوێندەوە، زۆرى بەدڵ بوو وتى بۆم بنووسەرەوەو بیبە بۆلاى (.........) پێم خۆشە ئەو ئاوازم بۆ دابنێ،  ئەو بەرێزە پێشتر ئاوازی بۆ باوکم دانابوو، هەر ئەو رۆژە چوومە تیپى مۆسیقاى سلێمانى و شیعرەکەم گەیاندە دەستى پێم وت باوکم ئەڵێت: ئاوازێکم بۆ دابنێت، شیعرەکەى خوێندەوە و پێی جوان بوو برادەرانى ترى تیپیش کە لەورۆژەدا کە لەوێ بوون شیعرەکەیان پێ جوان بوو، بە داخەوە پاش ماوەیەک ئەو شیعرە ئاوازى بۆ دانراو درایە هونەرمەندێکى تر گەر هەڵە نەبم هەر ئەو بەڕێزە ئاوازى بۆ دانابوو کە باوکم داواى لێکردم شیعرەکەى بدەمێ. شیعرەکەش بەم دوو دێڕە دەستپێدەکات :

ئێستاش چاوەڕێم بێیتەوە.. بەهێمنى وەکو جاران

دەرگاى ژوورم بکەیتەوە  .. ئێستاش چاوەڕێم بێیتەوە

تەمەن زۆرى تێپەڕیوە .. هەموویم هەر لەکیس چووە

تەنیا ئەو ساڵانە نەبێ.. کە تۆم تیایا خۆش ویستووە    

ئەمەى باسم کرد دواى تۆمارکردنى گۆرانیى (تەمەن) بوو بە ماوەیەک، بەداخەوە دەکرا باوکم چەندین گۆرانى تر بڵێت، بەڵام بۆیان نەکرد، رۆژێکیان باوکم گەڕایەوە بۆ ماڵەوە دواى ئەوەى سەردانى تیپی مۆسیقاى سلێمانى کردبوو، پرسیارى شیعر و ئاوازەکەم لێکرد کە بۆیان کردووە یان نا، وەڵامى دامەوە و وتى: کاکە بۆم ناکەن منیش زۆریان لێناکەم .

ئەم وێنانەى هونەرمەند کەریم کابان بۆ یەکەمجار لە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ەوە بڵاودەبنەوە .



ڕیکلام