ئێران کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنای دەستپێکرد

  2020-12-29  | 
تاران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنای دروستکراوی خۆی تاقیکردەوە کە سەرەتا لە سەر ٥٦ خۆبەخش تاقیدەکرێتەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی١٢ی٢٠٢٠، بۆ یەکەم جار کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنای دروستکراوی وڵاتەکە دەستیپێکردووە و یەکەم کەسیش لە ئافرەتێک بەناو تەییوبە مۆخبێر، کچی سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بڕیاری ئیمام، دراوە.

دواتر ڤاکسینەکە لەسەر عەلی عەسگەری جێگری سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بڕیاری ئیمام بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی، تاقیکراوەتەوە و دوای لێدانی ڤاکسینەکە، عەسگەری رایگەیاند، "ڤاکسینەکە بەتەواوەتی تەندروستە و ئەو بابەتە دەسەلمێندرێت".

 دەستەی جێبەجێکاری بڕیاری ئیمام، یەکێکە لە ناوەندە ئابورییەکانی ئێران کە راستەوخۆ لەژێر چاودێری رێبەڕی باڵای ئەو وڵاتە کار دەکات و بەرهەمهێنانی دەمامکی قۆرخکردووە.

پێشتر مینو مۆحەڕێز ئەندامی کومیتەی زانستی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاندبوو کە لە قۆناغی یەکەمدا، ڤاکسینی دژە کۆرۆنای دروستکراوی ئێران، لەسەر ٥٦ کەس تاقیدەکرێتەوە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢١٢ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش، نزیکەی ٥٥ هەزار کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام