بە ئاگاییەوە بەسەر بەفری تازە پێ بنێ

  2020-12-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گریتە تۆمسن

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

خانمە شاعیری لەبیرکراوی دانیمارک کە زۆربەی شیعرەکانی تەنھا بە زمانی دانیمارکی بڵاوکرانەوە ھیچ کام لە شیعرەکانی نەکراون بۆ زمانێکی تر. گریتە و شیعرەکانی وەک خۆی بە بێدەنگی ماونەتەوە. لە دوای بەرھەمھێنانی ١١ کۆمەڵە شیعر و دواتر دوای ٣٦ ساڵ تا ڕۆژی بەرواری مردنی ھیچی تری نەنووسیەوە.  
گریتە لە خێزانێکی باوەڕدار ھاتۆتە دونیاوە، کەسێکی ھێمن و بێ دەنگ دەتوت لە جیھناێکی تروە ھاتووە. شیعرەکانی خەمانک و بێھودەن بە مانای وشە شاعیر بوو، تا ئاستێکی زۆر جیاواز و خانمانە لە شیعردا خۆی دەبینییەوە. فەنتازیای شیعری گریتە چاوەڕوانی زۆری ھەبوو بۆ ژیان و بۆ تێگەیشتن لە مانای ژیان. 
لە زۆربەی شیعرەکانیدا بابەتی خەمباری و خەمۆکی داگیر کردووە وەک لە شیعرێکیدا دیارە:

کەمە کەمێکی تر دەمرم
ھەر چرکەیەک دەڕوا
مردن لە ساڵانی ژیاندا لە ناخمدا ھەڵگرتووە
شەوێکیان، ڕەنگە شەوی مارس بووبێت
بە ھاژەی باران و دوودڵیی،
دەبێ لە تاریکیدا نەمێنم
و جیتر واز لە مردن بھێنم.

بە درێژایی کاری نووسینی زیاتر جەختی کردۆتە سەر تاسەکردن و خەمباری، ئەویش بەھۆی ھەستکردنی بە لە دەستدانی سەردەمی منداڵی خۆی و زوو گەورەبوونی بە ھۆی دەرھاویشتەکانی ئەو سەردەمەی کە تیایدا ژیاوە. لە زۆربەی شیعرەکانی باس لە ھەستکردنی بە تاوانێکی گەورە دەنێو ژیان و چەرخێکی دڵ ڕەق و بێ ھاوسەنگ دەکات. ون کردنی ھەموو خەونەکانی سەردەمی منداڵی بە خانمە شاعیرێکی خەمناک و بێ ئومێد ناو دەبرێت. سروشت لە شیعرەکانی وێنەیەکی گەورە لە ھزریدا چەکەرە دەکات و ھەمیشە بەو خەونە سەری ناوەتەوە کە وەک کەسێکی ئاسایی یان وەک بێگەردیی گوڵێک دەربکەوێت، لە زۆربەی وێنە شیعرییەکانیدا بە گوزارشتی باخ، بەرد، درەخت و وەرزەکان وەک ئامرازێکی بەھێز بینا دەکات.  


لەناو ناخی خۆیدا ژنێکە و ھیچی تر، گەشەسندنێکی ڕەق ئاسایانە کە تەنھا لە خەوندا ھەست بە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دەکات. سەردەمی مۆدێرنی پەنجاکانی دانیمارک ھیچ کارێکی ئەوتۆ لەسەر فۆرمی شیعرەکانی ناکات و ھەمیشە لە شیعرەکانیدا بە سادەیی و بەدەر لە ئاڵۆزی، دەقی خۆی نووسیەوەتەوە. 
لیریکی گریتە سادەیی خۆی پاراستووە و بە تۆنێکی تاسەئاسا و بە شێوازی بەند ئامێزی بە شیعرەکانییەوە دیارە. 
ئیمیل فردرێکسن لە ڕانانێکیدا بۆ شیعرەکانی گریتە وا دەنووسێت:
''ئەی پیاوانی دڵ ڕەق، ئەم شیعرە ببڕنەوە، پاشەکەوتی بکەن و بھیڵین ئەوتان پێ بوترێت، کە ئەوەیش ئەو کەسەیە بە ھەموو گەمژەییەکەوە چاوەڕێتان دەکات.''
 
گریتە توانی لەو سەردەمە خۆی بێت و ھیچ پێشھات و تازەگەرییەک کاردانەوەی بەسەر کەسایەتی خۆی و شیعرەکانی درووست نەبێت. لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا توانی ببێتە وەرگری چەندین خەڵاتی ئەدەبی دانیمارکی، بەڵام ھەر وەک خانمە شاعیرێکی لەبیرکراوی دانیمارک سەری نایەوە. 

بەفری تازە

ئەم بەیانییە ئاگاداربە
بە ئاگاییەوە بەسەر بەفری تازە پێ بنێ
بیرت بێت ھێچ کەس بەسەریدا نەڕۆیشتووە
ئا لێرە ھەموو شوێن پێکانت دەردەکەون
ئا لێرە شوێنی بەرینی ئۆتۆمۆبیلەکان دەردەکەون
ئا لێرە شوێنی خلیسکێنە بەرتەسکەکان دەردەکەون
چەندین شوێن پێی بچوک و گەورە بەدەردەکەون
بەڵام ھێشتا ھیچ کەس بەسەریاندا نەرۆیشتووە
ئەو دەرکەوتنە ناوازیە وەلا دەچێت
کاتژمێرێکی تر نابا، ئیتر پیس دەبێتەوە
بەڵام ھەتا ئێستا ھیچ کەس بەم ڕێگایە نەڕۆیشتووە
بیرت بێت تۆ یەکەم کەس بیت بەسەریدا بڕۆیت
ئا لێرە ھەموو شوێن پێکانت بەدەردەکەون
ئەم بەیانییە ئاگاداربە
کاتێک بەسەر بەفرەکەدا دەرۆیت



شیعری گرێتە ھاودەنگی ژیانی ھەژارن و بێ نەوایان گرێ دراوە. ئەو لە چینی ھەژارن بوو و بۆ ئەوانیشی دەنووسی و لە خەم و بەدحاڵییەکانی خۆی و ئەوانی تر دەدوا. خانمە شاعیرێکی بێھودە لە ھەموو پێشھاتەیەکی ژیان. لە یەکێک لە شیعرەکانی ئەوە بە باشی دەردەکەوێت و تەواو ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە وەک بێچارەیەک دەبینرێت لە جیھانێکی پڕ ناھەموار و نامۆ بە مانەوە، وەک لەم چەند دێڕە شیعرەدا دەردەکەوێت کە لە ساڵی ١٩٤٨ نووسیەویەتی:

 گەورەترینەکان

جیھانی من جیھانی پێشھاتەکان بوو،
لەبەر ئەوەی لە سەروو ھەموو شتێک خەون دەسووتا
وام دەزانی کە ھەموو شتێک تەنھا ساتێکە،
ھیچ شتێکیش لە دڵەوە نزیک نییە.
مانای ڕاستەقینە و سەرەکی ژیان،
لە پشت دەرگایەکی داخراودا چاوەڕوانە،
تەنانەت مردنیش گوشاری بۆ نەبردووم
لەبەر ئەوەی گرنگترین شت دەبوایە پێشتر ڕووبدایە.
ئێستا دەزانم کە شتێکم بەسەر ھاتووە،
چیتر منیش ناتوانم کوێرانە ڕێ بکەم،
یان لە چاوەڕوانیدا ون بم، یان دەنێو خەونگەلێکدا خۆم بشارمەوە.
ئێستا من وەک ھەژارێک لەگەڵ ڕەش و ڕوتەکاندا دەژیم.
ئێستا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانم،
کە دەبێت لە نانی سەختیی ژیان بچێژم،
لە کاتێکدا خۆم بۆ تاقیکردنەوەی تاڵێتی خۆم ئامادە دەکەم
ئێستا ئەوەی لەسەرمە ئەوەیە کەە چاوەڕێی مردن بکەم.

تا ڕادەیەک نووسەرێکی چالاک بووە، سەرەڕای چاپکردنی یانزدە کۆمەڵە شیعر، خاوەنی دوو کۆمەڵە چیرۆک و تاقە ڕۆمانێکە بەناوی (جیھانێکی بێ ناونیشان) کە لە ساڵی ١٩٦٦ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. 
گریتە تۆمسن پارێزگاری لە ڕیتمی شیعریی خۆی کردووە و بە ھاتنی ساڵی پەنجاکان شیعری دانیمارکیی زیاتر نوێکاری بە خۆیەوە دەبینێت و گریتەش دەکەوێتە ژێر باری ئەو نوێکارییانە بەڵام بە پاراستنی تۆن و دەنگە شیعرییە پاک و بێگەردەکەی خۆی.  

گریتە ڕیسبێرگ تۆمسن Grethe Risbjerg Thomsen خانمەشاعیری دانیمارک و لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٥. لە ساڵی ١٩٤٣ خوێندنی فەلسەفەی لە زانکۆی کۆپنھاگن تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ و لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. خاوەنی ١١ کۆمەڵە شیعر و دوو کۆمەڵە چیرۆک و یەک ڕۆمانە. 


ڕیکلام