دایکی دەمیرتاش: کوڕەکەم بە بارمتەکراوە لای دەسەڵاتدارانی تورکیا

  2020-12-29  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەعدیە دەمیرتاش دایکی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان ڕایگەیاند، کوڕەکەی وەک بارمەتەکراو وایە لای دەسەڵاتدارانی تورکیا.

سەعدیە دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکرد، کورەکەی کە لە ساڵی ٢٠١٦وە لە زیندانە، وەک بارمتەی لێهاتووە لەلای دەسەڵاتدارانی تورکیا، پرسیاری ئەوەشی کردووە چۆن دەبێت کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار تیرۆریست بێت لە پشت زیندانەوە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا.

دایکی سەلاحەدین دەمیرتاش ڕوونیشیکردەوە، کوڕەکانی تیرۆریست نین.

ئەو وتانەی دایکی دەمیرتاش، هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی سەر بە پارتی کۆماری گەل، بۆ وزیندانی ئەدرنە، کە دەمیرتاشی تیا زیندانی کراوە.

دواتریش شاندەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، زیندانیکردنی دەمیرتاش بۆ ئەو ماوە زۆرە، پێچەوانەی یاسای تاوانکاری و دەستور و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیشە.

سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی حوکمێکی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەربارەی دەمیرتاش لە لایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە، دایکی سەلاحەدین دەمیرتاش پرسیاری ئەوەی کردەوە، باشە ئایا تورکیا چۆن دەچێتە ناو ڕێکخراوی یەکێتی  ئەوروپا بەو شێوەیە؟

دوای دەرچوونی ئەو بڕیارەش دەسەڵاتدارانی تورکیا هێرشێکی توندیا کردە سەر حوکمەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دەمریتاش، کە لە ٢٢ی ئەم مانگەدا دەرچووە و داوای ئازادکردنی بەپەلەی دەمیرتاش دەکات، چونکە پێی وایە مانەوەی لە زیندان بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ لەو تاوانانەی کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە، بەهانەیەکە بۆ دانانی سنورێک بۆ ململانێی سیاسی لە ناوخۆیی تورکیادا.



ڕیکلام