ئیدارەی پارێزگای کەرکوک نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانی لەنێوان ٧٠٠٠ بۆ ٨٥٠٠ دینار بۆ ئەم مانگە دیاریکرد.
فەلاح یایچلی قائیمقامی ناوەندی کەرکوک بە تۆڕی ھەواڵی ژیانی راگەیاند، قائیمقامیەتی ناوەندی کەرکوک و لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان، نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەکانی بۆ مانگی کانوونی دووەم دیاریکردووە کە لە نێوان ٧٠٠٠ بۆ ٨٥٠٠ دینار دایە و لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی داهاتوو بەم جۆرە دەبێت کە ڕۆژانە لە کاتژمێر6:30 خولەکی بەیانییەوە تا کاتژمێر ٨ی بەیانی کارەبا بەھاوڵاتیان دەدرێت، پاشان لە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆوە تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەو جارێکیتر کارەبای موەلیدە بەھاوڵاتیان دەدرێتەوە.
وتیشی، ئەم سیستمە ڕۆژانە کاری پێدەکرێت و تەنھا ڕۆژانی ھەینی جگە لەبەیانیان، کە لە کاتژمێر ١٢وە تاوەکو کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ کارەبای موەلیدە بەھاوڵاتیان دەدرێت.
ماوەی مانگێکە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی لەکەرکوک رووی لە کەمبوونەوە کردووە و وڕۆژانە تەنھا ٤ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی بە ھاوڵاتیان دەدرێت، فەرمانگەی کارەبای شارەکەش بەرپرسیارێتی دەخاتەئەستۆی ناوەند، بەهۆی ئەوەی کە بەشە کارەبای شارەکەی بۆ ٤٠٠ مێگاوات کارەبای ڕۆژانە کەمکردۆتەوە.