مارییا ڤینە
لە سوێدییەوە: کەریم تاقانه
چۆن بتوانم بنووم
وەختێک شادییەک خوڵکم دەکا
هەڵسم بچم سەما بکەم؟
ئێستایش من کێم
وەختێک دەیاننووسمەوە
وشە سەماکارەکانم؟
دەبێ لە ئامێز بگرم
کەسێک یاخۆ شتێک -
ڕەنگە درەختێکی ڕازاوە بە پاییزەگەڵای زێڕین؟
دەمەوێ بە دەم سەماکردنەوە
هەڵبێم بەرەو لای زەریاکە
گوێ بۆ شەپۆلی بە چپەی شەوباشی
ڕادێرم
دڵیشم بۆ زەردەپەڕ و
دڵڕفێنیی پەلکەزێڕینە و
ئاڵوگۆڕی ڕەنگەکانی
ڕووت کەمەوە
|سەرچاوە: کۆشیعری مارییا ڤینە، ١٩٤٢-٢٠٠٠، ساڵی چاپ: ٢٠٠٠، بڵاوکەرەوە: ناوەندی بۆنییەر، ل ٤٨٩-٤٩٠