وەزارەتی نەوت عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا داهاتی نەوت زیادیکردووە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاویش بە ٤٧ دۆلار و ٧٦ سەنت فرۆشراوە لە بازارەکانی وزەدا.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، لە مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوودا بڕی هەناردەی نەوت گەیشتووەتە ٨٨ ملیۆن و ٢١١ هەزار و ٧٥٠ بەرمیل.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو برە هەناردەکراوە، توانراوە ٤ ملیار و ٢١٣ هەزار و ٤٣٢ دۆلار داهات بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەستبەر بکات.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو لە مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوودا، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەراست و باشوری عێراقەوە گەیشتووەتە ٨٥ ملیۆن و ١٩٥ هەزار و ٦٠٨ بەرمیل.
بەڵام لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، کە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە کراوە، بڕی هەناردەکەی گەیشتووەتە ٣ ملیۆن و ١٦ هەزار و ١٤٢ بەرمیل.
لە کۆتایی بە یاننامەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، ناوەندی هەناردەی ڕۆژانە ٢ ملیۆن و ٨٤٦ بەریمل بووە، هەر بەرمیلیلێکیش بە ٤٧ دۆلار و ٧٦ سەنت فرۆشراوە.