دوو شەو پێش كوشتنی سولەیمانی ترەمپ چی بە عەبدولمەهدی وت؟

  2021-01-02  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، ناوەرۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی ئاشکرا کرد، کە دوو ڕۆژ بەر لە کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران ئەنجامی دابوو.

عەبدولمەهدی لەمیانی شایەتیدانیدا لە فیلمێکی بەڵگەنامەییدا  ڕایگەیاندووە "لەسەری ساڵی ڕابردوودا لە دەوروبەری کاتژمێر ٩ بە کاتی بەغدا ترەمپ پەیوەندی پێوە کردم، سوپاسی کردم لەسەر کۆتایهێنان بە ڕوداوی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، پرسیاری لێکردم ئەو کەسان عێراقی بوون یان ئێرانی، پێم وت عێراقی بوون، نیگەران و ناڕازی بوون لە بۆردومانی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆسەر گروپە چەکدارەکان لە سنوری وڵات لەگەڵ سوریا".

ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ وتوویەتی "ئەمریکییەکان بە باشی ئێرانییەکان ناناسن، بەڵکو ئەوە عێراقییەکانە زۆر بە باشی دەیاناسێنێت".

لە درێژەی وتەکانیدا عەبدولمەهدی ڕایگەیاند بە ترەمپی وتووە "ئێرانییەکان دەڵێن ئێمە شەڕمان ناوێت، ئەمریکاش بە هەمان شێوە، پێشنازم بۆ کردووە یان گفتوگۆی ڕاستەوخۆم بکات لەگەڵ ئێرانییەکان ، یان رێککەوتنی ڕاستەوخۆ بێ ئاشکراکردنی، هەر وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەنجام درا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەبدولمەهدی دەڵێت "ترەمپ پێی وتم ئێوە وتووێژکاری باشن، دەتوانن چی بکەن لەو بارەیەوە ئێمە ئامادەین لای خۆمانەوە".

لە کۆتایی وتەکانیدا عەبدولمەهدی جەختیکردەوە "پێشتر ڕەزامەندی و بانگهێشتی فەرمی هەبووە بۆ ئەوەی شەهید سولەیمانی بێتە عێراق بۆ گفتوگۆکردن، کردەوەی تیرۆر کردنی لە ڕۆژێک و دوو ڕۆژدا ئامادە نەکراوە، بەڵکو دەبێت ماوەیەک لەوەبەر بڕیاری لێ درابێت".

لە شەوی 3ی كانونی دووەمی 2020 ئەمریكا لە بۆردومانێكی ئاسمانیدا، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامیدا، هەریەكە لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراقی كردە ئامانج.



ڕیکلام