هەڵبژاردەیەک لە وتەکانی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی

  2021-01-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

١- بەتەنها کاتێ کە بەڕۆح کارێک ئەنجام ئەدەیت، هەست بەو ڕووبارە سازگارە دەکەیت کە لە ناختدا هەڵدەقوڵێت... ئەوەش خۆشنوودیی تەواوەتییە .

٢- ژیان ڕێگایەکە تایبەتە بە خۆت. دەشێ کەسێک بۆ ماوەیەک هاوەڵی ئەم ڕێگایەت بێت، بەڵام دواجار دەبێ ئەو ڕێگایە بەتەنیا هەر خۆت بیبڕیت .

٣- هەموو شتەکان وەختێ لێکدەدرێنەوە، ڕوون دەبنەوە، کەچی عیشق ئەو دەمە ڕوونترە کە هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرێ .

٤- سوپاسگوزار بە بۆ هەموو ئەو شتانەی لە ژیاندا پێیاندا تێدەپەڕیت، لەبەر ئەوەی هەریەکێک لەو شتانە "ئاماژەیەکە لە خوداوە بۆ تۆ ".

٥- خودا ئازاری خولقاندووە تا لە میانییەوە دژەکەی دەرکەوێ کە بەختەوەرییە، چونکە شتەکان لە میانی دژەکانیانەوە دەردەکەون. لەبەرئەوەی دژێکیش نییە بۆ خودا، بۆیە هەر بە پەنهانی دەمێنێتەوە .

٦- مەگری بۆ شتێک کە لە دەستت داوە، هەر شتێک کە لە دەستی دەدەیت زۆری پێ ناچێت بە دەستی دێنیتەوە، بەڵام لە شێوەیەکی تردا... بەتەنها ورد ببەرەوە دەبینیت کە وایە .

٧- بە دەنگی بەرز مەدوێ ، چونکە ئەوە بارانە دەبێتە مایەی ڕووانی گوڵ، نەک هەورەگرمە .

٨- ڕەنگە شتە سادەکان تایبەتترین شت بن، بەڵام هەموو چاوێک توانای بینینیانی نییە .

٩- برینەکانمان ئەو درزانەن کە ڕووناکییان لێوە دێتە ناوەوە، بۆیە من سوپاسگوزاری هەموو برینەکانمم .

١٠- کاتێ جوانی لەناو دڵی خۆتدا دەدۆزیتەوە، لەناو هەموو دڵەکانی تریشدا دەیدۆزیتەوە .

١١- وەختێ دەتەوێ بەدوای زێدی ڕۆحدا بگەڕێیت، ئەوا خۆت ڕۆحیت، وەختێکیش دەتەوێ بەدوای پارچەیەک ناندا بگەڕێیت، ئەوا خۆت نانیت. کاتێکیش دەرک بەم بیرۆکە وردە دەکەیت، لەوە تێدەگەیت کە هەموو ئەو شتانەی بەدوایاندا دەگەڕێیت، خۆتن .

١٢- عاشق نازانێ نائومێدی چییە، دڵێکیش کە شەیدا بوو، هیچ شتێک بۆی ئەستەم نییە .

١٣- تەنها بە دڵ دەتوانیت بەر ئاسمان بکەویت .

١٤- شوورەییە بتەوێ ببیت بە کەسێکی تر و ڕوخسار و جوانییە تایبەتەکەی خۆت نەبینیت .



ڕیکلام