گفتوگۆ لەگەڵ (ستيڤ تۆڵتز) دەربارەى ڕۆمانى (ترس لە مەرگ)

  2021-01-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ستيڤ تۆڵتز: "دەمويست بزانم چ هەستێكى هەيە بنيادەم كوڕى كەسێك بێت كە ڕاگەياندنەكان كەوڵيان كردووە".

 وەرگێڕ: ئارام ڕەشيد

* ڕۆمانى ترس لە مەرگ كتێبێكە كە ژيانى زياتر لە كەسێك لەخۆ دەگرێت و كەسايەتييەكانى زۆرن، بەڵام كەسايەتييە سەرەكييەكانى (مارتين دين) و (جاسپەر دين)ن، كە ستايلێكى تايبەتى ژيانيان هەيە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى هاوكات دوژمنى خوێنيى و هاوپەيمانێكى سەرسەختى يەكتريش بن. بيرۆكەى پەيوەندييەكى لەمجۆرە چۆن بە مێشكتاندا هات و بە بۆچوونى خۆتان ئەم پەيوەندييە لەبارەى باوك و كوڕەكانەوە چيمان پێدەڵێت؟ - بيرۆكەى سەرەكى پەيوەندى نێوان (جاسپەر) و (مارتين دين) لە چەند جێيەكى جياوازەوە هات بە مێشكمدا. يەكەميان ئەوەى كە دەمويست بزانم چ هەستێكى هەيە بنيادەم كوڕى كەسێك بێت كە ڕاگەياندنەكان كەوڵيان كردووە. دووەميش ئەوەى كە ئەگەر پياوێك ياخى بووبێت و كوڕەكەشى ياخى دەربچێت، چى لە نێوانياندا ڕووئەدات؟ لە سەرەتاوە بەنياز نەبووم لەبارەى كوڕ و باوكەوە بنووسم، بەڵام هەروا كە كارم لەسەر ڕۆمانەكە دەكرد گيروگرفتەكانى (مارتين) بۆ پەروەردەكردنى (جاسپەر) بەلامەوە سەرنجڕاكێش بوون: من چۆن دەتوانم منداڵەكەم پەروەردە بكەم لە هەمانكاتيشدا ڕێگە بدەم خۆى بێت؟ ئايا دەبێت تەنيا ڕەفتارە باشەكانمى بۆ بگوازمەوە، لەكاتێكدا كە باش دەزانم هەر ئەم ڕەفتارە باشانەيە قووڕى كردووە بەسەر خۆمدا و چارەڕەشى كردووم؟ وەختێ دەبينم سيستمى پەروەردە و فێركردنى كۆمەڵگە لاوازە، بەڵام خۆم كات و تواناى پەروەردەكردنى منداڵەكەمم نييە؛ دەبێت چى بكەم؟ لە لايەكەوە نامەوێت منداڵەكەم وەك ئەو خەڵكە دەربچێت، لە لايەكى ديكەشەوە دەزانم ئەگەر كەسێكى جياواز بێت لە ژياندا ڕووبەڕووى كێشەگەلێكى زۆر دەبێتەوە. لە ڕۆمانى (ترس لە مەرگ)دا، (مارتين دين) گرفتارى پرسيارگەلێكە كە هيچ وەڵامێكى پێ نييە بۆيان .

* ئێوە لە سيدنى لەدايكبوون و گەورە بوون، بەڵام دواتر گەشتتان كردووە بۆ پاريس، بارسێلۆنا، سان فرانسيسكۆ، مۆنترال و نيويۆرك. ئەم گەشتانە چ كاريگەرييەكى لەسەر نووسينى "ترس لە مەرگ" و بەسەرهاتەكانى (مارتين) و (جاسپەر دين) هەبوو؟ - بەشێكى زۆرى ڕووداوەكانى (ترس لە مەرگ) لە ئوستراليا ڕووئەدەن. بوونى من لە دەرەوەى ئوستراليا كۆمەكى كردم بە ديدێكى كراوەترەوە لەبارەى ئەو وڵاتەوە بنووسم. هەڵبەت زۆر بە كەميى كەڵكم لە ئەزموونەكانى خۆم وەرگرتووە، بەڵام دووربوون لە ئوستراليا كاريگەرييەكى زۆرى لەسەر نووسينى (ترس لە مەرگ) هەبوو. ژيان دوور لە نيشتمان و لە شوێنە نائاشناكان و شارە بێگانەكان، خەياڵى بنيادەم دەخاتەگەڕ .

* پێشتر لە يەكێك لە گۆڤارە سينەمايييەكانى ئوستراليا بابەتت نووسيوە و شانۆنامە و سيناريۆشت نووسيوە. چۆن بوو ڕووتكردە نووسينى ڕۆمان؟ ئايا نووسەرانێكى تايبەت كاريگەرييان لەسەرت هەبووە؟ - لە هەوەڵەوە بەنياز نەبووم ببم بە نووسەر، بەڵام بەردەوام دەمنووسى. بە منداڵى و مێردمنداڵى شيعر و كورتەچيرۆكم دەنووسى و دەستمدەكرد بە نووسينى چەند ڕۆمانێك، كە دواى يەك دوو بەش وازم لێدەهێنان و حەزم نەدەكرد تەواويان بكەم. دواى تەواوكردنى خوێندنى زانكۆ دووبارە دەستمكردەوە بە نووسين. داهاتم زۆر كەم بوو و تەنيا دەمويست بە بەشداريكردن لە پێشبڕكێى سيناريۆ و چيرۆكەكان بڕێك پارە پەيدا بكەم بۆئەوەى بتوانم ژيانم بەڕێوەببەم، كە هەڵبەت هيچ سوودێكى نەبوو. لە كاتێكدا كە بەردەوام كارم دەگۆڕى، ياخۆ باشترە بڵێم؛ لە سفرەوە دەستم بە كارێك دەكردەوە، تێگەيشتم جگە لە نووسەريى هيچ كارێكى ديكە نازانم. نووسينى ڕۆمان مەنتقيترين هەنگاو بوو. پێموابوو نووسينى (ترس لە مەرگ) ساڵێك دەخايەنێت، بەڵام پێنج ساڵى ڕەبەقى خاياند. لە كاتى نووسينيشدا لەژێر كاريگەريى (كنوت هامسون، لوييس فێرديناند سيلين، جۆن فانتێ، ودى ئالن، تۆماس بێرنارد و ڕيمۆند چاندلەر)دا بووم

* گۆڤارى (بوكليست) لە ستوونى ڕەخنەيى تايبەت بە كتێبە گرنگەكان، دەربارەى (ترس لە مەرگ) دەڵێت: "وێڕاى گشت ڕووداوە بە هەراوهەنگامەكان، كتێبەكە بە شێوەيەكى شێتانە فەلسەفييە... (تۆڵتز) ئەندێشەگەلێكى قووڵ دەربارەى ئازادى، ڕۆح، عەشق، مەرگ و ماناى مەرگ لە زارى كەسايەتييەكانيەوە بەيان دەكات". دونيابينيى خودى خۆتان تاچەند كاريگەرى هەبووە لەسەر دونيابينيى كەسايەتييەكانت؟ - ئەوەى كە دونيابينى من كار بكاتە سەر كەسايەتييەكانى ڕۆمانەكەم، پەيوەستە بەوەى كە چ ڕۆژێك ئەو پرسيارەم لێ بكەيت. هەروەها پەيوەستە بەوەى كە بەيانييەكەى ئەو پرسيارە بكەيت ياخود ئێوارەكەى. واتا پەيوەستە بەوەى كە ديدگايەكى باشم بەرامبەر بە خۆم هەبێت و ديدگايەكى خراپيش بەرامبەر دونيا، ياخود بە پێچەوانەوە؛ ديدگايەكى خراپم بەرامبەر بەخۆم هەبێت و ديديگايەكى باشم بەرامبەر بە دونيا هەبێت. هەربۆيە ناتوانم وەڵامێكى يەكلاكەرەوەت بدەمەوە، چونكە ئەم ڕەوشە لە ڕۆژە جياوازەكاندا گۆڕانى بەسەردا دێت. ديارە دونيابينيى ياخود ديدگاى كەسايەتييەكانى ڕۆمانەكە، شكڵى موبالەغەپێوەكراوى ديدگاكانى خۆمن. ئەمەش ئەو ديدگايانەن كە من پێموايە بە تەواوەتى پێچەوانەى واقيعيەتى دونيان . ئەوەى كە دەمويست لەبارەى ژيانى مرۆڤەكانەوە بيڵێم، هەمان ئەو شتانەن كە بە ڕوونى لە زمانى كەسايەتييەكانەوە دەيانبيستى. بۆ نموونە (مارتين) دەڵێت: "چوار جۆر مرۆڤ لە دونيادا هەن، ئەوانەى وەسوەسەى خۆشەويستيان هەيە، ئەوانەى عاشقن، ئەوانەى بە منداڵى بە دواكەتووەكان پێدەكەنن و ئەوانەى كە بە منداڵى و گەنجى و پيريش بە كەسانى دواكەوتوو پێدەكەنن". بەڵام (جاسپەر) لە بێموبالاتى مرۆڤەكان دەترسێت و دەڵێت: "نابێت لە پێش چاوى كەسێك بكەويت بە دەمدا، يارمەتيت نادات هەستيتەوە سەرپێ". (مارتين) بڕواى وايە ئينسان لەم دونيايەدا دەبێت ئازاد بێت. هەرچەند خودى (مارتين) هەرگيز دەستى بەم ئازادييە ڕاناگات. بەڵام (جاسپەر) بەردەوام لە ترسەكانى باوكى دەترسێت. ڕۆمانى (ترس لە مەرگ) پڕە لە بۆچوونى ئەم جووتە دەربارەى ژيانى ئينسان .



ڕیکلام