خانەى کولتوور دوو کتێبى فەرهاد پیرباڵ چاپ و بڵاودەکاتەوە

  2021-01-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کتێبەکانى پیرباڵ هەمیشە ناوى جیاوازیان هەیە

بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا خانەى کولتوور دوو کتێبى نووسەرى کورد (فەرهاد پیرباڵ) چاپ و بڵاوبکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پیرباڵ ساڵى ڕابردوو کاردانەوەى توندى بەرامبەر (ماڵى وەفایی) لە هەولێر کە دەزگایەکى چاپ و بڵاوکردنەوە هەبوو، بە بیانووى ئەوەى لە پاى بەرهەمەکانى مافى خۆى نادەنێ، ێسەبارەت بە یەکێک لە کتێبەکان کە کۆمەڵەچیرۆکێکە بە ناوى (ئەو شێتەی دەیگوت ناو چاوی شەیتان شەوان شینە) پیرباڵ دەڵێت: لەناو ئەم سێزدە چیڕۆکەم، کە خانەی (کولتوور) بۆ یەکەمجار چاپ و بڵاوی دەکاتەوە، دوو چیڕۆک (لە ترسی شتی دیکەش) و (لە جەنگەڵێکی سەر سنووردا) هی ئەو ئەو زەمانەن کە تازە چیڕۆکی (شوورە) و (جام و شووشە شکاوەکان) لە ساڵی 1979 و 1980 لە ڕۆژنامەی (هاوکاری) بڵاوکرابوونەوە. واتە: ئەزموونی سەرەتامن. کەواتە: یازدە چیڕۆکەکەی تری ناو ئەم کتێبە ئەزموونی پاش کتێبی (پەتاتەخۆرەکان) ن.

یەکێک لەو چیڕۆکانە، ببوورن ! ناونیشانەکەی لە خوارەوەیە.

هەر لە قسەکانیدا سەبارەت بە تەکنیکى چیرۆکەکان دەڵێت: چیڕۆکێکی دیکە لەناکاو فۆڕمی شانۆگەرییەکی فانتازی بەخۆوە دەگرێ. لەناو چیڕۆکێکی تردا واقیع وای بەسەر دێ کە وابزانیت، خەونە! بە کورتی لێرەش هەر "جیهانێکی سەمەرە" بە شێوازێکی عەنتیکەی خۆم دەگێڕمەوە، لە فۆڕمێکدا پێشتر نەتدیون.

لە کۆتاییدا دەڵێت: بە پێویستی دەزانم سوپاسی (غەمگین خدر) بکەم، کە بە پەرۆشەوە چیڕۆکەکانمی کۆکردەوە و کردییە ئەو کتێبە.



ڕیکلام