سینەماى باشوور و کێشەى ئەدەبیات

  2021-01-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
داستان بەرزان

مەرج نییە هەموو دەرهێنەرێکى سینەمایی هاوکات سیناریست یان تواناى نووسینى سکرین پلەى هەبێت، لە هەمان کاتیشدا زۆر دەرهێنەر هەن لە جیهاندا کە هەر خۆیان سیناریۆنووس و دەرهێنەرى فیلمەکانیشیانن، تەنانەت ڕێدەکەوێت ئاکتەرى سەرەکى و ناوەند و جۆرەکانى دیکەى ئاکتەریش بن لە فیلمەکانیاندا .

بەڵام لە هەردوو بارەکەدا دەرهێنەرى سینەما پێویستە سەروکارێکى بەهێزى لەگەڵ چیرۆک و ڕۆمان و ژانرەکانى دیکەى ئەدەبدا هەبێت و لە ڕەگەز و تایبەتمەندیی و شێوازەکانیان شارەزابێت، واتە ناکرێت کەسێک ئامانجى دروستکردنى فیلم بێت و نەزانێت ڕۆمان چییە؟ چیرۆك چییە؟ شیعر چییە؟...هتد

ئەوەى وەک کێشەیەکى زۆر دیار لە فیلمە کوردییەکانى باشووردا دەبینرێت و دەتوانین وەک هۆیەکى کاریگەر بۆ لاوازى فیلمەکان دەستنیشانى بکەین، ئەو بێئاگاییەى دەرهێنەرى فیلمەکانە لە ئەدەبیات بە گشتى، هەڵبەت تەنیا ئەدەبیاتیش نا، بگرە بێ ئاگاییەکى زۆر لە هونەرەکانى دیکەى وەکو شانۆ و شێوەکار و موزیک تاکو دەگاتە هونەرە هاوچەرخەکانى وەکو کۆنسێپت ئارت، ئەنیستڵەیشن، پێرفۆڕمانس... کە بەبێ ویستى هیچ کەسێک هەریەک لەم هونەرانە پەیوەندى بەهێز لە نێوانیاندا هەیە .

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لەگەڵ هاوڕێیەکى سینەماکار کە بە هۆى کارێکى هونەرییەوە چەند ڕۆژێک بوو ناسیبووم، بە شەقامێکدا دەڕۆیشتین، هاوڕێکە زۆر ناڕازى بوو لە دۆخى نەبوونى چیرۆکى گونجاو بۆ سینەما، منیش بوارم پێدا بەتەواوى دڵى خۆى لەو بوارەدا هەڵبڕژێت، لە کۆتایی گلەییەکانى ئەودا ئەوەى بۆم گرنگ بوو لەو هاوڕێیە بپرسم: تۆ ئاگادارى چیرۆک هەیت؟ وتى: چیرۆکى چى؟ وتم: چیرۆکى هەر نەبێت کوردى؟ وتى: نەخێر! وتم: ئەى چۆن کێشەت نەبوونى چیرۆکە بۆ دروستکردنى سیناریۆ؟

پاش ماوەیەک بێدەنگى هاوڕێکەم وتى: بۆ نمونە چیرۆکى کوردى وەکو کێ؟ وتم: چیرۆکى کوردى مێژوویەکى ڕوونى هەیە، لە هەر یەکێک لەو قۆناغانەشدا چیرۆکگەلێک هەن شایەنى بایەخی تایبەتى ئەدەبی بن، هەر بۆ نمونە ئەگەر چیرۆکى لە خەوماى جەمیل سائیب وەک یەکەم چیرۆک وەربگرین، تاکو دەکات بە چرۆکەکانى حسێن عارف و لەوێوە بۆ چیرۆکەکانى ڕەئوف بێگەرد و دواتر شێرزاد حەسەن و هەروەها فەرهاد پیرباڵ و عەتا موحەمەد و ئارام کاکەى فەلاح و پاشان کاروان کاکەسور و هەورامان وریا قانع و فەرهاد موستەفا...هتد لە هەرە نوێیەکانیش سیروان کەریم و بەختیار حەمەسور و کاروان موحەمەد و فەرهاد چۆمانى و گۆران ڕەسوڵ و ئارام موحەمەد و بەڵێن سابیر و ... زۆرى دیکە. هەریەک لەمانە بە شێواز و تەکنیک و ئاستى جیاواز خاوەنى چیرۆکن و دەکرێت ئێوە وەک کەرەستەى دروستکردنى سیناریۆ سودیان لێوەبگرن .

هوڕێکەم لە وەڵامدا وەک زۆرینەى ئەوانەى کە پێیان وایە کاتێک بەرهەمە کوردییەکان پچتگوێ دەخەن و بچوک تەماشایان دەکەن ئیتر ماناى وایە ئەوان زۆر لەوە زیاتر ڕۆیشتوون وتى: جا کورد کوا چیرۆکنووسى هەیە؟ وتم: تۆ نەتخوێندوونەتەوە چۆن دەزانى؟ نەمهێشت قسەى دیکە بکات وتم: ئى باشە لە جیهانییەکان ئاگادارى کێیت؟ وتى: ناوى هەنکێکیانم بیستووە بەهۆى خوێندنى ئامادەیی و کۆلێژەوە، وتم: تەنیا ناو؟ ناچار کەوتمە ڕیزکردنى ناوى دەستەیەک لە چیرۆکنووسە دیارەکانى جیهان: مۆپاسان، چیخۆف، ئۆ هێنرى، ئێدگار ئالان پۆ، گۆگۆڵ، ...هتد هەستم کرد هاوڕێکەم ناوى هەندێکیان هەر بە جنێو تێگەیشت بۆیە مەبەستى بوو زوو کۆتایی بە قسەکانم بهێنم .

خێرا قسەکانى پێ بڕیم و کەوتە باسکردنى کامێرا و جۆرەکانى و شێوەکانى گرتە و تەکنیکەکانى مۆنتاژ و جوانى لۆکەیشتنى هەندێک فیلم و ئەو دەرهێنەرانەى خەڵاتە گەورەکانى سینەمایان بردووە و نرخى خەڵاتەکان و تێچووى هەندێک فیلم .

تێگەشتم ئەم هاوڕ]َیە لە جۆرى ئەو کەسانەیە کە حەز دەکات لەبارەى ئەو شتانەوە بدوێت کە زانیاریی لەسەریان هەیە، نەک ئەوانەى کە ئاگاداریان نییە و هەوڵبدات لە ِێگەى ئەوانیترەوە ئاشنایان بێت، لەبەر ئەوە منیش لاى خۆمەوە بڕیارمدا بوارى تەواوى بدەم تاکو هەرچى دەزانێت لە بارەى ئەو شتانەوە بۆمى باس بکات، چونکە بێگومان لە ڕووى بابەتەکانى کامێرا و بابەتە تەکنیکییەکانى دیکەوە لە من زۆر شارەزاتر بوو، هەڵبەت ئەوەش لە ڕێگەى ئەزموونەوە نا بەڵکو بە ڤیدیۆ لە یوتوبەوە ناسیبوونى .

لە ناکاو وتى: بیستوومە تۆش چیرۆک دەنووسیت! وتم: زۆر کەم. بەڵام تۆ ئەگەر بتەوێت دەتوانم چیرۆکى زۆرت بۆ پێشنیاز بکەم بۆ خوێندنەوە، پاشان ئەگەریش سەرنجیان ڕاکێشایت بیانکەیتە سیناریۆ. وتى: نا تۆ ئەوانەى خۆم بدەرێ حەزەکەم بیانخوێنمەوە. منیش لە جانتا بچوکەکەى بن باخەڵمدا نوسخەیەک لە کۆمەڵەچیۆکى (تێرمینا) پێ بوو بە نابەدڵییەکەوە پێشکەشیم کر .

بەڵام هەر ئەوکاتەى زانیم لە بوارى تەکنیک و لایەنەکانى دیکەى سینەماشدا زانیارییەکانى وشکى کرد و کەوتە گێڕانەوەى ئەو فیلمانەى بینیبوون، بڕیارمدا ئاراستەیەکى دیکەى ڕێگاکە بگرم و بەجێیبهێڵم .

چەند ڕۆژێک تێپەڕى هاوڕێکە تێلى بۆ کردم وتى: خەریکم یکێک لە چیرۆکەکانت ئەکەم بە سیناریۆ. وتم: کامیان: وتى: ئەو چیرۆکەى حەیران. ئەگەرچى لە کتێبەکەدا هیچ چیرۆکێک بەو ناوە نەبوو، بەڵام دەمزانى مەبەستى کامە چیرۆکە. بۆیە وتم: باسى چى ئەکات؟ وتى: ئەو ئافرەتە سۆزانییەکەى هەر ڕۆژەى لە باوەشى پیاوێکدایە، بەخوا ئەبی ئەو دیمەنى سێکسانە وادروست بکەم سوێبکات بە دڵى بینەردا. خێرا وتم: نا لایبە ئەو چیرۆکە و هیچ کام لە چیرۆکەکانى دیکەى ناو ئەو کتێبە بۆ سیناریۆ نابن، وتى: نا چۆن وەڵا ئەوەى لە فیستیاڵەکەى سلێمانى یەکسەر خەڵات وەردەگرێت چونکە بەنیازم ماچ و ڕاموسانەکان زۆر گەورە بکەم. وتم: قوربانم زۆر سوپاس واز لەو بەرنامەیە بهێنە. ئەویش دیاربوو تووڕەبوو، بە ساردییەکەوە ماڵئاوایی کرد !

ئەم بەسەرهاتە ڕاستەقینەیە نمونەیەکى زیندووە بۆ ئەوەى نیشانى بدات ئەوانەى لەم بەشەى دونیا خەریکى فیلمن چەندە دوور لە بنەماکانى ئیشەکەیانەوە، چەند بێباک و نەشارەزا دەستیان داوەتە کارێکى سەخت. چەند دانەیەکى زۆر زۆر کەمیان لێدەرچێت ئەوانى دیکە تەنیا وەک نەریتێک یان هۆیەک بۆ دەرکەوتن خەریکى سینەمان، هەر لەبەر ئەوەشە چەندان ساڵ تێدەپەڕێت و بە دەگمەن فیلمێک دەبینیت تواناى ئەوەى هەبێت ڕاتبگرێت .

ئەمە لە کاتێکدا هونەرمەندانى فیلم لە دونیادا گەیشتونەتە ئاستێک کە زۆرجار بە سادەترین کەرەستە و تەکنیکەکان کارى زۆر گەورە و کاریگەر دروست دەکەن، بۆ ئەمەش کەشتێک بکە بە ناو ماڵپەڕەکانى تایبەت بە فیلمدا، بەتایبەت ئەوانەى ژێرنووسى کوردى بۆ فیلمە جیهانییەکان دادەنێن، ئینجا دەزانیت چیرۆک و دیالۆگ و ئەوەى پێى دەگوترێت ئەدەبیاتى سینەما لە چ ئاستێکى باڵادایە !

هەر لە هەندێک لەو ماڵپەڕانەشدا بەشێک تایبەت کراوە بە فیلمى کوردى، کرتەیەکى ئەوێش بکە و چاوێک لە فیلمەکانى ئەو بەشەش بکە، بزانە چ ئەزمەیەکى چیرۆک و کاراکتەر و ڕووداو و چنین و لایەنەکانى دیکەى سیناریۆیە، ئەوە جگە لەوەى بۆت ڕوون دەبێتەوە لەسەر ئاستە جیاوازەکانى دیکەى فیلمیش، ئەو قسانەى سینەماکارى ئەم بەشەى کوردستان لە کەناڵە جیاوازەکانەوە دەیان کەن تەنیا قسەن و فێرى بوون، دەنا هیچى لە فیلمەکانى خۆیاندا ڕەنگى نەداوەتەوە! جگە لەو پانیاییە زۆر چۆڵەى فیکر کە ڕۆحى سینەمایە و سینەماکاران لێى بێئاگان و نازانن لە میان فیلمدا دەیانەوێت چ فیکرێک بەیان بکە؟



ڕیکلام