نرخی نەوت بەرزبوەوە

  2021-01-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە و بینی و گەیشتە سەروی 52 دۆلارەوە ئەوەش بەرزترین نرخە كە لە كۆتایی مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە تۆماری كردبێت.

بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 52 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 49 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.

ئەوە لە كاتێكدایە بەیانی دوێنێ یەكشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 51 دۆلار و 75 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە 48 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەوەش نرخی نەوت بە هەردوو جۆرە ناسراوەكەیەوە بەراورد بە دوێنێ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. 

هەرچەندە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا و هۆشداریدانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەوبارەیەوە راگرتن و سنورداركردنی گەشتی نێوان ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان بووەتە هۆكاری وەستانی نرخی نەوتی لە بازاڕدا بەڵام ئەمڕۆ نرخەكەی رووی لەبەرزبوونەوە كردووە. 

لەماوەی نۆ مانگی رابردوو نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لەبەرزبوونەوە كردووە، بەڵام نرخی ئەمڕۆی نەوت بەرزترین نرخە كە لە رۆژی 27ی شوباتی ساڵی رابردوو تا ئێستا تۆماری كردبێت. 

ساڵی رابردوو لەمكاتەدا نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 63 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا، بەڵام لەو كاتەوە رووی لە دابەزین كردووە. 


ڕیکلام