گۆران نامیق بۆ ژیان: بەرکەوتنت لەگەڵ خەڵکانێک تووشی هیلاکی و جۆرێک لە نائومێدیت دەکەن

  2021-01-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانى: داستان

هونەرمەند گۆران نامیق ساڵانێکە وەک ئاکتەر و بوارەکانى دیکەى پەیوست بە شانۆ و دامادا دەرکەوتووە، ئەو بەشدارى چەندین کارى کردووە و لە ناویاندا وەک ئاکتەرى سەرەکى لە زۆرینەیاندا ڕۆڵى گێڕاوە، دوایین کارى مۆنۆدرامایەک بوو بە ناوى فڕین بە ناو خۆڵەمێشدا کە لە شارى سلێمانى نمایش کرا، لەم دەرفەتەى تۆڕى هەواڵى ژیان دا ئەو هونەرمەندە دەدوێنین :

ژیان: تۆ هەستت کرد دەبێت لە بوارى هونەردا کار بکەیت؟ چۆن هەستێک؟ یان کارکردن لە هونەردا لەلاى تۆ بڕیاربوو؟ چۆن بڕیارێک؟ یاخود نەخێر هیچیان بەڵکو هۆکارێک و زیاترى دیکەیە، کە دەکرێت ئێمە نەیزانین و تۆ بۆمانیان ڕوون بکەیتەوە؟

گۆران نامیق: بە بروای من کارەکە پەیوەندی بە بریاردانی تۆوە نییە ، چونکە وەک دەبینین کە خەلکانێکی زۆر ھەن دەمێکە بریاریان داوە ، کە لە ھونەردا کار بکەن ، بەلام لەبەر ئەوەی پالپشتێکی زانستی ، یاخود ئاگاییەک و ھۆشیاریەکیان سەبارەت بە کارەکە نییە ، وە خاوەنی بەھرەیەکی داھێنەرانە نین ، نەیانتوانیوە ھەنگاو بۆ پێشەوە ھەلێنن و ھەمیشە لە بازنەیەکی داخراودا بە دەوری خۆیاندا خول دەخۆن ..

کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی بووم و بەشداری چالاکییەکانی قوتابخانەم دەکرد  و ڕۆڵم دەبینی ، بووم بە جێی سەرنجی دەرھێنەرێک ، مامۆستا (محمد حسن) کە دەیویست شانۆگەریەک ئامادە بکات بەناوی ( میوە خۆشەکە) و رۆلی سەرەکی لەو کارەدا پێدام ، ئەمە بوو بە ھاندەرێک تا من لەوێوە بەھرەی خۆم پیشانی ئەوانیتر بدەم و بانگھێشتی چەند کارێکی تر بکرێم وەک ئەکتەر ..

دواتریش وام بیرکردوە کە تەنھا بەھرە بەس نییە ، بەلکو دەبێت ئەم بەھرەیە پالپشتێکی زانستی و ئەکادیمیانەی ھەبێت ، بۆ ئەمەش پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی و پاشانیش کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی ھەولێرم ھەلبژارد بۆ خوێندن و درێژەدان بە ھونەرەکەم و پەرەپێدانی بەھرەکەم ، لەگەل ئەوەشدا ، بەردەوام کارکردنم لەگەل دەرھێنەر و ئەکتەرە بە ئەزموون و جیاوازەکان ، وە کتێبە تیۆریەکانی بواری شانۆ و نواندن تا ئێرەیان ھێناوم .

ئەگەر خاکە رایانە لێم وەرگرن ، پێموایە ھێشتا دەرفەتی تەواوم بۆ نەرەخساوە کە تەواوی بەھرە و توانستی خۆم بە بینەرەکەم پیشان بدەم ، بەلام ئومێدم ھەیە لە ئایندەدا دەرفەتی زیاتر برەخسێت .

ژیان: زۆرجار ڕوویداوە هونەرمەندانى بوارە جیاوازەکان پاش چەند ساڵێک لە کارکردن لە هونەردا بۆیان دەردەکەوێت کە بە هەڵە هونەریان هەڵبژاردووە، یان ئامادەنین ئەو سزایەى خۆیان بدەن و ژیانیان بکەنە قوربانى هونەر بۆیە لە هەڵبژاردنى هونەر پەشیمان دەبنەوە! لەسەر هەردوو ئاستەکە بارێکى ئاسایین، تۆ هەرگیز ئەو دۆخانە تێکەوتوویت؟ بە هەڵە هونەرت هەڵنەپژاردووە؟ ئەى بەردەوام دەبیت لە قوربانیدان لە پێناو بەردەوامى لە هونەردا؟

گۆران نامیق: ھەندێ جار بارودۆخەکان وەک ئەوە نین کە تۆ دەتەوەێت، بەرکەوتنت لەگەڵ خەڵکانێک ، کە بە زۆر خۆیان ترنجاندۆتە بوارەکەوە، تووشی ھیلاکی و جۆرێک لە نائومێدیت دەکەن ، بۆ ساتێک لە خۆت و ژیان و کارەکەت رادەمێنی و خۆت سەرزەنیشت دەکەیت ، کە بۆچی ئەمە ئەنجامی دلسۆزی و کارەکەت بێت ؟ لە خۆت دەپرسیت بەراستی تۆ دەبێت تا کەی ئەم باجە بدەیت ..؟

بەلام کاتێک پێشنیارێکی تازەت بۆ دێت و پڕۆژەیەکی ھونەریت بۆ دێتە پێشەوە ، لە ناوەوەتدا ، عیشقە قوڵ سەرکێشەکەت دەکەوێتە ھەلەکە سەما ، جارێکیتر بە شەوقەوە باوەش بە ستەیجەکەدا دەکەیتەوە و ناتەوێت ھەرگیز ھۆڵەکان و شانۆکان لە تاریکایی و چۆڵەوانیدا نغرۆ بن ، ناتەوێت بینەرەکانت بۆ ھەمیشە لە چاوەروانیدا بمێننەوە ، ناتەوێت شانۆنامەکان ، چیرۆک و روداوەکان ، لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان تۆزیان لێ بنیشێت . ھەر بەو عیشقەوە خۆت دەکەیت بەناو کەسایەتییەکدا و ڕۆحی بەبەردا دەکەیت و بڕیار دەدەیت بۆ ھەمیشە بەردەوام دەبیت ، پەیمان نوێ دەکەیتەوە ھەرگیز دەست لە ئامانجەکەت بەر نادەیت تا کۆتایی لەگەڵی دەبیت .

ژیان: چێژێک لە هونەردا هەیە تەنیا هونەرمەندەکان لە بەهاکەى تێدەگەن! کە ڕەنگە زۆرێک لەوانەى کارى هونەر دەکەن تاکو کۆتایی ژیان نەتوانن بگەن بەو چێژە !

گۆران نامیق: ھونەرمەند ھەمیشە بەدوای ئەو چێژەدا ڕادەکات ، ھەر کارێکی ھونەری ، ھەر پڕۆەیەک کە ئەنجامی دەدەیت ، بەو ھیوایەی لەو کارەدا چێژی تەواوەتی بەدەست دەھێنیت ، بەلام ھەر دوای کۆتایی ھاتنی کارەکە ، بۆت دەردەکەوێت کە  نەگەیشتوویت بە چێژی تەواو و بۆ بەدەستھێنانەوەی دەچیتە پڕۆژەیەکی ترەوە .. ئیتر بەم شێوەیە ، ھەمیشە کارەکان بڕێک لە چێژت پێدەدەن  کە تۆ گیرۆدەی بەدەستھێنانەوەی دەکەن ، تۆش ھەمیشە وێڵی ئەو ھەست و چێژە دەبیت و شێلگیرانە دوایدا رادەکەیت ، پێت وایە لە کاری دواتردا خۆی حەشارداوە .

ژیان: کارکردنى هونەریی تۆ لە شانۆ و سینەمادایە، بەردەوام لە نێوان ئەو دوو بوارەى هونەردا یاریی دەکەیت، کە یارییەکى ئاساییە و باویشە، واتە نمونەى زۆر هەن لە هونەرمەندى لەو جۆرە، دەمانەوێت تۆ وەکو خۆت کە ئەزموونکارێکى ئەو یارییەیت باسێکى یارییەکەمان بۆ بکەیت، بێگومان لە ڕوانگەى تایبەتى خۆتەوە، بۆمان باس بکە، یارییەکى چۆنە؟

گۆران نامیق: راستیەکەی من تا ئێستا ئەزموونی کاری سینەمام نەکردوە ، وەک فیلمی درێژ ، تەنھا لە چەند کورتە فیلمێک دا نواندنم کردوە کە ناکرێت  بەراوردی بکەم بە کارە شانۆییەکانم، تەنھا ئەوەی ھەیە کە پێم وایە ئەکتەری بە سەلیقە دەتوانێت لە ھەردوو بوارەکەدا کار بکات و بە سەکەوتوویی کارەکەی ئەنجام بدات ، بێگومان ئەمەش بە تێگەشت لەوەی شێوازی کار و نواندنەکان لێک جیا بکاتەوە .

ژیان: لەو کارانەى کردووتن لە شانۆ و سینەمادا شێوازى جیاواز و جۆرى جیاوازیان تێدایە، بەڵام پرسیارێک هەیە ڕەنگە وەڵامەکەى بۆ ئەو کەسانە گرنگ بێت کە کارەکانى تۆیان بینیوە، ئەویش ئەمەیە(لەناو هەموویاندا کامیانت لە هەموویان لەلا: باشتر، جوانتر، سەرکەوتووتر، گرنگتر، خۆشەویستر)ە؟ بابزانین وەڵامى تۆ چییە بۆ ئەو پرسیارە؟

گۆران نامیق: ھەموو کارەکانمم خۆشدەوێت و ڕێزی دەگرم ، بە لە بەرچاو گرتنی زەمەن و تێگەشتنی ئەوکاتی کە من کارە ھونەرییەکەم تێیدا ئەنجامداوە ،

کارەکان وەک بینایەک کە خشت بە خشت خراونەتە سەر یەک و ھەریەکەیان تەواوکەری ئەوی تر بووە و منیان تەواو کردوە . ئەوەی بۆ من گرنگە و جێی دڵخۆشیمە بێگومانم کە ھەر کارێکم ئەنجامداوە تەواوی جوھدی خۆمم تێدا بەکارھێناوە ، بەوپەڕی توانا و ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەوە کارەکەم قبوڵکردوە و پاشان نمایشم کردوە . ئیتر باش یان خراپ ، سەرکەوتوو یان شکست خواردوو ، بینەر بریاری لێدەدات و بۆ من ھەر ئەزموونە و ھەر جێی ڕێزە ..

وە ئەگەر پرسیارەکەش لە بارەی ستایل و شێواز و قوتابخانەوە بێت ، ئەوا من  ھەر کارێکم کردوە ئەڵبەتە خۆمم تێدا بینیوەتەوە و پاشان بریارمداوە ،  ھەموو کارەکان ئەوە بوون کە من ویستوومە پێموا بووە سەر بەو شێوازە بوون کە من لە کاتی خۆیدا پێم باش بووە .

ژیان: بەپێچەوانەى زۆرینەى ئەوانەى لە هونەرمەندان دەپرسن کەى دەستت بە کارى هونەرى کرد، ئێمە دەپڕسین: کەى واز لە کارى هونەرى دەهێنیت؟

گۆران نامیق: ئەگەر لە بوارەکانی تری ھونەردا بەھۆی تەمەنەوە ھونەرمەند لە کارەکەی بوەستێت ، ئەوا لە ھونەری شانۆ و نواندندا بەو شێوەیە نییە ، بۆ ھەموو قۆناغێکی تەمەن تۆ وەک ئەکتەر پێویستیت و لەکار نەکەوتوویت ،  ھەمیشە ڕۆڵێک ھەیە بۆ تۆی ئەکتەر کە بتەوێت بەرجەستەی بکەیت ، بۆیە دەلێم لێرەدا کاتی دەستپێکردن دیارە و کاتی وەستان نادیارە .

ژیان: (بێزەحمەت ئەم پرسیارەیان وەڵامەکەى تەنیا یەک وشە بێت) کە دەڵێت: مامۆستایەتى؟ یاخود هونەرمەندیى

گۆران نامیق: ھونەرمەندی



ڕیکلام