دوو شیعرى ڕەهەند تاهیر

  2021-01-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

1

مێشی نێو خەونەکانم

لەبارەی زۆر شتەوە ..

دەربارەی ئەوینێک دەدوێم

کە تێناگەیت .

پیاوی نێو سوپڕایزەکانی نەبووم

چۆن دەبمە پیاوی نێو دڵی !

پەنجەکانیم نەدەڕازاندەوە بە ئەنگوستیلە

سناپەکانیم پڕ نەدەکرد لە مۆم .

ئەوەی هەمبوو هێزی وشەکانم بوون

ئەگەرچی میواندارییەک بە کۆفی

سەد قەسیدەی دەهێنا لای .

شەوەکانیم دەنووسیەوە

سەد وشەم لە یەک دەپێچا بۆی

دڵیم دەویست،

گەرچی ئەو وێڵی ماشێنێکی ڕەش بوو .

ئەوەی ڕویدا ڕویدا، نا !!

ئەوەی ڕویدا یادم ناچێت

من برینێک لە دڵمدا هەیە

ئەو برینێک لە سنگی گاز لێگیراوی .

من سەرقاڵی شینی ئەوینمم و

ئەو سەرقاڵی داپۆشینی لا ملی بە ماچ شینکراوی .

دەبینیت چ ترسناکە دۆلار

بیرمە دەتگووت من لەو جۆرانە نیم،

ڕاستت دەکرد تۆ خراپتر لەو جۆرانە بوویت .

2

تای دڵ ڕەقی

مرۆڤی ڕۆژە سەختەکانیان پێ دەگووتین

ئەمما ئێستا تای دڵ ڕەقی وەگیری هێناوین

نە تێ دەگەین،

نە دەشمانەوێ بچینە نێو قوڵایی جوانییەوە .

دەڵێی ئەشقی بەسەرچومان قوت داوە

لە گەروومان ناچێە خوارەوە و بۆتە ژەهر

دەبێ بڕشێینەوە بەسەر ژیاندا

مایە پووچ نین بەڵام لە ئێوە دەپرسم :

کامە جوانی؟ کامە ڕەنگمان پاشەکەوت کردووە؟

بەدەم ڕێوە پێدەکەنین .

بە دەم ڕێوە گاڵتە لەگەڵ هاوڕێکانماندا دەکەین

شەرم نییە هێندە بێ جێین

بە دەم ڕێشەوە دەگرین ..

خەڵکی چاوەڕێی پایزن تا خۆیان غەمبار دەرخەن

لێ من سێ وەرزەکەی دی بە زۆر پێدەکەنم !

عەجەب خراپیی تێی گیراندووین

دراوسێی خراپ

خێزانی خراپ

هاوڕێی باشیش خۆتان خۆش ..

ڕاستییەکەی ئەم سستەمەی ئابڵوقەی داوین

دەڵێی ماسی قوتووە ڕۆژێک دەمان کوژێت ..

نییەتی مردن بێنن، خۆشتان بووێت

لانی کەم وەک زیندووەیەکی باش نەبوون

مردووەیەکی باش بن



ڕیکلام