زاهیر شاکر تایبەت بە ژیان: زۆرێک لە گەنجان نێرگەلە و قوماریان لە کتێب پێباشترە

  2021-01-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانى: داستان

زاهیر شاکر خاوەنى ناوەندى دیالۆگە لە شارى کەرکوک کە ناوەندێکى تایبەتە بە کارى کولتوورى و لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا چەندین کار و پڕۆژەى جیاجیایان لە بوارە جیاوازەکانى کولتووردا ئەنجامداوە، ئەو لەم دیمانەیەى (تۆڕى هەواڵى ژیان) سەبارەت بە دۆخى ڕۆشنبیریی لە شارى کەرکوک قسەدەکات و بۆچوونەکانى شایەنى سەرنجن و دەکرێت لایەنى بەرپرس لە ڕووى پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەوە بەهەندیان وەربگرن.

ژیان: ناوەندى دیالۆگ سەربەخۆ کارەکانى خۆى دەکات یاخود لایەنێک پاڵپشتى دەکات؟

زاهیر شاکر: دیالۆگ ناوەندێکی سەربەخۆیە، هیچ لایەنێکی حیزبی هاوکاریی ناکات .

ژیان: بازاڕى کتێبفڕۆشتن لە شلارى کەرکوک لەو ئاستەدایە ئێوە بتوانن بەردەوامى بە کارکردن بدەن؟

زاهیر شاکر: بازاڕی کتێب لەو پەری لاوازیدایە، لە 2017 بازاڕی کتێب مردوە.لە چاوپێکهاتەکانی تر کورد کەمترین کڕیاری کتێبە، لە ناوکوردیش پیاوان کەمترین خوێنەرن. جگە لەوەش کتێبی کوردی بازاڕی مردوە. ئێمە لە لێواری ئیفلاسیداین، ناتوانین کرێکە دابین بکەین، بەقەرزو قۆڵە کتێبخانەکە بەڕێوە دەبەین، قەرزاری ناوەندەکانی غەزەلنوس وجەمال عیرفان وئەندێشە ورەهەندین. لە بەغداش قەرزاری کتێبخانەی سفاف و دجلە و رافدێنین، لە کەرکوکیش قەرزاری نەجاری رەفەکانین.. خەڵکیش هەیە بە قەرز کتێبی بردووە ئێستا بەلاماندا نایەت .

ژیان: ڕێژەى خوێنەر لە چ ئاستێکدایە لە شارى کەرکوک؟

زاهیر شاکر: ڕێژەی خوێنەر زۆر نزمە ڕۆژی وا هەیە تەنها کتێبێکیش نافرۆشین، ڕۆژەکانی تریش سێ بۆ پێنج کریارمان هەیە، زۆربەی ڕۆژەکان بەبڕی 39بۆ 35 هەزار دینار کتێب ئەفرۆشین، رۆژ هەیە بەبڕی زیاتر لە پەنجا هەزار دینار کتێب بەخۆڕای ئەبەخشین .

ژیان: خوێنەرانى کتێب زیاتر لە چ تەمەنێکن؟

زاهیر شاکر: تەمەنەکان زیاتر گەنجەکانن، خەڵکی بەتەمەنیش دێت.. ئەوانەی لە بیست وپێنج هەزار دیناربۆ سەرەوە مانگانە کتێب ئەکڕن ژمارەیان سێ کەسە، لە عەرەبێکەش هەشت کەس تێناپەڕێنێت، تورکمان لە نەتەوەکانی ترزیاتر کتێب ئەخوێننەوە .

ژیان: بەنیازنین کارەکانتان بەرفەراواتر بکەن لە بوارى کولتووردا؟

زاهیر شاکر: ناتوانین کارەکەمان بێ پشتیوانی فراوانتر بکەین، لەوانەشە ئیعلانی ئیفلاسی بکەین .

ژیان: خوێنەران زیاتر داخوازییان لەسەر چ جۆرە کتێبێکە؟

زاهیر شاکر: لە هەموو جۆرەکانی کتێب خوێنەر هەیە بەڵام خوێنەری ڕۆمان زیاترە .

ژیان: تەکنەلۆژیا چ کاریگەرییەکى هەیە لەسەر دۆخى کتێبى چاپکراو؟

زاهیر شاکر: بەڵێ تەکنەلۆژیا کاریگەری هەیە، بازاڕی نێرگەلە کێشان و قومارکردن لە بەشێک لە قاوەخانەکاندا گەرمە. زۆرێک لە گەنجان نێرگەلە و قوماری لە کتێب پێباشترە .

ژیان:  سەربارى دۆخى کۆڕۆنا بەردەمن لە ئەنجامدانى کۆڕ و چالاکى؟

زاهیر شاکر: بەڵێ کۆڕ و سمینار وناساندنی کتێب بەردەوامە، بەڵام لە چوار بۆ پێنج کەس زیاتر نایەت.

ژیان: پڕۆژەتان چییە داهاتوودا؟

زاهیر شاکر: بۆ داهاتوو ئەگەر داینەخەین، پڕۆژەمان دەبێت، ئێمە هۆڵەکەمان بە خۆڕای ئەدەینە ئەوانەی چالاکی ئەنجامدەدەن.



ڕیکلام