دڵم بە باخچەکە ئەسووتێ

  2021-01-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فرووغ فەڕوخزاد

و: ئازاد بەرزنجی

کەسێ‌ نییە بیر لە گوڵەکان بکاتەوە

کەسێ‌ نییە بیر لە ماسییەکان بکاتەوە

کەس نایەوێ‌ بڕوا بکا

باخچەکە خەریکە ئەمرێ‌

دڵی باخچەکە لەژێر هەتاوا ئاوساوە

زەینیشی وا خەریکە هێدی هێدی

لە یادەوەرییە سەوزەکان خاڵی ئەبێ‌

هەستی باخچەکەش هەر ئەڵێی

شتێکە تەنیا و لە گۆشەیەکی باخچەکا داڕزاوە .

حەوشەکەی ماڵی ئێمە تەنیایە

حەوشەکەی ماڵی ئێمە

لە چاوەڕوانیی بارینی هەورێکی نەناسا

باوێشک ئەدا

حەوزی ماڵەکەشمان خاڵییە

ئەستێرە بچووکە بێئەزموونەکان

لە بەرزاییی درەختەکانەوە ئەکەونە سەر زەوی و

لە پەنجەرەی ڕەنگزەردی ماڵی ماسییەکانەوە

شەوانە دەنگی کۆکە دێ‌

حەوشەکەی ماڵی ئێمە تەنیایە

باوکم ئەڵێ‌ :

لە من ڕۆیی

لە من ڕۆیی

من باری خۆمم برد

من کاری خۆمم کرد

لە سپێدەشەوە تا ئێوارێ‌

یا شانامە ئەخوێنێتەوە

یا “ناسیخولتەواریخ

باوکم بە دایکم ئەڵێ‌ :

نەفرەت لە چی ماسی و مەلە

وەختێ‌ کە من مردم ئیدی

باخچە هەبێ‌ یاخود نەبێ‌

بە من چی

من بەتەنها مووچەی تەقاوتیم بەسە .”

دایکم تەواوی ژیانی

بەرماڵێکە ڕاخراو

لە بەردەم ترسی دۆزەخا

دایکم هەمیشە لەبنی هەر شتێکا

بەدوا جێ‌ پێی گوناهێکا ئەگەڕێ‌ و

بە بڕوای ئەو کوفری گیایەکە

باخچەکەی وا پیس کردووە .

دایکم تەواوی ڕۆژ دووعا ئەکا

دایکم گوناهبارێکی سروشتییە

فوو بە گوڵەکانا ئەکا و

فوو بە ماسییەکانا ئەکا و

فوو بە خۆیا ئەکا

دایکم چاوەڕوانی پەیدابوون[1] و

بەخششێکە لە ئاسمانەوە دائەبەزێ‌ .

براکەم بە باخچەکە ئەڵێ‌ گۆڕستان

براکەم بە پەشێویی گیاکان پێئەکەنێ‌ و

تەرمی ئەو ماسییانە ئەژمێرێ‌

کە لەژێر پێستی نەخۆشی ئاودا

ئەبن بە گەردیلەی ڕزیو

براکەم بە فەلسەفە موعتادە

براکەم چاری باخچەکە

لە وێرانبوونیدا ئەبینێتەوە .

ئەو مەست ئەبێ‌ و

مشتەکۆڵە بە دارودیوارا ئەکێشێ‌ و

ئەیەوێ‌ بڵێ‌ کە زۆر دەردەدار و شەکەت و بێهیوایە

ئەو نائومێدییەکەشی

وەکوو ناسنامە و ساڵنامە و دەسڕ و چەرخ و قەڵەمەکەی

لەگەڵ خۆیدا

بۆ کۆڵان و بازاڕ ئەبا

نائومێدییەکەشی هێند بچووکە

کە گشت شەوێ‌

لە ئاپۆرەی مەیخانەیەکا ون ئەبێ‌ .

خوشکیشم کە دۆستی گوڵەکان بوو

کاتێ‌ دایکم لێی ئەدا

ڕازە سادەکانی دڵی خۆی

ئەبردە لای کۆڕە میهرەبان و بێدەنگەکەی ئەوان و

ناوبەناویش خێزانی ماسییەکانی

بۆ شیرینی و هەتاو داوەت ئەکرد ...

ئەو ئێستا ماڵی وا لەوبەری شار

لەناو خانووە ساختەکەیدا

لەگەڵ سوورەماسییە ساختەکانیا و

لەپەنا عیشقی هاوسەرە ساختەکەیا و

لەژێر لقی دارسێوە ساختەکانا

مناڵی سروشتی ئەخاتەوە

ئەو

هەرکاتێ‌ بۆ دیدەنیی ئێمە دێ‌ و

چمکی کراسەکەی بە هەژاریی باخچەکە پیس ئەبێ‌

بە کۆڵۆنیا خۆی ئەشوا

ئەو

هەرکاتێ‌ بۆ دیدەنیی ئێمە دێ‌

دووگیانە .

حەوشەکەی ماڵی ئێمە تەنیایە

حەوشەکەی ماڵی ئێمە تەنیایە

تەواوی ڕۆژ

لەودیو دەرگاکەوە دەنگی پارچەپارچەبوون و

تەقینەوە دێ‌

هاوسێکانمان لە زەویی باخچەکانیانا لەبریی گوڵ

خومپارە و ڕەشاش ئەڕوێنن

هاوسێکانمان سەرپۆش ئەدەن بەسەر

حەوزە کاشییەکانیانا

حەوزە کاشییەکانیش

بێ‌ ئەوەی خۆیان بیانەوێ‌

عەمباری شاراوەی بارووتن

مناڵانی گەڕەکەکەشمان، جانتاکانی قوتابخانەیان

پڕ کردووە لە بۆمبی بچووک .

حەوشەکەی ماڵی ئێمە گێژە .

من لە زەمەنێک ئەترسم

کە دڵی خۆی ون کردووە

من لە تەسەوری بێهودەییی ئەم هەموو دەستە و

لە بەرجەستەبوونی نامۆیی ئەم هەموو دەموچاوە ئەترسم

من وەکو ئەو قوتابییەی

کە شێتانە حەزی لە وانەی ئەندازەیە، تەنیام و

بیر ئەکەمەوە کە ئەبێ‌ باخچەکە ببرێ‌ بۆ نەخۆشخانە

من بیر ئەکەمەوە ...

من بیر ئەکەمەوە ...

من بیر ئەکەمەوە ...

دڵی باخچەکەش لەژێر هەتاوا ئاوساوە

زەینیشی وا خەریکە هێدی هێدی

لە بیرەوەرییە سەوزەکان خاڵی ئەبێ‌ ...

لە کتێبی" ژنێک لەبەردەم وەرزێکی سارددا"وە

[1]  پەیدابوون: مەبەست لێی پەیدابوون (یان دەرکەوتنی) مەهدیی چاوەڕوانکراوە .

* ئاماژەیەک بۆ خوێنەر: لەم قەسیدەیەدا "باخچە" سیمبوڵە بۆ کۆمەڵگا.



ڕیکلام