سۆرانی  |  بادینی  |  English      

عێراق دەست بەسەر نەوت و دەروازەکانی هەرێم دەگرێت؟

  2021-01-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرەتای هەفتەی داهاتوو قۆناغێکی سەخت دەبێت بۆ نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەچوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 لیژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ، گفتوگۆ لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان دەکات.

داواکاری سەرەکی حکومەتی عێراق رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکانە، نوێنەرانی کورد لە بەغدا  جەخت لەوە دەکەنەوە بەغدا ئامادەیە دۆسییەی نەوتی هەرێم بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە وەربگرێت لەبەرامبەردا موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

هەرچەندە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە شکستی هێناوە و 7 ساڵە خەڵکی خستووەتە قەیرانێکی قوڵ، بەهۆیەوە 50 بۆ 60 رۆژ جارێک بە لێبڕینەوە موچە دابەش دەکات، بەڵام ئاماژەی ئەوە هەیە ئەگەر نەوت رادەستی عێراق بکرێت ئەویش موچە بە تەواوی و بودجەی هەرێمیش دەدات.

کە باسەکە دێتە سەر رادەستکردنی نەوت و داهاتی دەروازەکان و دابەشکردنی موچە لەلایەن حکومەتی عێراق، پارتی دەکەوێتە ختوکەدانی هەستی نەتەوایەتی و بەخشینەوەی دروشمی نەتەوەیی وەک ئەو نووسینەی ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کە دەڵێت، لای ئێمه‌ ژیان و موچه‌ گرنگه‌ به‌ڵام سه‌ربه‌رزانه‌ ژیان له‌ هه‌موو شت گرنگتره‌ و پارتی سه‌رشوڕ ناكات.

لەسەروبەندی پەسەندکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی عێراق، پارتی بەبێ لێکۆڵینەوە کەوتە دژایەتیکردنی یاساکە، لە کاتێکدا دەرفەتی زۆرباشی بۆ هەرێمی کوردستان تێدابوو بەڵام کاتێك بەو دەرفەتەیانزانی کار لەکار ترازابوو،  موچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان فەوتان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ساڵێک و 6 مانگە خەڵک نازانێت هەیە یان نییە، لەم کاتە ناسکە خەڵک هیوای بە عێراق بە ناردنی موچە باری سەرشانیان سوک بکات، وەزارەتەکە کەوتووەتە وەڵامدانەوەی وەزیری نەوتی عێراق و دەڵێت تەنیا داهاتی 250 هەزار بەمیل رادەست دەکەین.

لەکاتێکدا پارتی دژایەتی رادەستکردنی نەوت و دابەشکردنی موچە لەلایەن عێراقەوە دەکات، مەسعود بارزانی، سەرۆکی حیزبەکە و سەدان بەرپرسی دیکەی حیزبەکە موچەی خۆیان و پاسەوانەکانیان راستەوخۆ لە عێراق وەردەگرن.

راپۆرتەکانی وردبینی و چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت کەمتر لە 30٪ داهاتی بۆ دەمێنێتەوە .

جاودێران دەڵێن، گومانی تێدا نییە کە هۆکاری دەستگرتن بە نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سودمەندی سەرەکی فرۆشتنی نەوتە و کۆمپانیاکانی ئەو حیزبە پارەی بێشوماریان لە فرۆشتنی نەوت دەستدەکەوێت و هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە شینەکەی پارتی بۆ هەریسەکەیە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە تا کەی پارتی ئەوەی بۆ دەچێتەسەر داواکاری حکومەتی فیدراڵی بەهەند وەرناگرێت، بە سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و موچە نەدات، خەڵک برسیبێت و داوای موچە لە عێراق بکات.

نوێنەرانی کورد جەخت لەوە دەکەنەوە، دەست بەسەرداگرتنی کێڵگەکانی نەوت و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بژاردەکانی بەردەم حکومەتی ناوەندی و دوور نییە رووبدات، ئەوەش بەپێی دەستوری عێراق، لە ماددەکانی 112 و 114ی دەستور ئاماژە بەوە کراوە بەڕێوەبردنی نەوت و دەروازەکان بە هابەشی دەبێت لە نێوان هەرێم و ناوەند.

بە لێدوانی بەرپرسانی پارتی و حکومەت دەردەکەوێت ئەو حیزبە سوودی لە ئەزموونەکانی رابردوو و دژایەتی کردنی عێراق وەرنەگرتووە، لە بری پرۆژی مەنتیقی بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، دژایەتی هەڵبژاردووە،  ئەوانەی لەوبارەوە پرۆژی مەنتقیان هەیە، پارتی بە عێراقچێتی تۆمەتباریان دەکات،  بەتایبەت لەم کاتە کە یەکێتی و هاوپەیمانی هیوای کوردستانی پشتگیری رادەستکردنی نەوت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەکەن و لەو بارەوە هۆشداری دەدەن بە پارتی، لەپێش ریفراندۆمەکەی 2017 بەرپرسانی پارتی بەلێدوانەکانیان بەردەوام ئیستفزازی عێراقیان دەکرد تاوەکو کار لەکار ترازا.

لەدوای ریفراندۆمی 2017 ەوە دەرکەوت، لە چوارچێوەی دەستوردا ئەگەر عێراق هەر جوڵەیەکی سەربازی و ئەمنی بکات، هیچ وڵاتێک نابێتە رێگر.

پێش ریفراندۆم دەیان جار هەرێمی کوردستان ئاگادار کرایەوە بەڵام گوێی پێنەدا و ئەوە روویدا کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان و سەرچاوە نەوتییەکانیشی لەدەستدا. 

زۆربەی شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە  باشترین دەرفەت بۆ هەرێمی کوردستان رادەستکردنی نەوت، بەڕێوەبردنیەتی بە هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دەبێت  کاتێک خەمی خۆی بخوات کار لە کارنەترازابێت.