بەتۆمەتی ساختەکاری بەڕێوەبەرانی مەرزی پەروێزخان و گومرگی گەرمیان دەستبەسەرکران

  2021-01-24  | 
گەمیان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەتۆمەتی ساختەکاری بەڕێوەبەرانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و گومرگی گەرمیان دەستبەسەرکران.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دادگای قۆرەتوو بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەرکردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی١ی٢٠٢١، هەردوو بەڕێوەبەرەکە چوونەتە بەردەم دادگا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دادوەری دادگای قۆرەتو بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئەو دوو بەڕێوەبەرەی داوە و لە ئێستادا راگیراون.

ئەوەشی خستەروو، بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، راگرتنی ئەو دوو بەڕێوەبەرە بەپێی ماددەی ٢٨٩ ساختەکارییە و هەندێکی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەپێی ماددەی  ١٩٤ی یاسای گومرگی دەستبەسەرکراون.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان راشیگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان بەردەوامە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا و بە تۆمەتی ساختەکاری، محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و باوکی ناوبراو و ژمارەیەک بازرگان لە گەرمیان دەستبەسەرکراون.



ڕیکلام