شاعیر و خوێنەر

  2021-01-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەریم دەشتی

خوێنەرانم بەشێكی گرینگن لە رۆحی شیعرەكانم، بە پێچەوانەی زۆربەی ئەوانەی   لافی ئەوە لێدەدەن، كە ئەوان باكیان بە خوینەر نییە، من پڕ باكم بۆ خوێنەران، شیعر كە خوێنەری نەبیت وەك ئەوە وایە كە شاعیران  باوەڕیان بە خۆیان نەبێت، چونكە شاعیر خۆی خوێنەرێكی هەمیشەییە، واتە شاعیر خۆی خوێنەرە، جا بۆ پشت لە خوێنەری خۆیان دەكەن؟

ئەوانەی كە پێیان وایە خوێنەران گرنگ نین، كە خوینەرێ پێیان دەڵێت شیعرەكەت خراپ بوو ، یا باش نەبوو ، زۆر زوو هەڵدەچن و تووڕە دەبن، بەڵام كە دەڵێن شیعرەكەت بەڕاستی جوان بوو ، چەند ڕۆژێ بەو قسەیە شادو شاگەشگەشكە دەبن، كەواتە خوێنەر كاریگەرە دەتوانێ لە یەك سات و لەیەك قسەدا، دیدگای شاعیر بوروژێنن، بۆیە زۆر گرینگن، پۆپۆلیست شتێكەو خوێنەر شتێكی ترە،هەلبەت من باس لە خوێنەری باش دەكەم، بەڵام خوێنەری سادەش ئەو مافەی هەیە قسە بكات و ڕای تایبەتی خۆی هەبێ، بەهەرحاڵ ئەو چەند دێڕەم بۆ ئەوە دەنووسم، تا بە خوێنەرانم بڵێم كە هەموو ئەو شیعرانەی من نووسیومن و بڵاوم كردوونەتەوە تا ساتەوەختی ئەم نووسینەم، ئەو شیعرانەبووین كە تا سنووری 2020 نووسیومن.

ئیدی ئەلێرەوە دەوەستم، تا ئەو كاتەی كە لە 2021 دا ئەگەر بتوانم شیعر بنووسم، هەر بۆیەش من دەوەستم و هیچ شیعرێكی تر بڵاو ناكەمەوە ئەگەر هی ساڵی تازە نەبێت،  بۆیە دووبارەی دەكەمەوە لە دوای مێژووی ئەم نووسینەمدا، هەر شیعرێكی دی بڵاوبكەمەوە، ئەوە شیعری ساڵی تازەیە، وەك چۆن لە كتێبی بەرەو منداڵی بە جلی پاییزەوە نووسیومە و دەڵێم   شیعر پێویستی بە فیكرو مەعریفەی ڕەها هەیە، بەڵام شیعر فیكرو مەعریفە نانووسێتەوە، بەڵكو وردوخاشیان دەكات و دەیانكات بە سووتووی تێڕامان و گوزارشت كردن لە هەراسانی ڕۆح و جاویدانی، شیعری باش پیناسەكان بەتاڵ دەكاتەوەو هیچ چەمكێكیان بۆ ناهێڵێت، گۆڕان گرینگترین ئەكسیری شیعرە، شاعیر بەردەوام دەبێ لەپێناوی ڕۆح بەخشین بە جیهانبینی خۆی، گۆڕانێك بەرەو باشی، گۆڕان لە ستایل و مانا و فۆرم و وشەو داڕشتن، بەمجۆرە، شاعیر دەتوانێ فەزاكانی داهینانی شاكار كەشف بكات، شاعیری وەستاو بە تەنیا خاوەنی ئەو ساتەیە كە تیایا دەژیت و نابیتە خاوەنی جاویدانی.



ڕیکلام