چاوپێکەوتن لەگەڵ کارلۆس زافۆن، نووسەری شەش کتێب بۆ نەوجەوان و پێگەیشتووان

  2021-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەکەم کتێبی "سێبەری با" زیاتر لە یەک ملیۆن چاپی لە بەریتانیا لێفرۆشرا.

لە ئینگلیزییەوە: گوڵان مەحمود

کارلۆس ڕویز زافۆن نووسەری شەش کتێبە بۆ نەوجەوان و پێگەیشتووان. یەکەم کتێبی "سێبەری با" کە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی ئینگلیزی چیرۆکی شەڕی ناوخۆیە دوای شەڕی ئیسپانیا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن چاپی لە بەڕیتانیا لێفرۆشرا. کتێبەکانی بۆ زیاتر لە چل زمان وەرگێڕدراون و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بردۆتەوە .

دوایین کتێبی، زیندانیکراوی بەهەشت، تەواوکەری "سێبەری با"یە، کە دووبارە ڕووداوەکانی لە بەرشەلۆنە ڕوودەدەن بەڵام لەگەڵ ڕووداوەکان لە ئێستاوە دەچین بۆ ساڵی ۱۹٥٠کان. بەیانییەک، کەسێکی نادیار دەچێتە کتێبخانەکەی دانیاڵ، دەیەوێت بەرگێک لە کتێبە وێنەییە گرانبەهاکەی کۆنت مۆنتی کریستۆ بکڕێت. کارەکە بە چیرۆکی خیانەت و بەندکردن و نهێنییەکانی "گۆڕستانی کتێبە ونبووەکان" دەستپێدەکات .

*هەموو کتێبەکانت دەربارەی هێزی چیرۆکەکانە. سەرنجڕاکێشی نووسینی کتێبەکان دەربارەی چییە...کتێب؟

زافۆن: پێموانییە بەڕاستی دەربارەی کتێبەکان بنووسم، بەڵکو دەربارەی کەسەکان و چیرۆکەکان و زمان و بیرۆکەکانە...چوار کتێبەکەی چوارینەی گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان لەڕاستیدا بەڵگەی پەیوەندیدارییە بە جیهانی خوێنەران و کتێب و کتێبفرۆشییەکان و بڵاوکارەکان و هەموو ئەوانەی لە بواری ئەدەبدا کاردەکەن، بەڵام هەوڵدەدەن بابەتە کۆنەکانی ئەدەب چارەسەربکەن. هیواخوازم دەربارەی ژیان بێت. کتێب و ئەدەب، یاخود چیرۆک گێڕانەوە، هیچ نییە جگە لە بەشێک لە ئەوە .

*ئایا گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان لە باڵەخانەیەکی ڕاستەقینەی بەرشەلۆنەوە وەرگیراوە؟

زافۆن: ئەوە ڕاست نییە. بیرۆکەی گۆڕستانەکەم لەکاتێکدا وەرگرت کە لە لۆس ئەنجەلوس دەژیانم. سەرچاوەی ئیلهامە گەورەکە کتێبخانەیەکی گەورەی بەکارهاتوو بوو لە لۆنگ بیچ، لە کالیفۆڕنیا، بەناوی Acres of books. ڕای بڕادبی جارێک دەربارەی ئەو شوێنە نووسیبووی و منیش سەرانیکارێکی چەندبارە بووم بەدرێژایی چەندین ساڵ، تا ئەو کاتەی کە داخرا. گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان خواستنە، نەک تەنها بۆ کتێب، بەڵکو بۆبیرۆکەکان، جوانی، ژیری، خەڵک، وە جیهانەکانی مێشک، وە یادەوەری...هەموو ئەو شتانەی کە وامانلێدەکات مرۆڤ بین و مانامان پێدەبەخشێت. کتێبەکان، بەڕێگایەک لە ڕێگاکان، هێمای هەموو ئەوانەن کە لە چیرۆکەکەدا هەیە .

*چەند کاتت پێچوو بۆ نووسینی کتێبی "سێبەری با" لە یەکەم بیرۆکەوە تا دوایین "دەستنووس"ی کۆتایی؟

زافۆن: زۆرجار کارەکە ساڵێک یان دوو ساڵی پێدەچێت بۆ نووسینی کتێبێکی لەوجۆرە، وە سێبەرەکە هەڵاوێردن نەبوو .

*پەیوەندی نێوان کوڕ و باوک لەم چیرۆکەدا بەسۆزە، پەیوەندییەکی نزیکت هەیە لەگەڵ باوکتدا؟

زافۆن: پەیوندیم لەگەڵ باوکمدا وەک ئەوەی دانیاڵ نییە لە "سێبەری با"دا. هەندێک لایەنی لێکچووە، بەڵام باوکم بەتەواوی کەسێکی جیاوازە لە باوکی دانیاڵ. وە بەڕاستی، منیش جیاوازم لە دانیاڵ. ئەمە ژیانە .

*جیاوازی چییە لەنێوان نووسینی ڕۆمانی نەوجەوانان و ڕۆمانی پێگەیشتوواندا، یاخود لەڕاستیدا بەتەواوەتی جیاوازن؟ کامیانت پێباشترە وە بۆچی؟

زافۆن: بەڕاستی پێموانییە کە پڕۆسەی نووسین زۆر جیاوازی هەبێت بۆ نووسینی ڕۆمانی نەوجەوانان یاخود پێگەیشتووان. تەنها هەوڵدەدەم بۆ ئەو کەسانە بنووسم کە حەزیان لە خوێندنەوەیە، وە زۆر دوودڵ نابم دەربارەی تەمەنیان. تەمەن، لە خوێنەردا، سیفەتێکی زۆر ڕێژەییە. پێمخۆشە کتێب بنووسم بۆ ئەو خوێنەرانەی کە حەزیان لە ئەدەب و زمان و گێڕانەوە و چیرۆکەکانە...داوای پێناسە لە خوێنەرەکانم  ناکەم بۆ زانینی تەمەنیان. پێمخۆشە بەو شێوەیە بیرکەمەوە کە، بەڕێگایەک لە ڕێگاکان، من بۆ خوێنەرانی هەموو تەمەنەکانم .

ئاشکرایە کە گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان تێبینییەکی هەیە سەبارەت بە یادکردنەوەی ڕابردوو_لەکوێی ململانێی نێوان کتێبەکان و کتێبە ئەلیکترۆنییەکاندایت؟

زافۆن: هیچ ململانێیەک نابینم لەنێوان کتێبەکان و کتێبە ئەلیکترۆنییەکاندا. کتێبەکان کتێبن، نەک ئەو سەکۆیەی کە تیایدا بڵاودەکرێتەوە. سەمفۆنیای مۆزارت مۆسیقایە، نەک سی دی یان شریت یان mp3. مۆسیقایە. ئەدەبیش بۆ من هەمانشتە. ئەوە دەربارەی کار و زمان و داهێنانە .

*بۆچی بە ئیسپانی دەنووسیت، وەک لە ئینگلیزی؟ ئایا ئەو زمانە شتێکت پێدەدات کە ئینگلیزی ناتوانێت پێتبدات، ئەگەر وایە، ئەو شتە چییە؟

زافۆن: بە ئیسپانی دەنووسم چونکە ئیسپانیم. لە بەرشەلۆنە لەدایکبووم و زمانەکانی ئیسپانی و کەتەلۆنی زمانی دایکمن. پێموایە کە نووسەری ڕۆمان دەبێت هەوڵبدات بەو زمانە بنووسێت کە پێی فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، چونکە شتێکی زۆر گرنگ هەیە دەربارەی ئەو پەیوەندییە تۆ ناتەوێت تێکیبدەیت. هەموو زمانەکان شتێک دەبەخشن و دەبەن. پێموایە کە زمانە ڕۆمانییەکانی وەک ئیسپانی و ئیتاڵی و فەڕەنسی و کەتەلۆنی و پرتوگالی ژمارەیەکی زۆر لە وردەکاری تێدایە. لەکاتێکدا ئینگلیزی، بۆ نموونە، کورتی و وردی دەدات بەدەستەوە. تەنها هیوادارم هەموویان بزانم .

*وەک نووسەر، هەندێک ئیلهامی بەردەوامت چییە؟

زافۆن: ئیلهام لە ژیان وەردەگرم، لە ئەزموونە تایبەتییەکانم، یادەوەرییەکانم، لە ئەوەی کە دەیبینم لە ناوەوەم و لەچواردەورم...هەروەها ئیلهام لە ئەدەب، مۆسیقا و جوانی بەگشتی وەردەگرم. من شێتی جوانیم. هەروەها کافاینیش کاری خۆی دەکات .

*کتێبخانە دڵخوازت کامەیە لە جیهاندا؟ ئایا هیچ سەرچاوەی ئیلهامێکی ژیانی ڕاستەقینە هەیە لەپشت کتێبی "گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان"، لەوانەیە کۆگایەکی وازلێهێنراو یان ژوورێکی بچووکی خوێندنەوەی نەناسراو؟

زافۆن: ژمارەیەکی زۆر کتێبخانە هەیە کە حەزم لێیانە...یەکێک لەوانە کتێبخانەی atenueیە لە بەرشەلۆنە، کە یانەیەکی ئەدەبییە و تەمەنی سەدەیەکە لە شارێکی دێریندا. بەڵام کتێبخانەیەکم پێبدە و گۆڕینەوەکە وەربگرە ...

*ئەگەر بتوانیت تەنها یەک کتێب ڕزگاربکەیت، کام کتێبە دەبێت؟

زافۆن: ئەگەر بتوانم تەنها یەک کتێب ڕزگاربکەم...مممم. پێموایە کە وەڵامە ڕاستەکە سیاسییانە بۆ ئەوە کتێبێکی کلاسیکی یاخود کتێبێکی نایاب کە هەموومان خۆشماندەوێت دەبێت. بەڵام وەک ئەوەی ئەم جیهانە گەورە و خراپە و خواش دڕندەی خۆشدەوێت، ڕێگا دەدەم دووانە دڕندەکەم هەڵبژێرن. وە ئەویش هەڵدەبژێرێت تا یەکێک لە من ڕزگاربکات، چونکە شایەنی ئەوە نییە...کتێبێکی ئاوا. هاونیشتیمانییەکی بێزارکەر ...

*هیچ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ نووسەرە نوێیەکان؟

زافۆن: بنووسە و بنووسە و بنووسە. دواتر دووبارە بنووسەوە. تا مردن. بەسەختی کاربکە. فێری پیشەکەتبە. هەرگیز کۆڵمەدە. درێژەی پێبدە. خۆبەزلزان و ڕقلەدڵ و حەسود مەبە. بەسەختی کاربکە لەپێناو ئامانجەکانتدا. لە دڵتەوە بنووسە، بەڵام دڵنیابەرەوە لەوەی کە بەرلەوەی بگات بە پەنجەکانت بە مێشکتدا بڕوات. پاشان باسی ئەوەم کرد کە کۆڵنەدەیت؟

*گوێ لە مۆسیقا دەگریت کاتێک دەنووسیت؟

زافۆن: مۆسیقا ئەو شتەیە کە من لەهەموو شتێک زیاتر لە جیهاندا تیایدام، بۆیە دەبێت ئاگاداربم لەکاتێکدا بۆیدەنووسم چونکە مێشکم لە ئۆرکێسترادا دەگەڕێت، هەندێکجار وادەکەم بەڵام بەڕێگایەکی زۆر ڕێکخراو .

*هیچ بەهرەیەکت هەیە کە دانیپیادابنێیت؟

زافۆن: ئەو بەهرانەی دانیان پێدابنێم؟ ئاوازم دادەنا و مۆسیقام دەژەند، هەروەها سەیرکردنی جیهان کە تێدەپەڕێت، هەروەها ڕاوکردنی جوانی و ژیری و نەکردنی هیچ شتێک بەهیچ شێوەیەک .

*چ کتێبێک زۆرترین کاریگەری هەبووە لەسەرت لەکاتێکدا کە گەنج بوویت؟ هیچ نووسەرێکی دیاریکراو هەیە کە ئیلهامی پێبەخشیبێتی ببیت بە نووسەر؟

زافۆن: ناتوانم بڵێم کە تەنها کتێبێک کاریگەری هەبووە لەسەرم. دەمەوێت بڵێم کە هەموو کتێبەکان و جیهانی خوێندنەوە بەشێوەیەکی گشتی. هەمانشت بۆ نووسەرەکانیش. ژمارەیەکی زۆر نووسەر هەن کە دەمەوێت ناویانبهێنم .

*پڕۆژەی کتێبی داهاتووت چییە؟

زافۆن: ئێستا کار لە کتێبی چوارەم و کۆتایی زنجیرە کتێبی گۆڕستانی کتێبە لەبیرکراوەکان دەکەم...هیوای سەرکەوتنم بۆ بخوازە .

*هیچ ڕۆتینێکت هەیە بۆ نووسین؟

زافۆن: لە نووسینگە تایبەتەکەم کاردەکەم. بۆ چەند کاتژمێرێکی درێژ. پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، وە هەندێکجار شەش بۆ حەوت ڕۆژیش. بەردەوام پێداچوونەوە دەکەم لەکاتی نووسیندا. بەژوورەکەمدا دێم و دەچم. لەگەڵ خۆمدا دەدوێم. دەچم بۆ سەر کورسی ئەو پیانۆیەی کە لە نووسینگەکەمدا هەیە. نەفرەت لە کۆت و بەندەکانی وڵاتەکەم دەکەم. ڕێژەیەکی زۆر کافایین دەخۆمەوە. کارەکە لە خەیاڵتدا وەک وێنەیەکی کێشراوی سەر دێوارێک ببینە...دواتر دووبارە و دووبارە بینووسەوە و بینووسەوە. بۆ چەندین مانگ کاردەکەم تا ئەوەی هەمە نزیکتردەبێتەوە لەوەی پلانم بۆداناوە بیکەم .

*چۆن کار لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەکانتدا دەکەیت؟ هیچ پاشخانێکی بڵاوکارت هەیە لەبڵاوکردنەوەی لەناوبەر لە کتێبەکانتدا؟

زافۆن: بەنزیکی لەگەڵ هەندێک لە وەرگێڕەکانمدا و لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا ژمارەیەکی زۆر دەستکاریم هەیە بۆ وەرگێڕەکان، دووبارە نووسینەوەی بەشەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەوەی دەستت دەکەوێت نزیکترینە لە چاپە بنەڕەتییەکە. لە حاڵەتەکانی دیکەشدا لێیاندەگەڕێم خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن و ئاژەڵە کێوییەکان نەیانخۆن. ئەوە ئەو ڕێگایەیە کە من غلدەبمەوە .

*وەک نووسەرێکی گەنجی بەرزیخواز، لەگەڵ فایلێکی پڕ لەنامەی ڕەتکردنەوەی ئەلیکترۆنی، دەمەوێت بزانم چەندجار ڕەتکراویتەتەوە، پێش کارکردن لەگەڵ دەزگا بڵاوکارە گرنگەکان و هەرگیز وا بیرتکردۆتەوە کە بتەوێت دەستنووسەکان بکەیتە تەنەکەی خۆڵەکەتەوە؟

زافۆن: یەکەم کتێبم پێش زیاتر لە بیست ساڵ بڵاوکردەوە، بەڵام پێش ئەوە بەڵێ، ڕەتکردنەوەم وەرگرتبوو. هەموو نووسەرێک ئەوە وەردەگرێت. مەهێڵە ساردتکەنەوە. بەردەوامبە لە کارکردن. بەردەوامبە لە فێربوون و هەرگیز کۆڵمەدە. نووسەرەکان دەنووسن. گرنگ نییە چی ڕوودەدات. وە بەڵێ تۆ ئەو هەستەت دەبێت کە بتەوێت دەستنووسەکانت بکەیتە تەنەکەی خۆڵەکەتەوە. بەڵام وامەکە. نا ئەگەر نووسەریت. چونکە نووسەرەکان دەنووسن. بڵاوکردنەوە، مەسەلەیەکی دیکەیە. بەهێزبە و ڕاستگۆبە لەگەڵ خۆتدا و بەجدی کاربکە. لەکۆتاییدا، جیهان خۆی دواتدەکەوێت .

*ڕۆیشتنت بۆ لۆس ئەنجەلوس چۆن دەبینیت؟ ئایا ئەوە تێڕوانینێکی دیکەی پێبەخشیویت لە نووسینەکانتدا؟

زافۆن: ساڵی ۱۹۹٤ چووم بۆ لۆس ئەنجەلوس و بەنزیکەیی بۆماوەی دە ساڵ لەوێ ژیام. پێموایە کە بەجێهێشتنی ماڵ و ڕۆیشتن بۆ وڵاتێکی دیکە زۆرشتت فێردەکات، کە هیچی کەمتر نییە لە خۆت. پێموایە کەشتێکی باش بوو بۆ من. لەئێستادا زۆربەی کاتەکانم لە کالیفۆڕنیا بەسەردەبەم وەک ئەوەی لە بەرشەلۆنە یاخود سەرجەم وڵاتانی ئەوروپادا دەمکرد. دڵنیانیم کە ڕۆیشتن بۆ لۆس ئەنجەلوس بەتایبەتی تێڕواینێکی جیاوازی بەخشیبێت بە نووسینەکانم. پێموایە کە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات چی ڕوودەدات، بێ گوێدانە ئەوەی لەکوێیت. دەشێت ئەوە زیاتر بەشێوەیەکی کەسی گۆڕیبێتم، کە بە دڵنیاییەوە وەک نووسەرێکیش منی گۆڕیوە. ئێستا دەپرسم کە چۆن دەبووم ئەگەر هەر لە بەرشەلۆنە بمامایەتەوە یاخود بچوومایە بۆ تۆکیۆ، یان پاریس یانیش نیوکاسڵ ...

*ئایا یەکەمجار بەو بەو زمانە کتێب بڵاودەکەیتەوە کە زۆرترین خوێنەرت تیایدا هەیە بەپێی فرۆشی کتێبەکانت؟

زافۆن: ڕێکخستنی بڵاوکردنەوەی کتێبەکان لەلایەن منەوە دیاریناکرێت بەڵکو لەلایەن بڵاوکارەکانم لەهەر وڵاتێکدا دەکرێت و ئەوان ئەوکاتە هەڵدەبژێرن کە بۆیان گونجاوە. بەڕاستی فرۆشتن کاریگەری نابێت لەسەر داواکارییەکان. هەر بڵاوکارێک پڕۆسەی تایبەتی خۆی هەیە، پێویستی تایبەتی خۆی هەیە...هەر ئەوەندە وەرگێڕەکە کارەکەی خۆی تەواوکرد، ئەوان دیاریدەکەن کەی بڵاوبێتەوە. زۆرجار کتێبەکان هەموویان لەو ساڵەدا بڵاودەبنەوە کە چاپە ئیسپانییەکەی تیادا بڵاودەبێتەوە، بەڵام هەندێکجار ڕەنگە بڵاوکارەکە کاتی زیاتری بوێت. دەکەوێتەوە سەر ئەوان .

*شوێنی دڵخوازت لە بەرشەلۆنە کوێیە؟

زافۆن: شوێنی دڵخوازم لە بەرشەلۆنە ماڵەکەی خۆمە. بەڵام ژمارەیەکی زۆر شوێنی سەمەرە لە شارەکەدا هەیە بۆ ئەوەی بیبینیت...جووتێ پێڵاوی نوێ بکڕە و بگەڕێ .

*چۆن ئەدەبی نوێخوازی ئیسپانیا وەسف دەکەیت؟ ئایا خوێنەران حەزیان لە ژانەرە جیاوازەکانە یاخود بەدوای پڕفرۆشترین و کتێبی چێشتلێنان و ژیاننامەی کەسە بەناوبانگەکانەوەن؟

زافۆن: بازاڕی ئەدەبی ئیسپانیا لە ئێستادا زۆر هاوشێوەی وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپایە، وە بەهەمانشێوە تێکەڵەیەک لە کتێب و ژانەرەکانت دەستدەکەوێت. لەوانەیە ژمارەیەکی کەمتر کتێبی چێشتلێنان، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەمان ڕێچکەی وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپای گرتووە .

سەرچاوە: زە گاردیان

تێبینی: دووان لە کتێبەکانی ئەم نووسەرە بە ناوەکانی(سێبەری با، یاریی فریشتەکە) لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ (هیوا قادر)ەوە وەرگێردراون بۆ زمانی کوردی.(ژیان)



ڕیکلام