گازی سروشتی .. دەرفەت یان نەهامەتی وەک نەوت⸮

  2021-01-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
"گازی سروشتی ھەرێمی کوردستان بەسە بۆ عێراق بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەی کەمی گازی سروشتی پێ بکات" ئەمە لێدوانی ماتیو زیوس، جێگری یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکایە.

لە کابینەی نوێی کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، لێدوانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی بە گازی سروشتی هەرێمی کوردستان نەک کێشەی کارەبای هەرێم، بەڵکو دەتوانرێت کێشەی کارەبا لە عێراقیش چارەسەر بکرێت.

کەچی ساڵانێکی دوور و درێژە عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەی کەمی کارەبای نیشتمانیان ھەیە لە وەرزە سارد و گەرمەکان کەمتر لە 10 کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان سەرباری هەبوونی ئەو سامانە سروشتییە بە نرخە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هاوینی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ چەند میدیایەکی عێراقی و عەرەبی داوای دابینکردنی سوتەمەنی لە حکومەتی عێراق دەکرد بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

ھۆکاری ئەوەی ئەو بڕە کەمە لە کارەبا بەرھەمدەھێنن دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی "سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام ئەگەر بگەین بە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ھاوبەش دەتوانین سود لە تواناکانی ھەرێمی کوردستان وەربگرین و ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بەشی پێویست سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات، ئەوکات نەک دەتوانین ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ ھەرێمی کوردستان دابینبکەین، بەڵکو دەتوانین کارەبای ژمارەیەک شاریش لە عێراق دابینبکەین، لەوانە کەرکوک، موسڵ و تکریت".
 بەپێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا وێستگەکانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان کە زۆربەیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بونیاد نراون توانای بەرھەمھێنانی 6500 بۆ 7000 مێگاوات کارەبایان ھەیە، بەڵام کەمتر لە 3000 مێگاوات بەرھەم دەھێنن، ئەوەش بەھۆی دابین نەکردنی گازی سروشتی لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە.

لەکاتێکدا سەرنجی زۆربەی وڵاتانی جیھان لەسەر گازی سروشتی ھەرێمی کوردستانە بەڵام حکومەتی هەرێم ناتوانێت تەنانەت بەشی وێستگەکانی کارەباش گازی سروشتی بەرهەم بهێنێت لەکاتی بەڕێوەچوونی پانێڵ لە پەیمانگای واشنتن  لەبارەی گازی ھەرێمی کوردستان ماتیو زیوس، جێگری یاریدەری وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند: عێراق دەتوانێت لە جیاتی ھاوردەکردنی گازی سروشتی لە وڵاتانی کەنداو بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە گازی سروشتی ھەرێمی کوردستان ببەستێت.

ماتیو زیوس وتیشی تا ساڵی 2035 هەرێمی کوردستان دەتوانێت ساڵانە 40 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی بەرهەم بهێنێت لەکاتێکدا خواستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ گازی سروشتی لە ساڵێکدا ١٥ ملیار مەتر سێجایە ودەتوانێت ساڵانە 25 ملیار مەتر سێجا هەناردەی دەرەوە بکات بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی وزەی ئەمریکا چاوەڕوان دەکرێت بازاڕی سەرەکی بۆ فرۆشتنی گازی سروشی هەرێمی کوردستان تورکیا بێت نەک عێراق.

عێراق بۆ کارپێکردنی بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا ساڵانە تەنها لە وڵاتی ئێرانەوە بە بڕی دوو ملیار دۆلار گازی سروشتی ھاوردە دەکات بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوانیاندایە  دەبوو ئێران رۆژانە نزیکەی 40 بۆ 60 ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ بەغدا و بەسرە بنێرێت بەڵام بە وتەی وەزیری کارەبای عێراق ھاوردەکردنی گاز لە ئێران بۆ 25 ملیۆن مەتر سێجا دابەزیوە ئەوەش ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبای بۆ 14 ھەزار مێگاوات کارەبا دابەزاندووە لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 19 هەزار مێگاوات هەیە ھەرچەندە چەند جارێک ھەولێر و بەغدا لەبارەی بەکارھێنانی گازی سروشتی ھەرێم  بۆ پارێزگاکانی عێراق گفتوگۆیان کردووە، تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێککەوتن.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گازی سروشتی ھەرێمی کوردستان  %3ی گازی سروشتی ھەموو جیھان پێکدەھێنێت و خاوەنی 200 ترلیۆن مەتر سێجا گازە.


ڕیکلام