زامۆئا داراغا: سیاسەتى کولتورى ئەم هەرێمە وایکردوە کە ئێمە بەر یەک دوو شێوە بکەوین لە هونەر

  2021-01-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زامۆئا داراغا دەرچووى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سولەیمانى و دەرچووى زانکۆى یۆهانس گۆتنبیرک لە وڵاتى ئەڵمانیا. خاوەنى بڕوانامەى دیبڵۆمى باڵایە لە زانکۆى یۆهانس گۆتنبیرک لە وڵاتى ئەڵمانیا، ئەو چەندین شێوازی جیاوازی هونەریی ئەزموون دەکات و لە هەر شێوازەشدا خاوەن کاری جیاوازە.

لەم دەرفەتەی (تۆڕی هەواڵی ژیان)دا هونەرمەندی شێوەکار (زامۆئا داراغا) دەدوێنین :

ژیان: ئەزموونى کارکردنى تۆ لە شێوەکارییدا بە چەند قۆناغدا تێدەپەڕێت؟

زامۆئا داراغا: بە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە, بە پێى ئەوە تەمەنەم کە بڕیوە لە سەرەتاکانى ساڵى (1980)وە کە من هونەر ئەکەم, قۆناغى جیاوازم بڕیوە, بە دڵنیایەوە قۆناغى پێش پەیمانگاى هونەرە جوانەکان کە شیوازێکى تایبەت بوو, سەروتاى ناسینى هونەر بوو بۆ من, لە دواى ئەوە قۆناغى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سولەیمانى , کە ئەوەش ئەبێتە بە دوو قۆناغەوە قۆناغى پێش ڕاپەرین کە لە پۆلى یەک و دووى پەیمانگا بووم وە دواتر قۆناغى ڕاپەرین کە لە ساڵى ( 1991- 1994 ) تا پەیمانگام تەواو کرد,کە ئەم قۆناغە بە قۆناغى فێریوون و گەران ئەبینم لە ژیانى هونەریمدا, لەگەڵ تەواو بوونى قۆناغى پەیمانگا بڕیارى ئەوەم دا کە ئیتر کارى ( ئەکادمى ) وە بە تایبەتى ( فیگەر ) نەکەم , ئەم بڕیارە بۆمن کۆتایى ئەو قۆناغە بوو کە پێى ئەوترا قۆناغى فێربوونى ئەکادیمى .

قۆناغى دوایى پەیمانگا تا ساڵى ( 1995 ) کە قۆناغى نمایش کردن و کارکردن بوو لە ئەبستراکتدا, کە ئەم قۆناغە کەم بوو بەڵام زۆر گرنگ بوو .

قۆناغى کۆچکردنم بەرەو ئەوروپا , کە ئەم قۆناغە زۆر هەستیار بوو بۆمن وە چوونە ناو هونەرەوە لە ڕێگەى بینینى کارى ( ئۆرجیناڵ )وە بینینتى کارى هونەرى جیهانى و بەرکەوتنى لە هەموو ڕوویەکەوە .

قۆناغى خوێندنم لە زانکۆى ( یۆهانس گۆتنبیڕک ) لە ئەڵمانیا و دووبارە بوونەوەى فێربوون و گەڕان بە تایبەتى ( هونەرى هاوچەرخ ) کە ئەمە سەرەتاى ئاشنایم بوو بە کارکردن لەو بوارەدا, نامایشکردنم لە گەلەریەکان .

قۆناغى گەڕانەوم بۆ کوردستان و کارکردن بە گرووپ و نمایشکردن و کارى هونەرى چۆراو چۆر, بە دڵنیایەوە هەر قوناغێک لەم قوناغانە بەشێکى گرنگ بوو لە ژیانى هونەریمدا, بەڵان بە دڵنیایەوە ئەم قۆناغانە تەواو نابێت وە بەردەوامى ئەبێت لە بوارى هونەردا وە هیچ کاتێک نەمتوانیوە لە قۆناغێکدا بمێنمەوە هەموو کات هەوڵى گۆرانکارى و تازە بوونەوەم داوە .

ژیان: لە قۆناغێکى کارکردنى تۆدا زیاتر تابلۆکانت ستایلى تەجریدیان هەبوو، دواتر شێوازى کارکردنت گۆڕى بۆ ئەنیستلەیشن، ئەم گۆڕانکارییانە لەلاى هونەرمەند چۆنن و گرنگییان لە چیدایە؟

زامۆئا داراغا: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە دواى دەرجوونم لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان بڕیارم دا کە چیتر کارى ( فیگەراتیڤ ) نەکەم، ئەم بڕیارە زۆر بە ئاگاییەوە دام بە عەقڵانى کردم و توانیم جێبەجێى بکەم وە بە تەواوى بجمە ناو دونیاى ( ئەبستراکتەوە ) وە قوڵبوونەوە لە ڕەنک و تۆناتى ڕەنگ و لە ڕووبەرى ڕەنگى لە سەر تابڵۆکانم, ئەم شێوازە لە کارکردن لە ئەبستراکتا زۆرى نەخایاد یان ئەتوانم بڵێم کە ئەبستراکت بە تەواوى چێژى نەدامێ بە بەردەوام هەستێکى سەیرم هەبوو کە ئەم چێژە شتێکى ( کەمە )

هەر لەم ڕووەوە هەوڵمدا تێکەڵەیەک دروست بکەم لە نێوان ( گرافیک و وێنە کێشان )دا ئەم تێکەڵەیە لە کارکردنم بووە هۆى ئەوەى کە توانیم شێوازێکى تایبەت بە خۆم بدۆزمەوە لە کە لەتابڵۆکانمدا ( لە دوو ڕەهەندیەوە بۆ سێ ڕەهەندى ) کە ئەمە بۆمن زۆر گرنگ بوو, ئەویش بە پاڕجە پارجە کردنى قوماش و دورومان کردنى پارجەکان سەرلە نوێ وە دروست بوونى لێوارى قوماش و دەرجوون لە تابلوکەوە بەم شێوازە هەندێ جار درومانى قوماشەکە لە سەر ڕووى تابڵۆکە دەر دەکەو بە بەرزى ( 5 بۆ 10 سانتیم ) وە دروست بوونى سێبەر لە سەر تابڵۆکە .

بە باوەڕى من هەندێ جار لە ئەنجامى کارکردنى بەردەوام کارەکە خۆى وات لێ ئەکات کە گۆڕان کارى بکەیت لە شیوازى کاردندا واتە لەکاتى کارکردندا ڕیار ئەدەیت کە شێوازەکەت بگۆڕى وە بەروە شوێنێکى تر بڕۆیت کە لە زۆربەى کاتدا ئەوسەرى دیار نییە یان تەماویە بۆ نموونە کارى تابڵۆکانم لە کۆتایدا بەرەو دوو ئاڕاستە ڕۆیشتن , ئاڕاستەى یەکم بەرەو سادە بوونەوە یەک ڕەنگى کە هەندێ جار ئەبوون بە ( مۆنۆکرۆم ) یەک ڕەهەندى ( فلات )

کە لە کارەکانى دوایدا زۆر بە باشى دەرئەکەوت .

ئاڕاستەى دووهەم بەرەو دەرجوون لە تابڵۆ و ڕەنگ و شیوازە کڵاسیکیەکەى تابڵۆ کە هەموومان ئاشناین پێى, ئەویش بە درومانکردنى قوماش و بە کار هێنانى ( ئامێرى درومان ) لە کارەکانمدا و دەرکەوتنى سێ ڕەهەندى لە کارەکانمداکە زۆر جیاواز بوو لە ئاراستەى یەکەم .

هەر بەم شێوەیە من توانیم لە ڕێگەى کارکردن و گەڕان بە دواى ( مەتڕیالى ) جیاواز بۆ کار کردن و کارى نوێ بکەم کە خۆى ئەبینێتەوە لە کارى ( ئیتسلیشن و ڕاوم ئینسلیشن )

ئەوەى کە گرنگە لێرەدا باسى بکەم ئەوەیە هونەرمەند ئەکەوێتە حاڵەتێکەوە کە ئیتر ئەو شێوازەى کە کارى پێ ئەکات ناتوانێت گوزارشت لە بیرۆکە و ماناکانى ژیانى ڕۆژانەى خۆى بکات بکات یان نابێتە زمان حاڵى سەردەمەکەى کە هونەرمەندە تێیدا ئەژى

بۆیە هونەرمەندەکە پەنا ئەباتە بەر ئەوە کەرەسانەى کە ڕۆژانە بەرى ئەکەوێت وە ئەو هونەرى کە لە ئێستادا کارگەرى هەیە, وەک سەردەمەکە واتە ئەبێت لەوە تێبگەین هەموو سەردەمێک هونەرى خۆى هەیە پێوەرى خۆى هەیە کە بتوانیت پێوانەى بکەیت وە لە هەموو گرنگ تر هونەرمەند بتوانێت گوزارشت لە سەردەمەکەى خۆى بکات بە هەمان کەرەسەى سەردەمەکەى, وە تواناى تازەگەرى هەبێ هەم لە فۆڕم و هەم لە مانا وە هەم لە گوزارشت کردن ( تعبیر کردن ) ئەم گؤرانکاریە کە ڕوو ئەدات لە کارى هونەرمەندەکەدا ئەوە ئەسەلمێنێت کە هونەرمەندەکە تواناى ( مواکەبەى سەردەمەکەى خۆى بکات لە ڕێگەى تازەگەرى یەوە کە ئەنجامى ئەدات لە کارە هونەریەکانیدا )

بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە کارکردن بە کەرەسەى سەردەمەکە, واتە گەر هونەرمەندەکە هەستا بە بەکارهێنانى ( دیگیتاڵ و ئامێرە سمارتەکان ) ئیتر ئەم هونەرمەندە ( هاوچەرخە ) و کارى هاوچەرج ئەنجام ئەدات, دۆزینەوە ئەو هاوسەنگیە لە نێوان ( مەتڕیاڵ و بیرۆکەى کارەکە ) داڕشتنى بە فۆرمێکى تازە کە بوونى نەبێ لە ( زاکیرەى بینەر )دا وە دۆزینەوەى ئەو خاڵە لە نێوان بیرۆکە و فۆرمدا ئەت گەیەنێتە ئەو حاڵەتەى کە تۆى هونەرمەند توانیوتە بە کارێکى هونەرى ( ڕەخنە ئامێز ) گوزارشت ( تعبیر ) لە سەردەمەکەى خۆت بکەین ,

لێرەوە ئەتوانم بلێم بۆمن پیویشتى بوو کە بتوانم لە تابڵۆ کێشانەوە بجمى سەر کارى هاوچەرخ وە لە هەمان کاتدا بەردەوام بم لەسەر کارى وێنەکێشان وە ئەم دوو هێڵە تەریب بەیەک کاریان لەسەر بکەم .

ژیان:  دونیای شێوەکارى ئێمە لە باشوور کەمترین شێوازى جیاوازى تێدایە، لە کاتێکدا جیهان پڕیەتى لە جۆرى جیاوازى ئیشکردن، هۆکارى ئەمە بۆچى دەگەڕێنیتەوە؟

زامۆئا داراغا: من واى نابینم ئەتوانم بڵێم بە پێجەوانەوە دونیاى هونەرى شێوەکارى ئێمە زۆر فرە چەشنە وە دوڵەمەندە لە هەموو ڕوویەکەوە وە بگڕە ئیمەش بەشێکى دانەبڕاوى هونەرى جیهانین و کۆنتاکتێکى باش هەیە لە ئێستادا لە نێوان هونەرى ڵۆکال و هونەرى جیهانى .

هونەرى شێوەکارى ئێمە وەک چیاى بەفرى ناو دەریاکان وایە, ئەوەى ئەبینرێت تەنها یەک لە سەر چوارێتى , واتە سێ بەشى لە ژیر دەریاوەیە وە خەڵکى تەنها ئەو بە شەى ئەبینێت کە لەسەر ئاوەکەیە, ئەوەش بۆ سیاسەتى کولتورى ئەم هەڕێمە ئەگەڕێتەوە کە ( دەسەڵاتى کولتورى ئەم هەڕێمە ) جۆرە هونەرێک پێشکەش ئەکەن کە هەمووى وەک یەکە و هاوشێوەى یەکن, واتە هونەرى ( باو ) هونەرى ( دووبارە ) ئەو هونەرى کە لە بەرژەوەندى دەسەڵاتى سیاسى ئەم هەڕێمەدایە پیشانى ئەدەن, ئەوان بانگەشە و سپۆنسەرى ئەم جۆرە لە هونەر ئەکەن کە ئێمە ڕۆژانە بەرى ئەکەوین لە ڕێى ڕاگەیاندنەکان  و میدیاکانەوە, بۆیە ئەم هەستەمان بۆ دروست ئەبێت وە بە ڕێزاتن ئێستا پرسیار ئەکەن کە بۆ لاى ئێمە (کەمترین شێوازى جیاوازى تێدایە، لە کاتێکدا جیهان پڕیەتى لە جۆرى جیاوازى ئیشکردن ) کە خۆى لە ڕاستیدا وانییە ,

سیاسەتى کولتورى ئەم هەرێمە واى کردوە کە ئێمە بەر یەک دوو شێوە بکەوین لە هونەر بە تایبەتى ( هونەرى شێوەکارى ) ئەوى کە ئەبینرێت لە هونەرمەند و کارى هونەرى هەموویان سەر بە دەسەڵاتى کولتورین وە ئەمانە کار بۆ دەسەڵاتى سیاسى ئەم هەڕێمە ئەکەن وە توانیویانە سێ لەسەر چوارى هونەرى ئەم هەرێمە پشت گوێ بخەن و گرنگى پێنەدەن, ئەوى ئیستا ئەگوزەرێت لە ڕەوشى هونەرى ئەم هەڕێمە عەقڵیەتى دەسەڵاتى کولتورى ئێمەیە کە توانیوێتى بەشى کولتور و فەرهەنگى هونەرى قۆرخ بکات بۆ خۆى .

دەسەڵاتى کولتورى ئەم هەڕێمە وایکردوە کە هونەر و فەرهەنگى کولتورى ئێمە ( هەژارانە ) دەرکەوێت وە کە لە دوورەوە ئەبینرێت خۆى لە چەند شێوازێک زیاتر دەر ناکەوێت. ئەم هەژاریە بە مەبەست کراوە وە پلانى بۆ داڕێژراوە کە هونەرى شێوەکارى لەو ( قاڵبەدا ) بمێنێتەوە وە پێش نەکەوێت .

بەڵام گەر تەماشاى ڕەوشى هونەرى بکەین، بەتایبەتى ئەوەى لە (دەرەوەى سیستمەکە) کار ئەکات، واتە ئەو هونەرەى کە سەر بە دەسەڵاتى کولتورى ئەم هەرێمە نییە و خۆى وەک ( ئۆتۆنۆمیى ) نمایش ئەکات و سەربەخۆیە وە بە بەردەوام دژى ( سیستمە باوەکە ) کار ئەکات ئەبینرێت کارى زۆر باش و هەمەچەشنە نەبینرێت و هیچ جیاوازیەکى نییە لەوەى کە لە جیهاندا ئەگوزەرێت .

ژیان: هونەرى شێوەکاریی مۆدێرن جیاواز لە شێوازە باوەکەى هونەرى شێوەکارى دەگۆڕێت بۆ هونەرێکى دەستەجەمعى واتە کارکردن پێکەوە و بە شێوەى گروپ، ئەم چەشنە لە کارکردن لە دونیاى ئێمەدا بوونى هەیە؟ دەرەنجامە باشەکانى چین؟

زامۆئا داراغا: بە دڵنیایەوە جیاوازە وە بە تایبەتى ئەم ڕەوتەى کە ئیستا کارى پێ ئەکرێت ,

هونەرى هاوچەرخ بە گشتى هەنگاوى زۆر باشى ناوە لە سەر ئاستى هەڕێمەکەمان , ئەم ڕەوتە توانیوێتى ( پەیوەندى یەکى زیندو ) لەگەڵ دەڕەوەى خۆى دروست بکات .

هەر لە سەرەتاى ساڵانى ( 2000 ) رەوە وەک کارى دەستە جەمعى دەرکەوت, پێشتر ناوى گروپى لێنەنرابوو زیاتر وەک هاوڕێیەتى دەر ئەکەوت بەڵام دواتر بوون بە گرووپ و هەندێکیان بە فەرمى وەک گرووپ خۆیان ناساند بۆ نموونە گرووپى ( کۆنسێپت ئاڕت )

وە چەندین گرووپى تر کە لەم دوایەدا دەرکەوتن و نمایشیان بەیەکەوە ئەکرد کە زۆربەى کارەکان لە کارى هونەرى هاوچەرخدا خۆى ئەبینیەوە .

بە باوەڕى من ئەم چۆرە لە کارکردن پاڵنێنەرێکى زۆر باشە بۆ ڕەوتى هونەرى شێوەکارى کە دەرئەنجامەکەى زۆر بە باشى کەوتۆتەوە ئەویش ئەوەیە کە لە ڕێگەى ئەم هونەرەوە توانرا کارى هونەرى لە فەزاى گشتى ( سپیسى گشتى شاردا ) دنمایش بکرێت وە هونەر بە شێوەیەکى بە چاو بێتە ناو خەڵکەوە ( بینەر ) بە شێوەیەکى تر لە کارى هونەرى بڕوانێت وە لە هەتدێ حاڵەتدا بینەر بەشێکە لە کارە هونەریەکە .

وە من زۆر باوەڕم بەوەیە کە هونەر ئەبێت زۆرترین خەڵک کۆکاتەوە لە دەورى خۆى تا بتوانێت کاریگەرى دروست بکات لە سەر تاک و کۆمەڵگە بە گشتى .

 ژیان: تاکو چەند گرنگە هونەرمەند بنەما سەرەکییەکانى ئەو هونەرەى کارى تێدا دەکات بزانێت و پاشان هەنگاو بنێت بۆ شێوازەکانى دیکەى کارکردن، واتە دەکرێت کەسێک وێنەى پۆرترێتێک نەزانێت لەبەرامبەردا چەندین کار بکات بە ناوى کارى نوێوە ئەنجام بدات؟

زامۆئا داراغا: بە باوەڕى من مەڕج نییە ئێمە ئەبێت پۆترێت بزانین یان شێوازى ئەکادیمى بزانین ئەو کات ئەتوانیت کارى نوێ و هونەرى هاوچەرخ ئەنجام بدەین ... ئەمە هەڵەیە وە من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم بۆچوونە یبم بۆ نموونە سەدان هونەرمەندى گەورە هەیە کە ڕیڕەوى هونەرى شێوەکارى گۆریوە بەڵام لە هیچ دەزگایەکە هونەرى فێرى هونەر نەبوون وە بە ژیانیان نەجونەتە بەر خوێندنى هونەرى, ئەبێ ئێمە ئەوەمان لە یاد نەچێت کە هونەر بەهەڕەیە بە دڵنیایەوە لە هەموو مڕۆڤێکدا بوونى هەیە بەڵام هەندى کەس هەر لە زووەوە هەست بە هونەرمەند بوونى خۆیان ئەکەن و ئەو خاڵە وردە ئەدۆزنەوە ئەبن بە هونەرمەند و داێنەر, وە پەروەردەى هونەرى کەس ناکات بە هونەرمەند وە ێێمە سەرنج بدەین تەنها لە هەڕێمى کوردستان ( 17 ) پەیمانگاى هونەرە جوانەکان و ( 3 ) کۆلیژى هونەر بوونى هەیە وە ساڵانە دەسدان خوێندکار بەرهەم ئەهێنێت ئەم دەزگایانە بەڵام چەندى ئەبن بە هونەرمەند و کارى هونەرى بەرهەم ئەهێنن !!

بە دڵنیایەوە هەموو کارێک پێویستى بە وەستاى و گەرانە بۆ ئەوەى هومیشە ( ئەپ دەیت) بی و لەو کارەى کە ئەیکەیت بەردەوام شارەزایت هەبێت، بە هەمان شێوە هونەریش پێویستى بە گەڕان و وەستاى و سەلیقەى هەیە وە لە هەمووشى گرنگ تر (ڕۆشنبیریە ) بۆ ئیدامەدان لە بوارى هونەردا .

ژیان: وەک دەزانین هونەرەکان لە دونیادا تێکەڵاوییەکى بەرچاویان لە نێواندا دروستبووە، بەڕادەیەک کە کارى هونەرى لەم سەردەمەدا ناسنامەیەکى دیاریکراوى نییە و ناتوانین بە ئاسانى شوناسى پێببەخشین، ئەمە تاکو چەند لە بەرژەوەندى بە هونەر گەیاندوە؟  

زامۆئا داراغا: لە سەرەتاکانى ساڵانى نەوەتەکاندا وە بەتایبەتى دواى ڕووخانى  ( سیستمى کۆمینستى ) لە هەموو جیهاندا وە بە تایبەتى دواى هەڵوەشاندنەوەى ڕووسیاى شیوعى گەورە, هەندێ بیرو ڕا هاتنە دەرەوە کە ئتر کۆتایى شتەکانە بە فیکر و فەلەسەفە و هونەر و کولتوریشەوە هەندێ دەستە واژە هاتنە دورەوە وەک:- کۆتاى وێنەکێشان و کۆتاى فەلسەفە و ئەو شتانەى کە پیشتر بوونیان هەبووە ئیتر کۆتایان دێت وە نامێنن, ئەم بۆچوونە زۆرى نەخایاند هەڵوەشایەوە بە پێجەوانەوە کەوتەوە هەر لە سەرەتاى دروست بوونى ( ئینتەرنێت و ئێت وۆرکین ) ەوە ژیان بە ئاراستەیەکى تر گۆردڕا جیهان بوو بە لادێیەکى گەورە زانیارى و ئیتەرنێت گەیشتە هەموو شوێنێک, گوڵۆبالیزم جێى بە ڵۆکاڵ لەق کردو خستیە ناو تۆریى خۆیەوە .

لێرەوە ئەتوانم وەڵامى پرسیارەکەت بدەمەوە کە هونەر و کولتور زۆر پێشکەوت وە زۆرتر هەمەڕەنگ بوو بە شێوەیەک کە هەموو جیاوازیەکان لە خۆ بگرێت, ناتوانم بڵێم شوناسى لە دەست داوە بەڵام بۆ خەڵکى ئاسایى لە دوورەوە وادیار دەرئەکەوێت بەڵام لە نزیکەوە ئەم فرە ڕەهەندیە و ئەم هەمە جەشنیە زۆر سودى گەیاندوە بە هونەر و فەرهەنگى کولتورى مڕۆڤایەتى بە گشتى, ئەوەى کە گرنگە  لەم سەردەمەدا ئەوەیە هونەرمەند بەر ئازادیەکى گەورەتر بۆتەوە لە سایەى ئەم سەردەمەدا کە بە تایبەتى لە دواى ساڵانى ( 2000 )رەوە لە ڕێگەى ئیتەرنێت و تۆرى سۆسیال میدیاوە هەموو کایەکانى هونەر بە شێوەیەکى تەریبى ( پەنڕەڵێ ) بەیەکەوە هونگاو ئەنێن هونەرمەند ئازادە چى ئەکات وە لە کوێ نمایش ئەکات ئیستا هەموو هونەرمەندێک ( کەنالێکى تایبەت بە خۆى هەیە کە کارە هونەریەکانى تیا پەخش ئەکات ) ئەم فەرە شیوازیە وایکردوە کە هونەر زۆرتر ورد بێتەوە بەڵام کاریگەرى زۆرتر بێت وە لە توانایدا بێت بەرگرى لە شوناسى خۆى بکات .

ژیان: دوایین شێوازەکانى کارکردنتان چییە؟ بەرهەمەکانتان لەو شێوازەدا کامانەن؟

زامۆئا داراغا: بە بەردەوامى لە گۆڕاندایە شێوازێک نییە لە سەرى بمێنمەوە و بەردەوام بم، بەڵام من وەک زامۆئا بە دڵنیایەوە خەتێک هەیە کە لە کارەکانمدا دەرئەکەوێت بە بەردەوامى، ڕاستە هەندێ شێوە تائێستا تاقیم نەکردۆتەوە، بەڵام بە دڵنیایەوە لە دواڕۆژدا بە کارى ئەهێنم و نمایشى ئەکەم .

یەکێک لەو شتانەى کە من بە بەردەوامى کارى پێئەکەم ئەو ئازادیەیە کە لەگەل هونەردا مامەڵەى لەگەڵ ئەکەم شتێک نییە لە ناو هونردا پێى بوەترێت سنور .

لە ئیستادا خەریکى قوماش دورینم وەک شێوازى تابڵۆ بەکار ێنانى سیلیکۆن و پلاستیک و کتێب وەک فۆرم و وەک مانا ئەوەى کە گرنگە من لە ئێستادا بە بەردەوامى کارى هونەرى ئەکەم و بەرهەمم هەیە، کە هەست ئەکەم بوونەوەرێکى بەرهەمهێنەرم.

لە خوارەوە چەند کارێکی هونەرمەند زامۆئا داراغا دەبینن:


ڕیکلام