سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات
پێی ڕاگەیاندین،....
لە داهاتوویەکی نزیکدا......
عیشق بە کراسێکی سپیی تەنکەوە دێتە سەرشەقام
--
بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان
لە دواهەمین جەنگی عیشقا..
سەدان تەرمی خەیاڵ و
هەزاران دەنکە مرواریی فرمێسک لە شەڕگەکاندا جێماون
---
بە تووندیی ئیدانەی لەشکرکێشیی...
سوپای بێ مەیلیی یاران دەکەین
بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشەوەی خۆشەویستیی
--
ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان.....
وەفدی دابڕان و ئاشتبوونەوە ، ئیجابیی بوون
--
ئەگەر لە هەڵبژاردندا دەنگمان پێ بدەن
موورووی ڕژاوی ھەموو پێکەنینەکان....
بۆ عاشقان دەکەین بە ملوانکەی یاقووت
--
بەڵێن بە عاشقان دەدەین لە ماوەیەکی کورتدا....
هەموو قەیرانەکانی وەفا چارەسەر دەکەین
--
هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ دروستکردنی ...
کەپرێکی ڕەنگاوڕەنگ لە ئاوریشمی ماچ
--
"مین "ێک لە ژێر ئۆتۆمبێلی دوو عاشقدا تەقییەوە
ئەو ناوە یەکپارچە سوور بوو بە خەون
--
لە دوای ئاگربەستەوە،.....
بازاڕی ئەڤین و تێکئاڵان جووڵەی تێکەوتەوە
--
کە دیلەکانمان گۆڕییەوە ،....
من پۆلێ پەپوولەم گل دایەوە
ئەو، ھەر ھەموو " خۆم"ی دایەوە دەستم
--
بە زۆرینەی دەنگ ، ...
پرۆژەیاسای دڵنەشکاندنی عاشقان پەسەندکرا
--
لە دانووستانێکدا گەشتینە ئەو ئەنجامەی
سەد بە سەد شەیداییمان بەش بکەین !
--
پاشەکشەمان کرد و
ھێندەمان زانی بە دەم وردە ماچەوە...
چووینەتەوە یەکەمین خاڵی پێکگەشتن
--
ئاڵای سپیم ھەڵکرد،...
ئاڵای سپی بەرز کردەوە
من خۆم تەسلیمی میھرەبانییەکەی کرد و
ئەو خۆی دا بە دەست شێتییەکەمەوە
--
لە سنوورەکانی ئێمەوە
ئەوەی بە قاچاغ بپەڕێتەوە...
تەنھا نیگەرانییە و ھیچی تر
--
لە ناوچە ناکۆکیی لەسەرەکاندا
من و ئەو لە سای یەک ساباتدا دەخەوین و
لە پێشبڕکێی عیشقا ناکۆکییمان دەگاتە لوتکە
--
لە خاڵی پشکنیندا،...
دڵێکی گووشراویان لە سنگما دۆزییەوە و
ئەوجا زانییان ، ئەو ڕۆژە تۆ هیچ دەنگێکت نەبووە
----------
پەیامنێرتان لە بەرەکانی پێشەوەی عیشقەوە...
بەرزان هەستیار.. دیسەمبەری ٢٠٢٠