ئەمریکا پشتیوانی لە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات

  2021-01-28  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و پێکەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا كە ڕۆب واڵەر کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکای کرد و پەیوەندیی بەهێزی جۆ بایدن و ستافی ئیدارەكەی لەگەڵ ناوچەكە بیرهێنایەوە، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لەسەردەمی جۆ بایدندا گەشەكردنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت .

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرا، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پشتگیری وڵاتەکەی بۆ دانوستانەکان دووپاتکردەوە .

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چارەنوسسازە و هیوای خواست بە پشتگیری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت .

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم لە بوارە جواروجۆرەکاندا کرا و باڵیۆزی ئەمریکا ستایشی رۆڵی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پێداگرییەکانی لەسەر بەرەوپێشبردنی رەوتی چاكسازی لە هەرێمی کوردستاندا.  لەم بەشەی کۆبوونەوەکەشدا قوباد تاڵەبانی وردەکاری ئەو هەنگاوە چاکسازییانەی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا ڕوونکردەوە کە حکومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا ناویەتی و ئەوانەشی كە لەبەرنامەی كاردان لە قۆناغەکانی داهاتوودا.



ڕیکلام